Erbil 38°C یەکشەممە 12 کانوونی دووەم 02:00

مه‌كته‌بی سیاسی پارتی: جه‌خت له‌ چاره‌سه‌ری كێشه‌ و گرژییه‌كان له‌گه‌ڵ یه‌كێتی ده‌كه‌ینه‌وه‌

کوردستان TV
100%

ئه‌مڕۆ چوارشه‌م به‌ سه‌رۆكایه‌تی سه‌رۆك مه‌سعوود بارزانی، مه‌كته‌بی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان كۆبووه‌وه‌ و دوای كۆبوونه‌وه‌كه‌ش ڕاگه‌یه‌نراوێكی بڵاو كرده‌وه‌ و تێیدا جه‌ختی له‌ چاره‌سه‌ری كێشه‌ و گرژییه‌كان له‌گه‌ڵ یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان كرده‌وه‌.

له‌ ڕاگه‌یه‌نراوه‌كه‌ی مه‌كته‌بی سیاسی پارتیدا هاتووه‌ " ئه‌مڕۆ چوارشەممە 18ـی 1ـی 2023 مه‌كته‌بی سیاسیی پارتیمان به‌ سه‌رۆكایه‌تی سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی كۆبوونه‌وه‌ی ئاسایی خۆی ئه‌نجام دا سه‌باره‌ت به‌ پێشهات و گۆڕانكارییه‌ سیاسی و حكوومی (ئیداری)یەکان له‌ هه‌رێم و ناوچه‌كه‌دا، له‌م كۆبونه‌وه‌یه‌دا پارتیمان جەختی له‌ چاره‌سه‌ری كێشه‌ و گرژییه‌كانی كه‌ هه‌ن له‌ په‌یوه‌ندیمان له‌گه‌ڵ یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان کردەوە به‌گوێره‌ی پره‌نسیپ و مادده‌كانی رێككه‌وتنی سیاسی و ئیداری نێوانمان و كارنامه‌ی كابینه‌ی نۆیه‌می حکوومەت كه‌ به‌ڕه‌زامه‌ندی هه‌ردوولامان نووسراون و ئیمزاكراون".

لە کۆبوونەوەكه‌ی ئه‌مڕۆی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی چه‌ند ته‌وه‌رێك تاوتوێ كران كه‌ بریتی بوون له‌ ته‌وه‌ره‌كانی ناوخۆیی و حكوومه‌ت و هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان، ئه‌نجامه‌كه‌شی به‌مشێوه‌ی خواره‌وه‌ بوو:-

یه‌كه‌م/ ته‌وه‌ری ناوخۆی كوردستان: پارتیمان له‌ ڕوانگه‌ی پاراستنی ده‌ستكه‌وته‌كانی گه‌له‌كه‌مان كه‌ به‌خوێن و خه‌بات به‌ده‌ست هاتوون و هه‌ستکردن به‌ به‌رپرسیارییه‌تی و ئه‌زموونی ده‌یان ساڵه‌ی خه‌باتی بێوچان له‌پێناو ماف و ئامانجه‌ڕه‌واكانماندا، هه‌روه‌ها له‌پێناو پاراستنی قه‌واره‌ی هه‌رێمی كوردستان و ئاسایشی هاووڵاتییان، هه‌میشه‌ كۆبوونه‌وه‌ و گفتوگۆ بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌ و گرفته‌كانی به ‌ڕێگای دروست و راست زانیوه‌، هه‌روه‌ها له‌ڕوانگه‌ی باوه‌ڕبوون به‌ پێكه‌وه‌ژیانی نه‌ته‌وه‌یی و ئایینی و سیاسی و پاراستنی مافی مرۆڤ، هه‌وڵی دروستكردنی پردی په‌یوه‌ندی و پێكه‌وه‌كاركردن و متمانه‌ دروستكردنی داوه‌.

بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ و به‌ پڕاكتیككردنی ئه‌م باوه‌ڕ و تێگه‌یشتنه‌مان و، بۆ یه‌كڕیزی گه‌لی كوردستان به‌رانبه‌ر ئاڵه‌نگاری و گرفته‌كان و جێبه‌جێكردنی بڕیاری كۆنگره‌ی 14ی پارتیمان و بڕیاری سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی، هه‌ڵدانه‌وه‌ی لاپه‌ڕه‌یه‌كی نوێمان له‌ په‌یوه‌ندیه‌كانماندا راگەیاند‌، بۆیه‌ لێره‌وه‌ هه‌ر وه‌ك پێشتریش ده‌ستپێشخه‌ریمان كردووه‌ بۆ كۆبوونه‌وه‌ی دووقۆڵی له‌گه‌ڵ یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان و له‌ وه‌ڵامی برووسكه‌شیان به‌ ڕوونی ئاماژه‌مان پێداوه‌ كه‌ هه‌بوونی تێبینی و گرفت به‌ برووسكە یان باسكردن له‌ ڕاگه‌یاندن چاره‌ ناكرێت، بەڵکو ڕێگای سیاسی و مه‌ده‌نییانه‌ كۆبوونه‌وه‌ی دووقۆڵی و باسكردن و مناقه‌شه‌كردنی ته‌واوی تێبینی و گرفته‌كانمانه‌ به‌مه‌به‌ستی دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌ر، ئێستایش دووباره‌ی ده‌كه‌ینه‌وه‌ ئێمه‌ له‌ پارتی دیموكراتی كوردستان ئاماده‌ین بۆ كۆبوونه‌وه‌ و گفتوگۆ‌ و چاره‌سه‌ركردنی گرفته‌كان، هەر ئەمەش به‌ڕێگایه‌كی دروست و هاوچه‌رخ ده‌زانین کە لەگەڵ یەکێتی نیشتیمانی و ته‌واوی لایه‌نه ‌سیاسییه‌كانی كوردستان ده‌ست ده‌كه‌ین به‌ گفتوگۆ و بیروڕا گۆڕینه‌وه‌.

دووه‌م/ ته‌وه‌ری حكوومه‌ت: هه‌روه‌ك له‌ خاڵی (4)‌ی رێككه‌وتنه‌ سیاسییه‌كه‌ی نێوان پارتیمان و یه‌كێتیدا هاتووه‌، ده‌بوو هه‌ردوولامان پاڵپشتی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بكه‌ین له‌ هه‌موو روویه‌كه‌وه‌، به‌داخه‌وه‌ نه‌ك پشتیوانی حكوومه‌ت نه‌كرا، به‌ڵكو‌ به‌پێچه‌وانه‌وه‌ زۆر ئاسته‌نگی بۆ دروست كرا و ئێستاش كێشه‌ و گرفته‌كان به‌شێوه‌یه‌ك نیشانی هاووڵاتییانی كوردستان ده‌درێن كه‌ گوایه‌ ئه‌م بابه‌تانه‌ له‌گه‌ڵ شه‌خسی به‌ڕێز سه‌رۆكی حکوومەتە‌، لێره‌وه‌ ڕای ده‌گه‌یه‌نین ئێمە دژی به‌ شه‌خسيكردنی كێشه‌كانین و ئه‌مجۆره‌ هه‌وڵانه‌ ڕه‌ت ده‌كه‌ینه‌وه. سه‌رۆكی حكوومه‌ت به‌گوێره‌ی مادده‌ و بڕگه‌كانی رێككه‌وتنی‌ سیاسی و ئیداری، هه‌روه‌ها كارنامه‌ی كابینه‌ی نۆیه‌م ڕه‌فتاری كردووه‌، ئه‌م هه‌ووڵانه‌یان بۆ په‌رده‌پۆشكردنی ئه‌م كه‌موكوڕییانه‌یه‌ كه‌ دروستی ده‌كه‌ن و ڕێگا له‌ چاكسازی و شه‌فافییه‌ت ده‌گیرێ، بۆیە رای ده‌گه‌یه‌نین کە ئه‌م جۆره‌ ڕه‌فتار و مامه‌ڵه‌كردنه‌ له‌ كاروباری حكوومه‌ت خۆدزینه‌وه‌یه‌ له‌ ڕێككه‌وتنی سیاسی و ئیداری و كارنامه‌ی كابینەی نۆیەم كه‌ هه‌رسێكیان به‌هاوبه‌شی و به‌ په‌سندی هه‌ردوولامان ئاماده‌كراون و ئیمزاكراون.

شایه‌نی باسە كۆبوونه‌وه‌ی مه‌كته‌بی سیاسی به‌ته‌واوی توانا پاڵپشتی هه‌ڤاڵ مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و كابینه‌كه‌ی ده‌كات و، رێگای چاره‌سه‌ری كێشه‌كان به‌رده‌وامیدانه‌ به‌ گفتوگۆ له‌ كۆبوونه‌كانی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران نه‌ك خۆ په‌راوێزخستن و به‌كارهێنانی ده‌زگاكانی راگه‌یاندن.

سێیه‌م/ ته‌وه‌ری هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان: زۆر هه‌وڵماندا، پڕۆژه‌مان ئامادە کرد و پێشکەشمان کرد لەو كۆبوونه‌وه‌ هاوبه‌شانەی كه‌ به‌ڕێز سه‌رۆكی هه‌رێم پێكی ده‌هێنا و سه‌رپه‌رشتی ده‌كردن، هەروەها لەو كۆبوونه‌وانه‌ش كه‌ نوێنه‌ری UN به‌شدار ده‌بوو، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ دواجار له‌ ڕووی ناچاری و لەپێناو پاراستنی قه‌واره‌ی هه‌رێم بژارده‌ی درێژكردنه‌وه‌ی ته‌مه‌نی په‌رله‌مانمان په‌سه‌ند كرد، ئێستاش مه‌كته‌بی سیاسی جه‌خت له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ ده‌بێت چیدی په‌رله‌مانی كوردستان كۆبوونه‌وه‌كانی په‌ك نه‌خرێ و له‌ زووترین كاتدا كۆبوونه‌وه‌ی ئاسایی ئه‌نجامبدات و ئه‌م هه‌نگاوانه‌ بگرێته‌ به‌ر:

-هه‌مواری یاسای هه‌ڵبژاردن ئه‌وله‌وییه‌تی پێبدرێت لەگەڵ چه‌سپاندنی بابه‌تی چوار بازنه‌یی و به‌كارهێنانی تۆماری بایۆمه‌تری دوایین هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق.

-هاوته‌ریب له‌گه‌ڵ ده‌نگدان له‌سه‌ر هه‌مواری یاسای هه‌ڵبژاردن كۆمسیۆنی سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردن و ڕاپرسی كارا بكرێته‌وه‌ و پۆسته‌ فه‌ڕاغه‌كانی نێو كۆمسیۆن پڕبكرێنه‌وه‌.

-داوا له‌ حكوومه‌تی هه‌رێم ده‌كه‌ین پێداویستییه‌ ئیدارییەکان و بودجه‌ی پێویست بۆ هه‌ڵبژاردن له‌م ساڵدا دابین بكات.

-داوا له‌ به‌ڕێز سەرۆكی هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ین به‌گوێره‌ی رێککارە یاساییه‌كان رۆژی هه‌ڵبژاردن له‌واده‌ی خۆیدا ده‌ستنیشان بكات.

-هه‌روه‌ها داوا له‌ ته‌واوی لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی كوردستان ده‌كه‌ین پاڵپشت بن بۆ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان له‌ ساڵی 2023 لەو ‌واده‌ یاساییەدا كه‌ دیاری ده‌كرێت.

چواره‌م/ سه‌باره‌ت به‌ حكوومه‌تی فیدڕاڵ و په‌یوه‌ندییه‌كانی هەولێر و بەغدا: ئێمه‌ له‌ پارتی دیموكراتی كوردستان له‌گه‌ڵ دروستكردنی په‌یوه‌ندی دروست و ئاسایین له‌نێوان حكوومه‌تی هه‌رێم و حكوومه‌تی فیدڕاڵ به‌گوێره‌ی مادده‌ و بڕگه‌كانی ده‌ستوور بۆ چاره‌سه‌ری هه‌موو كێشه‌ و گرفته‌كان كه‌ ئێستا هه‌ن یا دێنه‌ پێش له‌ڕووی یاسایی و سیاسی و شایسته‌ داراییه‌كانەوە، پێمانوایە توندوتۆڵكردنی په‌یوه‌ندییه‌كان و ئه‌م ڕێبازه‌ خزمه‌تی زیاتر به‌ تەواوی گه‌لانی عێراق به‌شێوه‌یه‌كی گشتی ده‌كات و سه‌رجه‌م بابه‌تەكان له‌ ڕێككه‌وتنی سیاسیی ئیداره‌ی ده‌وڵه‌ت و كارنامه‌ی كابینەی حکوومەتی فیدراڵ‌ به‌ڕوونی ئاماژەیان پێكراوه‌ و چه‌سپێندراون، بۆیە به‌ پێویستی ده‌زانین ئیلتیزام به‌م رێككه‌وتنانه‌ بكرێ و بكه‌ونه‌ بواری جێبه‌جێكردنەوە.

لەکۆتاییشدا مه‌كته‌بی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان ئاماژه‌ی به‌وه‌ دا كه‌ بە دانه‌واندنی سه‌ری رێز و نەوازش بۆ شه‌هیدانی كورد و كوردستان كۆتایی به‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ هێنرا.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.