ئەنجوومەنی دادوەری هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ دووشەممە 16ـی 01ـی 2023 لە ڕۆژی دادوەری کوردستاندا ڕایگەیاند، ئامانجی سهرهكیمان چهسپاندنی یاسا و یاساسهروهرییه.
لە پەیامێکدا ئەنجوومەنی دادوەری کوردستان جەخت دەکاتەوە کە "بەردەوام دەبین لە چەسپاندنی یاسا و بەهێزکردنی یاساسەروەری. ئەمەش هاوکاری و هەماهەنگییەکی تەواوی لەگەڵ دەسەڵاتەکانی دیکە گەرەکە، دوور لە دەستێوەردان و فشاری جۆراوجۆر."
پەیامێک لە ئەنجومەنی دادوەریی هەرێمی کوردستان لە (ڕۆژی دادوەریی کوردستاندا):-
له 16/1/2023 و لە ساڵڕۆژی دادوەریی کوردستاندا رێزو سڵاو بۆ تەواوی دادوەران و فەرمانبەرانی خانەوادەی دادوەریی لە کوردستان دەنێرین.
ساڵی رابردوو ئهنجومهنی دادوهری به كۆی دهنگ رۆژی 16ی كانوونی دووهم وهك رۆژی دادوهریی كوردستان دهستنیشان كرد. ئەم ڕۆژەش وەبیرهێنانەوەی سەرکەوتن لە قۆناغێکی سەختدایە کاتێک دوای راپەڕینی شکۆدار و لە 16/1/1993، لە قۆناغێکی سەختی ئەوسای گەلەکەمان و لەچوارچێوەی پرۆسهی ئەزموونی خۆبەڕێوەبردن و دامەزراندنی دامودەزگای فەرمی دیکە لە کوردستان، دادگای پێداچوونەوەی هەرێم دامەزرا.
ئهو قۆناغەش هەرچەند بێ ئاستەنگ و کەموکۆڕی نەبوو، بەڵام چونکە ئیرادەیەکی بەهێز هەبوو بۆیە هەنگاو بە هەنگاو قۆناغه سەختهكان تێپەڕێنران. دەسەڵاتی دادوەری دوای دەرچوونی یاسای ژمارە 23ی ساڵی 2007 وەک دەسەڵاتێکی سەربەخۆ، لەتەک دەسەڵاتەکانی یاسادانان و جێبەجێکردن، لەسەر بنەمای جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان و سەربەخۆبوونیان کار دەکات. لەم ڕووەوەش هەنگاوی باش نراون. هەوڵی جیدی دراوە کە دادوەر بە شێوازی ئەکادیمی و لەسەر بنەمای تواناو پیشەیی بوون دابمەزرێت. دامەزراندنی پەیمانگەی دادوەری بۆ بەدیهێنانی ئەم ئامانجە بوو، بەشێوەیەک دەرچوونی چوار خولی دادوەر و ئەندامانی داواکاری گشتی وەڵامدەرەوەی پێویستی دادگاکان و بەرفراوانبوونیان بوو بەپێی قۆناغەکانی گەشەسەندن لە هەرێمی کوردستان.
دامەزراندنی دادگاکانی دەستپاکی و بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی ئافرەتان و دادگای بازرگانی هەنگاوی گرنگ و پێویست بوون بۆ ئەو قۆناغانە. زیادبوونی ژمارەی دادوەران و ئەندامانی داواکاری گشتی ئافرەت، هەنگاوی دڵخۆشکەرن لە بەشداری کردنیان لە کایەی دادوەری و بەدیهێنانی یەکسانی ماف لەنێوان پیاوو ئافرەت.
هەموو ئەم هەنگاوانەش لەپێناو ئامانجێکی باڵاو پیرۆزە کە ئەویش پاراستنی سهربهخۆیی دادوهریی و چەسپاندنی دادپەروەری و یاساسەروەرییە لە هەرێمی کوردستان، کە کۆڵەکەی سەرەکی پێشکەوتنی هەر کۆمەڵگەیەکن. هەرچەند ئاستەنگ و کەموکۆڕیش هەبن، بەڵام بەردەوام دەبین لە چەسپاندنی یاسا و بەهێزکردنی یاساسەروەری. ئەمەش هاوکاری و هەماهەنگیەکی تەواوی لەگەڵ دەسەڵاتەکانی دیکە گەرەکە، دوور لە دەستێوەردان و فشاری جۆراوجۆر.
دووبارە ئەم رۆژە لەهەموو دادوەران و فەرمانبەرانی دەسەڵاتی دادوەری پیرۆز دەکەین. سڵاوو درودیش بۆ گیانی ئەو دادوەرو فەرمانبەرانە دەنێرین کە لە ژیاندا نەماون و رۆڵیان هەبوو لە خستنەسەرپێی دەسەڵاتی دادوەری لە قۆناغە جیاجیاکانی تەمەنی ئەو دەسەڵاتە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.