سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەبۆنەی ساڵیادی دامەزرادنی کوردستان تیڤی ڕایگەیاند، دامەزراندنی کوردستان تیڤی هەنگاوێکی گەورە و پێشکەوتنێکی گرنگ بوو لە ڕاگەیاندنی کوردستان.
نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان پیرۆزبایی ئاراستەی کوردستان تیڤی کرد و ڕایگەیاند: له یادی دامەزراندنی کوردستان تی ڤی و دەسپێکی پەخشی بەرنامەکانیدا، پیرۆزباییەکی گەرم لە ئێوەی ئازیز و هەموو ئەو کادر و هەڤاڵە تێکۆشەرانە دەکەم کە لە سەرەتای دامەزراندنی کەناڵەکە و وێستگە جیاجیاکانیدا کار و خەباتیان لەو دەزگا میدیاییە سەرڕاست و سەنگینەدا کردووە.
دەقی پەیامی پیرۆزبایی نێچیرڤان بارزانی لە ساڵیادی دامەزراندنی کوردستان تیڤی:-
بەڕێزان بەڕێوەبەر و ئەنجوومەنی كارگێڕی و كارمەندانی دەزگای سەتەلایتی كوردستان،
له یادی دامەزراندنی کوردستان تیڤی و دەسپێکی پەخشی بەرنامەکانیدا، پیرۆزباییەکی گەرم لە ئێوەی ئازیز و هەموو ئەو کادر و هەڤاڵە تێکۆشەرانە دەکەم کە لە سەرەتای دامەزراندنی کەناڵەکە و وێستگە جیاجیاکانیدا کار و خەباتیان لەو دەزگا میدیاییە سەرڕاست و سەنگینەدا کردووە.
دامەزراندنی كوردستان تیڤی بەر لە بیست و چوار ساڵ وەک یەكەم كەناڵی ئاسمانی كە لە ناوخۆی كوردستانەوە دەستی بە پەخش كرد، هەنگاوێکی گەورە و پێشکەوتنێکی گرنگ بوو لە ڕاگەیاندنی کوردستان و گەیاندنی دەنگ و ڕەنگ و پەیامی گەلی کوردستان بە جیهان.
لەو ساتهوه تاوەکوو ئەمڕۆ ئەو کەناڵە و دەزگای سەتەلایتی کوردستان بە گشتی لە خزمەت بە دۆزی ڕەوای گەلی كوردستان و دروستكردنی ڕایەڵەیەک لەگەڵ كوردستانییانی تاراوگە و لە پەرەپێدانی كولتوور و زمان و هونەری كوردستانیدا، ڕۆڵێكی بەرچاوی بینیوە و دەبینێ.
ئومێدەوارم لە گەشە و پەرەسەندنی بەردەوامدا بێت و لەسەر ڕێبازی نیشتمانی و بەرپرسیارانەی خۆی درێژە بە خزمەتکردن بە پەیامی تەبایی و یەكڕیزیی گەلی کوردستان بدات.
ههر سهرکهوتوو بن..
نێچیرڤان بارزانی
17ـی 01ـی 2023
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.