Erbil 38°C شەممە 11 کانوونی دووەم 12:45

له‌ یادی دامه‌زراندنی كوردستان تیڤیدا.. هونه‌رمه‌ندان و نووسه‌ران و میدیاكاران و مامۆستایان ڕاو سه‌رنجه‌كانیان ده‌خه‌نه‌ ڕوو

کوردستان TV
100%


ته‌له‌فزیۆن ئه‌و میوانه‌یه‌ كه‌ به‌بێ له‌ ده‌رگادان ده‌چێته‌ ماڵی هه‌موو هاووڵاتییه‌ك ، بۆیه‌ له‌هه‌موو روێكه‌وه‌  گرنگی خۆی هه‌یه‌، به‌جۆرێك كاریگه‌ری ئه‌رێنی و نه‌رێنی زۆری ده‌بێت له‌نێو كۆمه‌ڵگا به‌گشتی به‌ تایبه‌تیش له‌ نێو خێزان.
 له‌به‌ر ئه‌وه‌ زۆر گرنگه‌ بتواندرێت به‌رنامه‌یه‌ك له‌ كه‌ناڵێكی ته‌له‌فزیۆنی پێشكه‌ش بكه‌یت ، كه‌ سه‌رجه‌م ئه‌ندامانی خێزان له‌ ماڵه‌وه‌ سه‌یری به‌رنامه‌كه‌ بكه‌ن،به‌جۆرێك به‌رنامه‌كه‌ تایبه‌ت نه‌بێت به‌ چینیك یان ته‌مه‌نێكی دیاركراو، واته‌ به‌رنامه‌كه‌ گشتگیری بێت و به‌ شێوازێك بێت كه‌ هه‌موو ئه‌ندامانی ماڵه‌وه‌ سه‌یری بكه‌ن پێویسته‌ له‌هه‌موو به‌رنامه‌و بڕگه‌كانی ته‌له‌فزیۆنه‌كه‌، ره‌چاوی زمان و لایه‌نی داب و نه‌ریته‌كانی نێو كۆمه‌ڵگا بگرێت له‌هه‌مان كاتیشدا لا‌یه‌نی ئایینی و نه‌ته‌وایه‌تی به‌هه‌ند وه‌ربگیرێت،.. ته‌له‌فزیۆنیش به‌و پێیه‌ی كه‌ میوانی ‌هه‌موو ماڵێكه‌ فاكته‌رێكی زۆر گرنگه‌ ‌ بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ربه‌رنامه‌یه‌ك به‌ئاسانی په‌یامه‌كه‌ی خۆی بگه‌ێنێته‌ بینه‌ران.  
له‌دوای راپه‌رینی ساڵی 1991 گه‌لی كوردستان، (ته‌له‌فزیۆنی كوردستان) یه‌كه‌مین كه‌ناڵی ئاسمانی كوردستان بوو  كه‌له‌ ناوخاكی ئازادكراوی كوردستان په‌خش بكرێت ، ئه‌م كه‌ناڵه‌ یه‌كه‌م په‌خشی خۆی له‌ 17-1-1999 به‌دروشمی (متمانه‌ ،به‌رده‌وامی ،راستگۆیی نیشتمانیی ) ده‌ستی پێكرد ، هه‌ر بۆیه‌ به‌ ته‌له‌فزیۆنی دایك ناوزه‌ند كراوه‌.
بۆ یادی 24 مین ساڵه‌ی دامه‌زراندنی كوردستان تیڤی پێمان باش بوو راوسه‌رنجی به‌شێك له‌  هونه‌رمه‌ندان و نووسه‌ران و میدیاكاران و مامۆستایان بخینه‌ ڕوو : 
هونه‌رمه‌ند فه‌رهه‌نگ غه‌فوور:كوردستان تیڤی به‌ راستگۆیی خۆی بووه‌ته‌ جێی متمانه‌ی خه‌ڵك
سه‌ره‌تا هونه‌رمه‌ند (فه‌رهه‌نگ غه‌فوور) به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی ڕۆشنبیری و هونه‌ری هه‌ولێر  بۆ ئه‌و یاده‌ ده‌ڵێت" له‌و رۆژه‌ی كه‌ كوردستان تیڤی په‌خشه‌كانی ده‌ست پێكردووه‌، بناغه‌ی له‌سه‌ر راستگۆیی دانا، بۆیه‌ هه‌رزوو بوو به‌ جێی متمانه‌ی ته‌واوی خه‌ڵك، به‌ ره‌نگ و ده‌نگه‌ جیاوازه‌كانه‌وه‌. ئه‌وه‌ جگه‌ له‌وه‌ی به‌ به‌رنامه‌ جۆراوجۆره‌كانیشیه‌وه‌ خزمه‌تی به‌ كولتوور و كه‌له‌پووری كورده‌واری و ئاشتی و پێكه‌وه‌ژیانی پێكهاته‌كان كردووه‌. له‌ بواری هونه‌ریشدا خزمه‌تێكی به‌رچاوی كردووه‌، چه‌ندین درامای به‌رهه‌م هێناون و به‌رهه‌می هونه‌رمه‌ندانیشی په‌خش كردووه‌.
كوردستان تیڤی ئامرازێك بووه‌ بۆ وشیاركردنه‌وه‌ی خه‌ڵك و لێكنزیكردنه‌وه‌یان، ئامرازێك بووه‌ بۆ ئاشتیی كۆمه‌ڵایه‌تی و برایه‌تیی نێوان پێكهاته‌كانی كوردستان. ئامرازێك بووه‌ له‌ سه‌نگه‌ره‌كانی به‌رگریی له‌ كوردستان، هاوشان له‌گه‌ڵ پێشمه‌رگه‌ قاره‌مانه‌كان له‌ دژی تیرۆریستان و داگیركاران.
له‌م یاده‌دا، كه‌‌ یادی 24مین ساڵه‌ی (كوردستان تیڤی)ه‌، سڵاو و رێز و خۆشه‌ویستیم ده‌نێرم بۆ ته‌واوی ئه‌ندامانی ماڵه‌ گه‌وره‌كه‌ی كوردستان تیڤی و هیوای به‌رده‌وامی و به‌ره‌وپێشوونی زیاتریان بۆ ده‌خوازم".
هه‌روه‌ها نووسه‌ر و ره‌خنه‌گری شانۆ  (حه‌یده‌ر عه‌بدولڕه‌حمان) ده‌ڵێت "كوردستان تیڤی به‌ درێژایی ته‌مه‌نی دروست بوونیه‌وه‌ به‌ قه‌د ئه‌و ساڵه‌ی دوایی گۆڕانكاریی به‌خۆیه‌وه‌ نه‌دیوه‌ چ له‌فۆرم و شێوه‌دا چ له‌ ڕووی ته‌كنیك و ناوه‌رۆك.
ئێستا كوردستان تیڤی به‌ ئاراسته‌ی خواستی جه‌ماوه‌رو خواسته‌كانی هه‌نگاو ده‌نێ و له‌ قالبه‌ ته‌قلیدی و كلاسیكیه‌كانی خۆی ده‌رده‌چێت، ئه‌گه‌رچی ئه‌و هه‌نگاوانه‌، هێشتا هه‌نگاوی  سه‌ره‌تان، به‌ڵام مادام له‌ هه‌وڵی ئه‌وه‌ دایه‌ سیسته‌مێك داڕێژێ بۆ مه‌ودای ئاینده‌، ئه‌وه‌ به‌ دڵنیاییه‌وه‌،  ئومێدی ئه‌وه‌ی لێ ده‌كرێت نه‌ك له‌سه‌ر پێی خۆی بوه‌ستێت، به‌ڵكو ڕكابه‌ری و پێشبڕكێ له‌گه‌ڵ دیارترین كه‌ناڵه‌كانی كوردستاندا بكات.
ئێستا كوردستان تیڤی ئه‌و بۆشاییه‌ی جارانی به‌ عه‌قلیه‌تێكی ئیعلامی و كارگێڕی پرۆفیشناڵانه‌ی ئه‌وتۆ پڕ كردۆته‌وه‌ كه‌ هاوسه‌نگیه‌ك له‌ نێوان ئه‌ركه‌ حزبی و ئه‌ركه‌ جه‌ماوه‌رییه‌كانی ڕابگرێ، به‌و فۆرم و زمانه‌ هاوچاخه‌ مه‌ده‌نیه‌ی خواستی سه‌رده‌م و گۆڕانكارییه‌كانیتی". 

هونه‌رمه‌ند (هیوا سوعاد) به‌پرسی سه‌ندیكای هونه‌رمه‌ندانی كوردستان لقی هه‌ولێربۆ ئه‌و یاده‌ ده‌ڵێت"
له‌ ساڵیادی 24 مین ساڵیادی دامه‌زراندنی  كوردستان تیڤی دا پیرۆزباییه‌گی گه‌رم  له‌ستاڤی كوردستان تیڤی ده‌كه‌م ،كه‌ به‌ كه‌ناڵی دایك داده‌نرێت،هیودارم كوردستان تیڤی هه‌میشه‌ دراوشاوه‌ بێت،هه‌میشه‌ به‌رده‌وام بێت له‌ په‌یامی راستگۆیی ،دڵنیاشم كه‌ناڵی كوردستان تیڤی كه‌ناڵێكه‌ له‌سه‌ر ڕاستگۆیی دروست بووه‌،له‌سه‌ر هزری نه‌ته‌وایه‌تی  و نیشتیمان په‌روه‌ری دروست بووه‌،هه‌میشه‌ وانه‌ی كوردایه‌تی له‌و كه‌ناڵه‌ ده‌وترێته‌وه‌،به‌رنامه‌كانی په‌یوه‌ستن به‌ داب ونه‌ریتی كورده‌واری هیودارم ئه‌و كه‌ناڵه‌ له‌پێشكه‌وتن دابێت  زیاتر بایه‌خ به‌هونه‌ری كوردی بدات بتوانێت هونه‌رمه‌ندان له‌ ده‌وروبه‌ری خۆی كۆبكاته‌وه‌،ئێمه‌ی هونه‌رمه‌ندان دڵخۆشین به‌ بوونی كه‌ناڵێكی سه‌نگین وه‌ك كه‌ناڵی كوردستان تیڤی چونكه‌ بینه‌ر هه‌رده‌م به‌دوای راستگۆیی و راستییه‌كان ده‌گه‌رێت ئه‌مه‌ش پیاهه‌ڵدان ئه‌مه‌ حه‌قیقه‌تێكه‌ هه‌موومان دركی پێده‌كه‌ین،خۆشمان به‌ رۆڵه‌ی ئه‌و كه‌ناڵه‌ ده‌زانین بۆیه‌ هیودارین كوردستان تیڤی زیاتر بایه‌خی پێبدرێت ، زیاتر پاڵپشتی بكرێت چونكه‌  ده‌زانیین كادری زۆر دڵسۆزی وبه‌توانا له‌و كه‌ناڵه‌ كارده‌كه‌ن ،كه‌ خه‌می ئه‌وه‌یان هونه‌ری كوردی وپه‌یامی كورده‌واری و داب و نه‌ریتی كوردی به‌ دنیا بناسێنن له‌ كۆتاییدا هیودارم ئه‌و كه‌ناڵه‌ له‌ گه‌شه‌سه‌ندن و پێشڤه‌چوون دابێت".له‌وه‌ دڵنیاین له‌ ماوه‌یه‌كی كورت دا، كوردستان تیڤی هه‌نگاوی گه‌وره‌تر ده‌هاوێژێ و ده‌بێته‌ سه‌رچاوه‌ی ئاواته‌كانمان".

    هونه‌رمه‌ند (د. كه‌یفی ئه‌حمه‌د) مامۆستا له‌ زانكۆی  كۆیه‌ ده‌ڵێت"  له‌ یادی 24 مین ساڵی دامه‌زراندنی كوردستان تیڤی داسه‌ره‌تا  گه‌رمترین پیرۆزبایی له‌ یه‌كه‌یه‌كه‌ی كارمه‌ندانی ئه‌م ته‌له‌فزیۆنه‌ ئازیزه‌ ده‌كه‌م، هیوادارم ئه‌م ئه‌زموونه‌ دوور و درێژه‌تان ببێته‌ بناغه‌یه‌كی پته‌و بۆ خزمه‌تكردنی بواری راگه‌یاندنی ئه‌كادیمیی و پیشه‌یی، بۆ خزمه‌تكردنی دۆزی ره‌وای گه‌له‌كه‌مان و گواسته‌وه‌ و گه‌یاندنی ده‌نگی نه‌ته‌وه‌كه‌مان بۆ گشت گه‌ل و ناوه‌نده‌ تایبه‌تمه‌نده‌كانی جیهان... دیاره‌ ته‌له‌فزیۆنی كوردستان، یه‌كێكه‌ له‌و ده‌نگ و ڕه‌نگانه‌ی، كه‌ ده‌ستپێشخه‌ربووه‌ له‌ بواری راگه‌یاندن و یه‌كێكه‌ له‌ ته‌له‌فزیۆنه‌ سه‌ره‌تاییه‌كان، كه‌ نه‌ته‌وه‌كه‌مانی به‌ گشت بواره‌كانی زانست و ئه‌ده‌ب و هونه‌ر و...هتد ئاشنا كردووه‌، هه‌ر له‌ سه‌ره‌تای دامه‌زراندنییه‌وه‌ ته‌له‌فزیۆنی كوردستان گرنگییه‌كی زۆری به‌ بواری هونه‌ر داوه‌ و ڕۆڵی به‌رچاوی له‌ خزمه‌تكردنی بواری هونه‌ردا هه‌بووه‌، له‌میانه‌ی به‌رنامه‌ی هونه‌ریی و ته‌رفیهی و دیكۆمێنتاری و فیلم و كورته ‌فیلم و دراما و زنجیره‌ی ته‌له‌فزیۆنی، كه‌ كاری له‌سه‌ر كلتور و فۆلكلۆر و مێژوو و ره‌سه‌نایه‌تی نه‌ته‌وه‌كه‌مان كردووه‌، هیوادارم له‌ داهاتووشدا زیاتر گرنگی به‌ ئه‌ده‌ب و هونه‌ر و دابونه‌ریت و ڕه‌سه‌نایه‌تی و  رۆشنبری و وشیاركردنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌كه‌مان بده‌ن و خزمه‌تی زیاتری گشت چین و توێژه‌كانی كۆمه‌ڵ بكه‌ن... هه‌ر سه‌ركه‌وتوو و سه‌رفرازبن ".
نووسه‌ر (ئاكۆ عه‌بدوڵڵا) له‌م یاده‌دا  ده‌ڵێت " به‌و بۆنه‌یه‌وه‌ پیرۆزبایی له‌گشت كارمه‌ند و بینه‌رانی ده‌كه‌م. لای هه‌مووان روونه‌ راگه‌یاندن كۆمه‌ڵێك په‌یامی هه‌یه‌، یه‌كێك له‌وانه‌ رۆشنكردنی بیر و هزری مرۆڤه‌. ده‌كرێت بڵێین هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه‌ ئه‌و په‌یامه‌ له‌كه‌ناڵی كوردستان تی ڤی به‌دیكرا. به‌ر له‌وه‌ی ببێته‌ كه‌ناڵی ئاسمانی و دواتریش به‌رده‌وام به‌بابه‌ت و پرۆگرامی جۆراوجۆر له‌كایه‌كانی كه‌لتووری، هه‌وڵی هۆشیاری و رۆشنبیری كۆمه‌ڵی داوه‌. له‌وه‌شدا كاریگه‌ری به‌سه‌ر بینه‌راندا هه‌بووه‌ (به‌پێچه‌وانه‌ی هه‌ندێك كه‌ناڵ كه‌ له‌خشته‌بردن و به‌لاڕێدابردن مه‌به‌ستی سه‌ره‌كییانه‌). ئه‌و تایبه‌تمه‌ندییه‌ی كوردستان تی ڤی لای من زۆر گرنگه‌، چونكه‌ ناكرێت بینه‌ر ته‌نیا به‌ڕاگه‌یاندنی هه‌واڵ و شرۆڤه‌كردنی رووداوه‌كان سه‌رقاڵ بكرێت، كایه‌كانی دیكه‌ی ژیان بینین و كێشكردن به‌ره‌و بابه‌تی دیكه‌یان پێده‌وێت. هیوای ته‌مه‌ن درێژی و پێشكه‌وتنی زیاترتان بۆ ده‌خوازم".
مامۆستا خاتوو (په‌یام عوسمان ته‌ها) به‌رێوه‌به‌ری باخچه‌ی منداڵان  له‌ هه‌ولێر ده‌ڵێت" پیرۆزبێت یادی دامه‌زراوه‌ی كوردستان تیڤی به‌بۆنه‌ی تێپه‌ڕ بوونی 24 ساڵه‌ی دامه‌زراندنی ده‌زگای كه‌ناڵی ئاسمانی (كوردستان تیڤی) په‌یامی پیرۆزبایی خۆم ئاڕاسته‌ی  ته‌واوی كارمه‌ندانی ماندونه‌ناسی ئه‌و كه‌ناڵه‌ خێزانیه‌ جوانه‌ ده‌كه‌م , هه‌ڵبه‌ت كوردستان تیڤی له‌ماوه‌ی بیست و چوار ساڵی خزمه‌تی توانی ئه‌و سه‌كۆیه‌ بڕه‌خسێنێ بۆ كۆكردنه‌وه‌ی خێزان و تێگه‌یشتنێكی ورد له‌ته‌واوی به‌رهه‌مه‌كان و به‌رنامه‌كانیدا, ڕۆشه‌نبیرانه‌ هه‌موو ماڵێك به‌شانازییه‌زییه‌وه‌ بكاته‌ بینه‌ری خۆی, بۆیه‌ په‌یامی من بۆ ئه‌و یاده‌ پیرۆزه‌ ته‌نها ئاواتم ئه‌وه‌یه‌ زیاتر بره‌و به‌ ته‌واوی به‌رنامه‌كانیان بده‌ن و بتوانن زیاتر له‌خه‌می هه‌موو سێكته‌ره‌كاندابن  به‌تایبه‌تی په‌روه‌رده‌و فیركردن چونكه‌ بناغه‌ی هه‌موو پێگه‌یاندێكه‌, دووباره‌ پیرۆزبایی له‌ساڵوه‌گه‌ڕی ئه‌و كه‌ناڵه‌ جوانه‌ ده‌كه‌م هیواخوازم وه‌ك هه‌میشه‌ پیشه‌نگ بن و به‌ره‌و پێشتر بچن پیرۆزه‌ ".
  رۆژنامه‌نووس شیڤان شێرزاد: كوردستان تیڤی متمانه‌یه‌كی گه‌وره‌ی له‌ دڵی بینه‌ردا خوڵقاندووه‌
رۆژنامه‌ نووس شیڤان شێرزاد ده‌ڵێت :به‌بۆنه‌ی 24ـه‌مین ساڵیادی كـه‌ناڵه‌ خنجیلانه‌كه‌ی كوردستان تیڤی، جوانترین و گه‌رمترین پیرۆزبایی له‌ هاوكار و بینه‌ر و هاوپیشه‌ ماندوونه‌ناسه‌كانم ده‌كه‌م، كه‌ هه‌میشه‌ سه‌ر مه‌شقی به‌خشش و داهێنانن له‌ بواری ڕاگه‌یاندن دا، ئه‌و كه‌ناڵه‌ مێژووێكی سه‌نگین و پڕ له‌ ئه‌ته‌كێتی له‌ بواری میدیایی دا دروست كردووه‌ و هه‌میشه‌ به‌ بوێری و متمانه‌كه‌یه‌وه‌ له‌ كه‌ناڵه‌كانی دیكه‌وه‌ جیاده‌كرێته‌وه‌، هاوكات ڕۆڵێكی گرنگی هه‌بووه‌ له‌ پاراستنی كولتوور و فه‌رهه‌نگی كوردی و بنیادنانی كۆمه‌ڵگایه‌كی ته‌ندروست.
له‌ ماوه‌ی 24 ساڵی ته‌مه‌نی دا، وێڵ بووه‌ به‌ دوای خزمه‌ت و گواستنه‌وه‌ی خه‌می خه‌ڵك و په‌نجه‌دانان له‌سه‌ر ئازاره‌كان، بۆیه‌ وه‌ك ڕۆژنامه‌نووسێك ده‌ستی ماندووبوونی هاوپیشه‌كانم ده‌گوشم، كه‌ شه‌ونخونیان كردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ناڵی (دایك) تا ئه‌مڕۆش به‌ به‌ هه‌مانگ ڕه‌نگ و ڕیتمی جوانی خۆی بمێنێته‌وه‌".     
هونه‌رمه‌ند (باپیر رواندزی) ،به‌ڕێوه‌به‌ری به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ڕۆشنبیری و هونه‌ری سۆران له‌ یادی كوردستان تیڤی دا ده‌ڵێت" 
له‌ یادی 24 مین ساڵیادی كوردستان تیڤی جوانترین پیرۆزبایی ئاڕاسته‌ی به‌ڕێوه‌به‌ر و بۆرد و میدیاكاران و كارمه‌ندانی ده‌زگای میدیایی كوردستان تیڤی ،ده‌كه‌م، هیوای پێشه‌نگی و سه‌ركه‌وتنی زیاترتان بۆ ده‌خوازم، پێشنیاریش ئه‌كه‌م زیاتر گرنگی بده‌ن به‌ به‌رنامه‌  كه‌لتورو ره‌سه‌نایه‌تی كورده‌واری به‌ ته‌تایبه‌تی بواری هونه‌ری به‌ هه‌موو  به‌شه‌كانیه‌وه‌، هه‌رچه‌نده‌ له‌و ماوه‌ی دوایی گۆرانكاری باش له‌ ناوه‌ڕۆكی به‌رنامه‌كان كراوه‌ ، به‌ڵام پێم باشه‌و زیاتر به‌رنامه‌كان له‌ شاری شارۆچكه‌كانیش به‌سه‌ر بكه‌نه‌وه‌".
هونه‌رمه‌ندی دیاری كوردستان (ئه‌رسه‌لان ده‌روێش) بۆ ئه‌و یاده‌ ده‌ڵێت" كوردستان تیڤی.. مه‌شخه‌ڵه‌ داگیرساوه‌كه‌ ..له‌   ساڵیادی 24  مینی دامه‌زراندنی (سه‌ته‌لایتی كوردستان )دا وه‌ك ده‌ستكه‌وتێكی نه‌ته‌وه‌یی و فه‌رهه‌نگی گرینگ بۆ گه‌له‌كه‌مان, جوانترین پیرۆزبایی  ئاراسته‌ی به‌رێوه‌به‌ران و كارمه‌ندانی دڵسۆزی ئه‌م كه‌ناڵه‌ نیشتیمانییه‌ پرۆفیشناڵه‌ ده‌كه‌م و هیوای پێشكه‌وتن و گۆڕانكاریی ئه‌رینیانه‌ی زیاتری بۆ ده‌خوازم, سڵاو له‌ گیانی ئه‌و هه‌ڤاڵه‌( شه‌هید) و كۆچكردووانه‌ی  كه‌ ساڵانێك كارمه‌ندی سه‌ته‌لایه‌تی كوردستان  بوون , ره‌وانیان شاد بێت . سڵاو له‌ شونخوونی و ئاره‌قه‌ی ماندووبوونی كارمه‌نده‌ پێشمه‌رگه‌ ئاساكانی (كوردستان تیڤی) كه‌ توانیان له‌ماوه‌ی ئه‌م ساڵانه‌دا به‌رده‌وامی به‌ په‌یامه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌ مرۆڤدۆستانه‌  و كلتوورییه‌كه‌ی بده‌ن.  بۆمن جێی شانازییه‌ كه‌ یه‌كێكم له‌ ستافی دامه‌زرێنه‌ره‌كانی و ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی ئه‌م ده‌زگا میدیاییه‌ خۆشه‌ویسته‌ بووم. به‌ڵیِ وێڕای دامه‌زراندن و به‌رێوه‌بردنی (سێ) به‌شی سه‌ره‌كی ئه‌م كه‌ناڵه‌ (ده‌سته‌ی راوێژكاریی و به‌شی مندالان و به‌شی به‌رنامه‌ی هونه‌ریی و فه‌رهه‌نگییه‌كان ) به‌ده‌یان  پرۆگرامی جۆراوجۆرم له‌م شاشه‌ رووناكه‌وه‌ پێشكه‌ش به‌ بینه‌ران كردووه‌ ره‌نگه‌ ناسراوترینیان به‌رنامه‌ی (به‌ڵێ راسته‌ !)بێت .. له‌ راستیدا (كوردستان تیڤی)  له‌سه‌روه‌ختی  دامه‌زراندنیدا له‌ 17 | 1|1999 زیاتر به‌ شۆرشێكی میدیایی و جڤاكی و رامیاریی  نه‌خشی خۆی له‌ مێژووی كوردستانی باشوور دانا و ئێمه‌ش هه‌موو له‌ خزمه‌تی ئه‌و په‌یامه‌دا بووین كه‌ هیوادارم  به‌رده‌وام له‌ هه‌ڵكشاندابێت".
نووسه‌ر و رۆژنامه‌نووس (به‌رهه‌م شێخ عزه‌دین ) بۆ كوردستان تیڤی ده‌ڵێت" كوردستان  تیڤی هه‌ڵگری په‌یامی نه‌ته‌وه‌یه‌كه‌ ،وه‌گرنگه‌ له‌م ساڵه‌ به‌دواوه‌، كه‌ناڵی دایك زیاتر  بایه‌خ به‌مێژووی نه‌ته‌وه‌ی  بدات له‌هه‌رچوار پارچه‌ی كوردستان له‌شێوه‌ی فلم و به‌رنامه‌ی دیكۆمێنتاری.
كوردستان تیڤی كه‌ناڵی دایكه‌،ئه‌وكه‌ناڵه‌یه‌ كه‌بووه‌ده‌نگ و ڕه‌نگی كوردستان،كه‌ده‌ڵێین ته‌نها كورد نا به‌ڵكو سه‌رجه‌م پێكهاته‌و ئاین و نه‌ته‌وه‌كان،كوردستان  تیڤی هه‌ڵگری په‌یامی نه‌ته‌وه‌یه‌كه‌،له‌24ساڵه‌ی دامه‌زراندنی داواكارم چۆن له‌ ڕبردوو له‌خه‌می كلتور و ناسمای نه‌ته‌وه‌كه‌ی بووه‌ زیاتر په‌ره‌ی پێبدات و پارێزگاری لێ‌ بكات،وه‌دواكارم كوردستان تیڤی كاته‌كانی دابه‌شی سه‌رجه‌م بواره‌كان بكات،بواری هونه‌ری و به‌رنامه‌ی ته‌فهیری زیاتر بایه‌خی پێبدرێت.وه‌گرنگه‌ له‌م ساڵه‌ به‌دواوه‌،كه‌ناڵی دایك بایه‌خ به‌مێژووی نه‌ته‌وه‌ی  بدات له‌هه‌رچوار پارچه‌ی كوردستان له‌شێوه‌ی فلم و به‌رنامه‌ی دیكۆمێنتاری".
 هونه‌رمه‌ند (زیره‌ك كه‌مال ) به‌رێوه‌به‌ری په‌یمانگه‌ی هونه‌ره‌ جوانه‌كانی هه‌ولێر به‌م وتانه‌ی یادی كوردستان تیڤی پیرۆز ده‌كات"پیرۆزبایی خۆمان ئاراسته‌ی دامه‌زرێنه‌رانی ئه‌م كه‌ناڵه‌ ئازیزه‌ و كارمه‌نده‌كانی ده‌كه‌م ئێمه‌ له‌گه‌ڵ كه‌ناڵێكین كه‌ خۆری  سیاسی ئاوا بكات و خۆری هونه‌ر ده‌ستپێبكات
 پیرۆزبێت ئه‌م یاده‌".
 هونه‌رمه‌ندی دووره‌ وڵات (كاروان حه‌مید حه‌لاق ) ئه‌ویش له‌ یادی كوردستان تیڤیدا ده‌ڵێت" له‌ یادی 24 مین ساڵیادی كوردستان تیڤی جوانترین پیرۆزبایی ئاڕاسته‌ی به‌ڕێوه‌به‌ر و بۆرد و میدیاكاران و كارمه‌ندانی ده‌زگای میدیایی كوردستان تیڤی ده‌كه‌م، هیوای پێشه‌نگی و سه‌ركه‌وتنی زیاترتان بۆ ده‌خوازم،
كه‌ناڵی ئاسمانی كوردستان تیڤی ،ده‌نگ و ڕه‌نگی كوردان ئه‌و كه‌ناڵه‌ی كه‌ له‌ ئاستێكی زۆر به‌رزی كورده‌واریدا هاوسه‌نگی كلتوری به‌ ژیانی پێشكه‌وتوی جیهانیه‌وه‌ گرێداوه‌، ناوازه‌یی. 
كوردستان تیڤی له‌ ماوه‌ی كاركردنی ( 24) ساڵه‌ی ڕابردووتان له‌خزمه‌ت كلتوری كوردی و ده‌رخستن و گه‌یاندنی به‌ها جوانه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان و به‌رده‌وامبون له‌سه‌ر ئیتیكی ڕۆژنامه‌وانی و خزمه‌تكردن به‌سه‌رجه‌م چین و توێژه‌ جیاجیاكان وایكردووه‌ هه‌موو خێزانه‌كان له‌ده‌وری شاشه‌ ڕه‌نگینه‌كه‌تان كۆبكه‌نه‌وه‌، ئه‌مه‌ش ده‌ری ده‌خات كه‌ كوردستان تیڤی خاوه‌ن مۆرك و سیمای ناوازه‌ی تایبه‌ت به‌ خۆیه‌تی، بۆیه‌ كوردستان تیڤی ده‌نگ و ڕه‌نگی كوردانه‌، ده‌نگی هه‌مووانه‌ ،دووباره‌ پیرۆزبێت ساڵیادی دامه‌زراندنی ئه‌م كه‌ناڵه‌ كوردییه‌ ڕه‌سه‌نه‌‌ له‌ به‌ڕێوه‌به‌ران و میدیاكاران و سه‌رجه‌م كارمه‌ندانی ده‌كه‌م".. 
هونه‌رمه‌ند خاتوو (مازیچن خۆشناو) له‌ یاد كوردستان تیڤی ده‌ڵێت " پربه‌دڵ پیرۆزبایی خۆم ئاراسته‌ی كه‌ناڵی كوردستان تیڤی وكامه‌ندان هه‌مووستافه‌كه‌ی ده‌كه‌م به‌بۆنه‌ی24 ساڵ به‌سه‌ر تێپه‌ربوونی  ئه‌م كه‌ناڵێكه‌ پرله‌ئه‌زموون و چالاكی وبه‌سه‌ركردنه‌وه‌ی هه‌ونه‌رمه‌ندان و كه‌سایه‌تیه‌كان هیوادارم  كاری باشترو باشتر بكات، من خۆم بینه‌رێكی باشی ئه‌و كه‌ناڵه‌م ئه‌وه‌ی زۆر دڵ خۆشم ده‌كات له‌و كه‌ناڵه‌ نمایش نه‌كردنی ئه‌ڵقه‌ دۆبلاژه‌كانه‌ ، كه‌ پێم وایه‌ كارێكی زۆر باش ده‌كه‌ن، هیوردارم زیاتریش گرنگی به‌ دراما كوردییه‌كان بده‌ن دووباره‌ پیرۆزتان بێت ئه‌و یاده‌".
هونه‌رمه‌ندی شێوه‌كار (جه‌بار سابر قادر) یش له‌م یاده‌دا ده‌ڵێت" پیرۆز بایی ئه‌و یاده‌تان لێ ده‌كه‌م ، هیوادارم له‌ یادی 24 مین ساڵیادی كه‌ناڵی كوردستان تیڤی جه‌خت له‌سه‌ر به‌ره‌و پێشچوونی میدیای كوردی بكه‌نه‌وه‌ و به‌رنامه‌كانی له‌خزمه‌ت سه‌رجه‌م چین و توێژه‌كانی كۆمه‌ڵگای كوردی بێت به‌ هه‌موو بیرو ئایدیایه‌ك و ئاراسته‌كردنی به‌رنامه‌كان بۆ بنیاتنانی كۆمه‌ڵگایه‌ی ته‌ندروست و رۆشنبیر ، دووباره‌ پیرۆزبایتان لی ده‌كه‌م ، هه‌رسه‌ركه‌وتووبن".
 هونه‌رمه‌ند (نه‌وزاد حاجی شوشه‌) به‌ چه‌ند پیڤێك ئه‌و یاده‌ ده‌كاته‌وه‌و ده‌ڵێت"له‌گه‌ڵ نزیك بونه‌وه‌ی سه‌ده‌ی نوێ پێشكه‌وتنی ته‌كنه‌لۆژیا به‌رووی جیهاندا ، هه‌رێمی كوردستانیش به‌شێكی دانه‌بڕاوی ئه‌م پێشكه‌وتنی عه‌وله‌مه‌دابوو له‌گه‌ڵ دامه‌زراندنی سه‌ته‌لایتی كوردستان ده‌نگ و ڕه‌نگی هه‌موو گه‌لی كوردستانی  به‌رووی جیهان جاردا كه‌ناڵێك له‌دایك بوو له‌ناوه‌ی هه‌رێمی كوردستان ، كه‌ ئه‌مش ده‌ستپێكێكی مه‌زن بوو له‌ ڕاگه‌یاندنی كوردی له‌دوای ڕاپه‌رینه‌ مه‌زنه‌كه‌ی به‌هاری ساڵی 1991 ده‌نگ و ڕه‌نگی هه‌موو خه‌ڵكی كوردستان بوو، وێستگه‌یه‌ك بۆ كۆكردنه‌وه‌ی هه‌موو هونه‌رمه‌ندان له‌ناوه‌و له‌ده‌ره‌وه‌ 
سه‌ته‌لایه‌تی كورستان ده‌ستپێكی له‌دایك بوونی ڕاگه‌یاندنی كوردی ،توانی له‌ماوه‌یه‌كی كورت ببێته‌ كه‌ناڵێك پڕ له‌خزمه‌ت، له‌ بواری درامای ته‌له‌فزیۆنی توانی چه‌ندین درامای خێزانی به‌رهه‌م بهێنێت  
چه‌ندین هونه‌رمه‌ندی موسیقی و گۆرانی بێژی هه‌موو پارچه‌كانی كوردستان كۆبكاته‌وه‌ ببته‌ ماڵێك بۆ هه‌موو هونه‌رمه‌ندانی هه‌رچوار پارچه‌ی كوردستان . 
سه‌ته‌لاتی كوردستان توانی له‌هه‌موو سێكته‌كانی ژیان ڕۆڵی خۆی  بینیوه‌ ده‌یان به‌رنامه‌ی خێزانی كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی و منداڵانی هه‌بووه‌ یه‌كێك  له‌و بوارانه‌ی به‌شی منداڵان كه‌ گرنگی زۆر پێدار، توانیان خزمه‌تێكی زۆری مناڵان بكه‌ن ، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ له‌م دواییه‌دا به‌شی مه‌نداڵان فه‌رامۆش كرا بۆ یه‌له‌و كاته‌ی پیرۆز بایی له‌سه‌رجه‌م كارمه‌ندانی ئه‌و ده‌زگایه‌ده‌كه‌م، له‌ هه‌مان كات دا  داوا له‌به‌رپرسانی ئه‌و ده‌زگایه‌ ده‌كه‌م ئاوڕێك له‌و به‌شه‌ گرنگه‌ بدنه‌وه‌".  
هونه‌رمه‌ند دووره‌ وڵات ( شیروان ئیسماعیل) ده‌ڵێت" پیرۆزبایی له‌ گشت كارمه‌ندانی كه‌ناڵی دایك به‌و بۆنه‌ پیرۆزه‌وه‌ ده‌ستی ماندوو نه‌بونیان ده‌كوشم و هیوایی سه‌ركه‌وتن وسه‌رفرازیان بۆ ده‌خوازم ، هیوادارم له‌و یاده‌دا گرنگی به‌ماڵپه‌ری  كوردستانیش بدرێت و  ڤیدیۆ و بابه‌ته‌ هونه‌ریه‌كان زیاتر گرنگیان پێ بدرێت  زۆر سوپاستان ده‌كه‌م هه‌ر بژین".
له‌ یادی ۲٤ مین ساڵوه‌گه‌ڕی دامه‌زراندنی  كوردستان tv شانۆكار (ئاواره‌ عه‌بدولڕه‌حمان )یش ده‌ڵێت"، پیرۆزبایی له‌ ته‌واوی ستافی كه‌ناڵه‌ جوانه‌كه‌تان ده‌كه‌م. بێگومان كوردستان tv وه‌ك یه‌كه‌م كه‌ناڵی ئاسمانی كه‌ به‌ كه‌ناڵی دایك ناسراوه‌، وه‌رچه‌رخان و هه‌نگاوو گۆڕانكاریه‌كی گه‌وره‌ بوو له‌ ڕاگه‌یاندنی كوردی، بۆ گه‌یاندنی ده‌نگ و ڕه‌نگی كوردستانیان به‌ جیهانی ده‌ره‌وه‌. هیوادارم له‌ ئیستادا ئه‌م ستافه‌ی كه‌ كه‌ناڵه‌كه‌ به‌ڕێوه‌ ده‌به‌ن ده‌ست به‌م مێژووه‌ پڕشنگداره‌ بگرن و هه‌نگاوی گه‌وره‌تر بنێن بۆ پێشخستن و به‌ره‌و پێشبردنی كوردستان tv . گرنگیدان به‌ فه‌رهه‌نگ و كلتوری كوردی و كاركردن له‌سه‌ر كۆمه‌ڵێك به‌رنامه‌و بابه‌تی هاوچه‌رخ و سه‌رده‌میانه‌، لایه‌نی ڕۆشنبیری و هونه‌ری و په‌روه‌رده‌ ڕه‌نگدانه‌وه‌ی هه‌موو كۆمه‌ڵگایه‌كی وشیارو زیندووه‌، پێویسته‌ فه‌رامۆش نه‌كرێت و زیاتر كاری له‌سه‌ر بكه‌ن ، ئه‌مه‌ش به‌ گونجاندن له‌گه‌ڵ به‌هاو قیه‌م و تایبه‌تمه‌ندی كۆمه‌ڵگه‌ی خۆمان. دووباره‌ پیرۆزه‌، ئومێدی سه‌ركه‌وتنتان بۆ ده‌خوازم".

  مامۆستا (هۆشنگ كه‌ریم) به‌رێوه‌به‌ری قوتابخانه‌ی رۆژ  له‌هه‌ولێر  ده‌ڵێت "له‌ساڵیادی دامه‌زراندنی كوردستان تیڤی دا سه‌ره‌تا پیرۆز بایی ئاراسته‌ی سه‌رجه‌م كارمه‌ندانی كوردستان تیڤی ده‌كه‌م  له‌م دواییه‌دا ئه‌م كه‌ناڵه‌ گۆڕنكاری له‌ به‌رنامه‌كانی دا كردوه‌، به‌ڵام  ده‌بێ زیاتر  گۆڕانكاری  بكات له‌ ته‌واوی به‌رنامه‌كانیدا چونكه‌ ئێستا بینه‌ر پابه‌ند نیه‌ به‌كات و ساتێكی دیاریكراو بۆ ئه‌وه‌ی ڕۆژانه‌ ساتێك ته‌رخان بكات له‌به‌رامبه‌ر ته‌له‌فزیۆن دابنیشێت له‌به‌رامبه‌ردا سۆشیال میدیا ئه‌و بژارده‌یه‌ی دایته‌ میدیا كه‌ چ كاتێك حه‌زی لێ بوو سه‌یری بكات ، بۆیه‌ پێویسته‌ هه‌ندێك له‌ به‌رنامه‌كان زیاتر  گرنگی به‌كه‌لتوری كورده‌واری و ڕۆژانه‌ به‌لایه‌نی كه‌مه‌وه‌ زنجیره‌یه‌ك چ شانۆ بێت یاخود كورته‌ ته‌مسیلی كوردی نمایش بكات بۆئه‌وه‌ی گه‌نجه‌كانمان هه‌ندێك زانیاریان هه‌بێت له‌ ڕابردووی باب وباپیرانمان، دووباره‌ ده‌ستی خۆشی له‌ هه‌موو كارمه‌ندان ده‌كه‌م".
له‌ كۆتاییدا مامۆستا (ڕۆسته‌م محمد عه‌لی ڕواندزی) بۆ ئه‌و یاده‌ ده‌ڵێت"  له‌ یادی ٢٤ مین ساڵیادی كوردستان تیڤی كوردستان تیڤی كه‌ناڵی دایك٫ وه‌ یه‌كه‌م كه‌ناڵی ئاسمانی پێشه‌نگ كه‌ تاك و ئێستا به‌رده‌وامه‌ و بێ دابڕان و به‌هه‌میشه‌یی له‌نێو گشت سێكته‌ره‌كانی كۆمه‌ڵگای كوردی و میدیای كوردی شوێنی خۆی كردۆته‌وه‌و یادی دامه‌زراندنی ٢٤ ساڵه‌ی پیرۆز بێ ڵه‌ گشت دامه‌زرێنه‌رانی و به‌رده‌وامی وبیرۆكه‌ی نوێ و پڕۆگرامی باشترو زیاتر خزمه‌ت كردنی كۆمه‌ڵگای كوردی وه‌ڵه‌م یاده‌دا نابێ ڕۆلی كادری كه‌ڕاماو لێهاتوو  خواڵێخۆش بوو كاكه‌ سیروان عومه‌ر یوسف ڵه‌بیر بكرێ كه‌ یه‌كێكه‌ ڵه‌ دامه‌زراندنی ئه‌م كه‌ناڵه‌ و ده‌ورێكی باڵای هه‌بوو وه‌ڵه‌ نزیكه‌وه‌ خۆم ئاگاداربووم  ڵه‌ كۆتای دا هیوای سه‌ركه‌وتنت بۆ ده‌خوازم.     
شاعیر(ئاری ئاغۆك) له‌ یادی كوردستان تیڤی ده‌ڵێت"ساڵیادی كوردستان تی ڤی له‌سه‌رجه‌م كارمه‌ندان و بینه‌ران پیرۆز ده‌كه‌م ، بێگومان ئه‌م كه‌ناڵه‌ له‌ راگه‌یاندنی مێژوویه‌كی جوانی هه‌یه‌ ، له‌پاڵ پلان به‌رنامه‌و ستراتیجی خۆی ، ئه‌وا گرنگی زۆری داوه‌ به‌ كه‌لتورو ئه‌ده‌ب و هونه‌رو رۆشنبیری ، چه‌ند به‌رنامه‌یه‌كی تایبه‌ت و جیاوازی هه‌بوه‌ ، له‌ده‌سپێكی په‌خشی كه‌ناڵ به‌رنامه‌یه‌كی جوانی ئه‌ده‌بی هه‌بوو به‌ناوی  ( دیوان ) كه‌تایبه‌ت بوو به‌میوانداری شاعیران ، 20 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر میوانداری كرام ، پێشنیار ده‌كه‌م ئه‌م به‌رنامه‌یه‌ دوباره‌ بگه‌رێته‌وه‌ به‌ هه‌ناسه‌یه‌كی نوێ و ته‌كنیكێكی نوێ ، چونكه‌ ئه‌م جۆره‌ به‌رنامانه‌ ده‌بنه‌ ئه‌رشیفێكی زێرین بۆ شاعیرو بۆ كه‌ناڵ ، ئه‌وه‌ی تێبینم كردوه‌و دڵخۆشم ده‌كات له‌وه‌رزی نوێ دا چه‌ند به‌رنامه‌یه‌كی سه‌رده‌می زێرین دوباره‌ دێته‌ پێشكه‌شكردن یه‌كێك له‌و به‌رنامانه‌ به‌رنامه‌ی ئاوێنه‌یه‌ ، كه‌هه‌موومان ده‌زانین دوای راپه‌رین به‌رنامه‌ی ئاوێنه‌ یه‌كێك بوو له‌وبه‌رنامانه‌ی به‌نه‌رمی ره‌خنه‌ی جوانی ده‌گرت و خاوه‌ن بینه‌رێكی زۆر بوو ، دڵخۆشم ئه‌مجاره‌ش دوای 30 ساڵ به‌ستایل و ناوه‌رۆكێكی نوێ به‌ به‌شداری هونه‌رمه‌ند و ئه‌كته‌ری به‌ئه‌زموون دێته‌وه‌ خزمه‌ت بینه‌ران ، دوباره‌ ساڵیادی كورستان تی ڤی پیرۆزبێت".
ئا- كامه‌ران حاجی ئه‌لیاس


 

کولتوور و هونه‌ر

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.