Erbil 38°C شەممە 11 کانوونی دووەم 19:55

سەرۆک وەزیرانی بەلجیکا بۆ مەسرور بارزانی: هەرێم هاوبەشێکی بەهێزی بەلجیکایە

کوردستان TV
100%

سەرۆک وەزیرانی بەلجیکا لە میانەی کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، هەرێم هاوبەشێکی بەهێزی بەلجیکایە.

ئەمڕۆ سێشەممە 17ـی 01ـی 2023 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە چوارچێوەی بەشداریکردنیدا لە کۆڕبەندی ئابووری جیهانی لە داڤۆس، لەگەڵ ئەلیکساندەر دیکروو سەرۆک وەزیرانی بەلجیکا کۆبووەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا، پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەلجیکا و بارودۆخی عێراق و ناوچەکە بە گشتی  تاوتوێ کرا.

تەوەرێکی سەرەکی کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە برەودان بە هاریکاری و هاوئاهەنگیی نێوان هەردوولا، بە تایبەتی لە بواری ئاڵوگۆڕی بازرگانی و هەناردەکردنی بەروبوومی کشتوکاڵی کوردستان بۆ بازاڕەکانی بەلجیکا و ئەوروپا بەگشتی.

سەرۆکی حکوومەت سوپاسی بەلجیکای کرد بۆ پشتیوانیکردنی هەرێمی کوردستان وەک بەشێک لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژ بە تیرۆریستانی داعش، هەروەها کورتەیەکی دەربارەی دوا سەردانی بۆ بەغدا و کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ و گرنگیی چارەسەرکردنی کێشەکانی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵ لە سەر بنەمای دەستوور خستەڕوو.

سەرۆک وەزیرانی بەلجیکا ئاماژەی بە پەیوەندیی بەهێز و چالاکی وڵاتەکەی لەگەڵ هەرێمی کوردستان کرد گوتی: هەرێم هاوبەشێکی بەهێزی بەلجیکایە.

تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە، گفتوگۆکردن بوو دەربارەی گرنگیی بەرەنگاربوونەوەی کاریگەرییە نەرێنییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.