كوتلهی وهزاری پارتی دیموكراتی كوردستان له حكوومهت ئهمڕۆ دووشهم ڕوونكردنهوهیهكیان بڵاو كردهوه و تێیدا چهند ڕاستییهكیان بۆ ڕای گشتی خستهڕوو سهبارهت به دۆخی ئێستای ههرێمی كوردستان و بهشدارینهكردنی كوتلهی یهكێتی نیشتمانی كوردستان له كۆبوونهوه و چالاكییهكانی حكوومهتی ههرێمی كوردستان.
دهقی ڕوونكردنهوهكهی كوتلهی وهزارهی پارتی دیموكراتی كوردستان:-
دوابەدوای پەیامەکەی بەڕێز سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کە زۆر بەڕوونی باسی لەو کێشانە کرد کە یەکێتی نیشتیمانی کوردستان دروستیان دەکات بەرامبەر حکومەتی هەرێم کە لە هەمانکاتدا، چارەسەرەکەشی خستەڕوو، بەڵام بەداخەوە تیمی یەکێتی لە بری گفتوگۆکردن و کۆبوونەوە، بە کاردانەوەی لاواز وەڵامیان دایەوە. بۆیە لێرەدا بە پێویستی دەزانین ئەو ڕاستییانە بخەینەڕوو:-
- بەشدارینەکردن لە هەندێک لە کۆبوونەوەکانی حکوومەت و دەرچوون لە گرووپەکانی واتسئاپ، هەروەها ئامادەنەبوونتان بۆ چارەسەری کێشەکان و باسکردنی لە کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی وەزیران، واتای ڕاکردنە لە بەرپرسیاریەتی یاسایی و سیاسی و ئیداری.
- خەڵکی کوردستان هۆشیارە و داواکارین ئێوەش بگەڕێنەوە سەر وتار و دیدار و قسەکانی ساڵانی پێشووتان کە چۆن باس لە دەستکەوت و کاروچالاکی و سەرکەوتنی کابینەی نۆیەم دەکەن، ئەگەر کەموکوڕیێکیش لەم کابینەیەدا بوونی هەبێت، ئەوا لە ئاکامی ئەو سیاسەت و ڕێگرییەیە کە یەکێتی پیادەی دەکات، دەتانەوێت لاوازی پێگەی حیزبی و سیاسی و دیپلۆماسی و جەماوەریتان و کێشە ناوخۆییەکانتان بەوە دابپۆشن کە ڕێگا نەدەن حوکمڕانیێکی سەرانسەری و شەفاف لە دارایی و داهات و حوکمی یاسا لە سنووری پارێزگای سلێمانی ئەنجام بدرێت و میلیشیا ئاسا، ئەم سیاسەتەتان لەسەر خەڵکی بسەپێنن و بڵێن ئێمە ئەگەر دەنگ و کورسیشمان کەم بێت، بەڵام خۆمان فەرز دەکەین، خەڵک و دۆست و ناحەزانیش شایەدی بۆ ئیدارەدانی ئێوە لە سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە دەدەن کە خەڵکەکە لە چ نائارامی و بێ خزمەتگوزاریێكدا ژیان بەسەر دەبەن.
- ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری داوە هێز بۆ ڕێگریکردن لە کاری دزێو و دژ بە بەرژەوەندی هاووڵاتییان بۆ هەموو سنوورەکانی هەرێم بنێرێت و نەگوتراوە تەنیا بۆ سنووری پارێزگای سلێمانییە، بەڵام لەبەرئەوەی خۆتان دەزانن چ لە سنوورەکانی پارێزگای سلێمانی چی دەگوزەرێت، بۆیە ڕێگری لە دەستپێشخەریێکی وا دەکەن، بفەرموون هەرچی خۆتان پێتانوایە شارەزایە و بە دڵتانە و خەڵکی خۆتانە با لەگەڵ هێزەکە بێت بۆ هەموو سنوورەکان.
- پڕۆسەی نەوت لە هەرێمی کوردستان لە کابینەکانی ڕابردوو ئەنجامدراوە کە جێگرەکانی سەرۆکی حکوومەت سەر بە یەکێتی و بە تایبەتیش بەڕێز (قوباد تاڵەبانی) لە ئاستی باڵای ئەم حیزبە، لە چەندین بۆنە گوتووتانە ئاگاداری وردەکارین و لە کابینەی ڕابردوو تا ئێستا بە سەرپەرشتی سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران کە سەر بە یەكێتیە، کۆمپانیایێکی باوەڕپێکێراوی جیهانی تایبەتمەند لەم بوارە، سەرپەرشتی وردبینی فرۆشتنی نەوت دەکات.
- کەس ناتوانێت لە سنووری پارێزگای هەولێر هەڕەشە بکات، ئەوەی لەگەڵ بەڕێز جێگری سەرۆك وەزیران بووە، تەنیا پەیوەندیێکی تەلەفۆنی بووە لەگەڵ برادەرێکی کۆنی خۆی، بەڵام ئەگەر بتانەوێت ئاستی ئەم کارە تیرۆرستییەی بەرامبەر (شەهید هاوکار جاف) لە پایتەخت ئەنجامدرا بەراورد بکەن لەگەڵ ئەمە، ئەمە خەیاڵ پڵاوییە.
- ئێمە هەر لە ڕۆژی یەکەمی تیرۆرکردنی شەهید هاوکار جاف بە نامەی فەرمی داوامان لێ کردن کە هاوکاربن لە لیکۆڵینەوە لە تۆمەتباران، بەڵام ئێوە خۆتان لەم بابەتە دزییەوە و تا ئێستاش ئامادە نین تۆمەتباران بێنە بەردەم دادگا.
- هەڵبژاردن ڕێکار و یاسای خۆی هەیە، ناکرێت لە ترسی ئەوەی دەنگەکانتان زۆر کز بووە بڕو بیانوو بدۆزنەوە، لە کوێی دونیا هەیە حیزب ببێتە لەمپەر لەبەردەم پڕۆسەیێکی دیموکراسی، بفەرموون با لە پەرلەمان لە چوارچێوەی یاسا، هەر گفتوگۆیەک هەیە بکرێت، ئایا پارتی ئەم یاسایەی داناوە؟ مەگەر ئێوەش وەک پارتی و بگرە زیاتریش، دەستتان لە دەرکردنی هەموو یاساکانی پەرلەمان و بڕیارەکانی حکوومەت نەبووە؟.
- داواتان لێ دەکەین نەبنە ڕێگر لەبەردەم بڕیارەکانی حکوومەتی هەرێم و لە بەرامبەردا پێویستە هاوکاربن و بگەڕێنەوە سەر کارەکانتان، ئەو کات بەرپرسیارییەتی دیاردەبێت، ئەگەر لە گۆشتەکە بەشتان هەیە و بەشتان دەوێت، ئەوا لە گۆشتاوەکەشی کەمێک بخۆنەوە.
کوتلەی وەزاری پارتی دیموکراتی کوردستان
16/1/2022
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.