Erbil 38°C ھەینی 20 ئەیلوول 21:49

ساڵی رابردوو به‌ته‌قه‌ی راسته‌وخۆی هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی ئێران 290 كۆڵبه‌ری كورد بوونه‌ته‌ قوربانی

کوردستان TV
100%


بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ساڵی 2022ی زایینی لانی کەم 290 کۆڵبەر و کاسبکاری کورد لە سنوورەکانی کوردستان بوونەتە قوربانی کە 46 کەسیان گیانیان لە دەست داوە و 244 کەسیان بریندار بوون. ئەم ئامارە بە بەراورد لەگەڵ ساڵی پێشووتر 75 حاڵەت واتە 35٪ بەرز بووەتەوە.


زۆربەی قوربانییەکان کە 209 حاڵەتە بە تەقەی ڕاستەوخۆ کوژراون یان بریندار کراون. هەروەها 35 حاڵەت بە هۆی ڕووداوی سروشتی وەکوو؛ بەربوونەوە لە هەڵدێر، خنکان لە ڕووبار، هەورە بروسکە، هەرەسی بەفر و سەرمابردوویی کوژراون یا بریندار بوون.


هۆکاری کوژران یان بریندار بوونیان:

بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی هەنگاو، کوژران و برینداربوونی کۆڵبەران بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران لە ساڵی 2022 دا بە بەراورد لەگەڵ ساڵی 2021 لانی کەم 69 حاڵەت واتە 49٪ بەرز بووەتەوە. هەروەها ڕێژەی ئەو کۆڵبەرانەش کە بە هۆی تەقینەوەی مین بوونەتە قوربانی 300٪ بەرز بووەتەوە.


تەقەی ڕاستەوخۆ: 209 حاڵەت (33 کوژراو و 176 بریندار) کە دەگاتە 72.5٪ی کۆی حاڵەتەکان.
ڕووداوی سروشتی: 35 حاڵەت (8 کوژراو و 27 بریندار) کە دەکاتە 12.5٪ی کۆی حاڵەتەکان.
تەقینەوەی مین: 12 حاڵەت (13 بریندار) کە دەکاتە 4٪ی کۆی حاڵەتەکان.
ڕووداوی هاتووچۆ: 25 حاڵەت (1 کوژراو و 24 بریندار) کە دەکاتە 8.5٪ی کۆی حاڵەتەکان.
ئاگرکەوتنەوە و گازگرتووی: 5 حاڵەت (4 کوژراو و 1 بریندار ) کە دەکاتە 2٪ی کۆی حاڵەتەکان
لێدان و کوتان: 4 حاڵەت (4 بریندار) کە دەکاتە 1.5٪ی کۆی حاڵەتەکان.


جیا کردنەوە بە پێی پارێزگاکان


بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، ژمارەی ئەو کۆڵبەرانەی کە لە ساڵی 2022 لە سنوورەکانی پارێزگای کرماشان بوونەتە قوربانی 162 حاڵەت بووە کە بە بەراورد لەگەڵ ساڵی پێشووتری کە 58 حاڵەت بووە 211.5٪ بەرز بووەتەوە و لە بەرامبەردا ژمارەی ئەو کۆڵبەرانەی کە لە سنووری پارێزگای ئورمیە بوونەتە قوربانی 20 حاڵەت بووە کە بە بەراورد لەگەڵ ساڵی پێشووتری 60٪ کەمی کردووە.


پارێزگای ئورمیە: 20 حاڵەت (13 کوژراو و 7 بریندار).
پارێزگای سنە: 108 حاڵەت (22 کوژراو و 86 بریندار).
پارێزگای کرماشان: 162 حاڵەت (11 کوژراو و 151 بریندار).

 


کوژران و بریندار بوونی 11 منداڵی کۆڵبەر لە ساڵی 2022 دا


بە پشتبەستن بە ئامارەکانی هەنگاو، لە ماوەی ساڵی 2022ی زاییندا لانی کەم 11 منداڵی کۆڵبەر کە تەمەنیان له‌خوار ته‌مه‌ن 18 ساڵ بووە بوونەتە قوربانی.


بەپێی ئەم ڕاپۆرتە چوار کۆڵبەری منداڵ گیانیان لە دەست داوە و 7 دیکە بریندار بوون.


چوار منداڵی کۆڵبەر بە تەقەی هێزە چەکدارەکانی ئێران، دوو کۆڵبەر بە هۆی لێدان و کوتان لەلایەن ئەو هێزانەوە، کۆڵبەرێک بە هۆی تەقینەوەی مین، سی کۆڵبەر بە هۆی ئاگرکەوتنەوە و کۆڵبەرێکیش بە هۆی هەرەسی بەفر بوونەتە قوربانی.


ژمارەی ئەو منداڵە کۆڵبەرانەی کە لە ساڵی 2022دا بوونەتە قوربانی بە بەراورد لەگەڵ ساڵی پێشووتری پێنج حاڵەت واتە 83٪ بەرز بووەتەوە.


کوژرانی کۆڵبەرێک بە تەقەی هێزەکانی تورکیا


لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا کۆڵبەرێک لە کاتی کۆڵبەری بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی تورکیا کوژراوە کە ئەم ئامارە بە بەراورد لەگەڵ ساڵی پێشووتری کە پێنج حاڵەت بووە 80٪ کەمی کردووە.


کوژران و بریندار بوونی ٨ کاسبکار لە جادەکان


بە پشتبەستن بە ئامارەکانی هەنگاو، لە ماوەی ساڵی 2022ی زایینی لانی کەم 8 کاسبکار لە جادەکانی کوردستان و باقی شارەکانی دیکەی ئێران بوونەتە قوربانی کە 3 کەسیان گیانیان لە دەست داوە.


ئەم هەشت کەسە سەرجەمیان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران و لە جادەکانی سەوڵاوا، سەلاسی باوەجانی، بانە، کەنگەڤەر، ئەهواز) 2 حاڵەت (، نۆدشە و کامێران بوونەتە قوربانی.

ئێران

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.