دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەم، بەهۆی جموجۆڵی چەکدارانی پەکەکە، فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا سنووری گوندی بێجوانان لە سنووری سیدەکان و بناری چیای گۆشینەی لە سنووری سمیلان بۆردومان کرد.
شاخەوان حوسێن بەڕێوەبەری شارهدێی سمیلان لە سنووری شارۆچكهی چۆمان بە (کوردستان تیڤی) ڕاگەیاند: کاتژمێر 2 و نیوی دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەم، بە بیانووی هەبوونی بنکە و بارەگاکانی پەکەکە و جموجۆڵیان، فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا ئەشکەوتی تاڵە سۆت لە بناری شاخی گۆشینەیان لە نزیک گوندی گەزنەی سنووری سمیلان بۆردومان کرد.
راشیگەیاند: ناوچەکە قەڵای هێزی پێشمەرگەی لێیە، بەڵام بۆردومانەکە دوور بووە لە قەڵای پێشمەرگە، بۆردومانەکە هیچ زیانی بۆ هاووڵاتییانی مەدەنی نەبووە، زیانەکانی چەکدارانی پەکەکەش نەزاندراون.
بەڕێوەبەری شارهدێی سمیلان ئاماژەی بەوەش دا: بۆ یەکجار بۆردومانەکە ئەنجامدراوە، هەرچەندە ترس و دڵەڕاوکێ لە لای گوندنشینان دروستبوو، بەڵام ئێستا ناوچەکە ئارامە و هیچ بۆردومانێک نەماوە.
هاوکات لەکاتی بۆردومانی چیای گۆشینە، سنووری گوندی بێجوانانیش لە سنووری قەزای سیدەکان هەر بەهەمان هۆکاری بوونی بنکەکانی پەکەکە بۆردومان کراوە و زیانەکان نەزاندراون.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.