دەزگای سەتەلایەتی كوردستان لە 17-1-1999 دامەزراوەو ئەمڕۆش 17-1-2023 بیست و چوار "24" ساڵ بەسەر دامەزراندنی ئەو دەزگای تپَپەڕ دەبێت.
دەزگای سەتەلایەتی كوردستان دەزگایەكی راگەیاندن و رۆشنبیری كوردستانییە, پێرەوی بیری نیشتمانی و نەتەوەیی و دیموكراتی و دادپەروەری و كومەڵایەتییە, كە لە رووی مێژووییەوە لە پراكتیك و هزری بارزانیی نەمردا بەرجەستە بووە, سەتەلایەتی كوردستان بەرهەمی ساڵانێكی زۆری خەباتی گەلێكی زۆر لێكراوە كە رووی لە ئازادی و سەربەستیە, ئەم كەناڵە تاودانێكی كاریگەرە لە بەزاندنی پەرژینی دابڕان و هەوڵی بێدەنگكردن و ئەو چەواشەكاری و شێواندنەی كە دەرهەق بە مێژووی گەلی كوردستان كراوە, هەروەها نیشاندانی رووی راستەقینەی دیموكراتی و مرۆڤ دۆستانەی بزاڤی رزگاریخوازی كوردستانە و دەروازەیەكی بەردەوامیی تێكەڵبوونی گەلی كوردستانە لەگەڵ كۆمەڵگەی مرۆڤایەتی پێشكەوتوو, بە پشت بەستن بە بنەماكانی دادپەروەری و پێكەوە ژیانی ئاشتیانە و یەكسانی لەناو گەلاندا.
پەیامی دەزگاكە پتەوكردن و پێشخستنی ئەو دەستكەوتانەیە كە بزاڤی رزگاریخوازی كوردستان بە دەستی هێناون, رووەو بەجێ گەیاندنی ئەركە مێژووییەكانی ئەو بزاڤە و وەدیهێنانی ئامانجە ئازادیخوازە رەواكانی لە سەر بنەمای مافی بریاردانی چارەنووس و بڵاوكردنەوەی چەمكەكانی فیدرالیزم و هاوكاری و دۆستایەتی لە نێوان گەلاندا و رەتكردنەوەی رەگەزپەرستی و شۆفێنیزم و دیكتاتۆریەت و مەحكوم كردنی تیرۆر و بونیادنانی كۆمەڵگەیەكی شارستانیی كە بناغەكەی دیموكراسی و مافی مرۆڤ و سەروەریی یاسا و یەكسانی بێت.
دەزگای سەتەلایەتی كوردستان درێژەپێدەری ئەو كاروانە فەرهەنگییە خەباتكارەیە كە هاوشانی تێكۆشانی گەلی كوردستانە بە پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینی و كۆمەلاتییەكەیەوە، برەودانە بە بەها ئازادیخوازەكانی و دەستگرتنە بە بنەما رۆشنبیرییە پێشكەوتووەكانییەوە, بەرەو گەڵالەبوونی گوتارێكی نیشتیمانی و دیموكراسی و ئاوێتەبوونی لەگەڵ كولتووری هاوچەرخی مرۆڤایەتیدا, كولتوورێك كە پابەندە بە بنەماكانی فرە رەنگی و دیالۆگ و ئازادی بیروبۆچوون و رادەربڕین و لێبوردەیی و قبووڵكردن و رێزگرتن لە رەوایی بوونی بەرامبەر.
هەروەها دەزگای سەتەلایەتی كوردستان هەوڵدەدات گەشە بە پرۆسەی دیموكراسی و بەمەدەنی كردنی كۆمەڵگەی كوردستان و هەموو ئەو فاكتەرانە بدات كە دەرفەت لە بەردەم گۆڕانكارییە كۆمەڵاتییەكان دەڕەخسێنن تا هاوشانی كاروانی شارستانی و بەها و دەرهاوێشتەكانی رێبكات, كە بریتین لە بانگەشەكردن بۆ پێشكەوتن و ئاشتی و بەرژەوەندی هاوبەش و لەیەك تێگەیشتن.
تەمەنی دەزگای سەتەلایەتی كوردستان دەگاتە" 24" ساڵ .. متمانە،پابەندبوونی نیشتيمانی
100%
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.