Erbil 38°C یەکشەممە 12 کانوونی دووەم 05:04

سبه‌ی عێراق و عومان له‌سه‌ر به‌رزكردنه‌وه‌ی جامی كه‌نداوی 25 ده‌جه‌نگن

کوردستان TV
100%

سبه‌ی پێنجشه‌م له‌سه‌ر یاریگه‌ی به‌سڕه‌، هه‌ردوو هه‌ڵبژارده‌ی عێراق و عومان له‌ یاریی كۆتایی جامی كه‌نداوی 25 ڕووبه‌ڕووی یه‌كتر ده‌بنه‌وه‌.

ڕكابه‌ری یاریزانانی نێوان هه‌ردوو هه‌ڵبژارده‌كه‌‌ كاتژمێر 7 شه‌و ده‌ست پێ ده‌كات.

هه‌ڵبژارده‌ی عێراق به‌ پاڵپشتی جه‌ماوه‌ر و یاریگه‌، چاوی له‌وه‌یه‌ چواره‌م جامی كه‌نداو به‌ده‌ستبێنێ، دوایین جاریش كه‌ هه‌ڵبژارده‌كه‌ ببووه‌ پاڵه‌وان به‌ر له‌ 35 ساڵ بوو كاتێك‌ له‌ ساڵی 1988 له‌ سعوودییه‌ جامه‌كه‌ی به‌رز كرده‌وه‌.

هه‌ڵبژارده‌ی عومانیش به‌ هه‌موو هێز و توانای خۆیه‌وه‌ دێته‌ ناو یاریگه‌ بۆ ئه‌وه‌ی جامی سێیه‌می پاڵه‌وانیه‌تییه‌كه‌ له‌گه‌ڵ خۆی بباته‌وه وڵاته‌كه‌ی‌، دواینجاریش كه‌ هه‌ڵبژارده‌كه‌ جامه‌كه‌ی به‌رزكردبووه‌وه‌ له‌ ساڵی 2017 بوو.

هه‌ردوو هه‌ڵبژارده‌كه‌ له‌ قۆناغی كۆمه‌ڵه‌كان هێزی خۆیان به‌رامبه‌ر یه‌كتر تاقی كردبووه‌وه‌، به‌ڵام هیچ كامیان تامی سه‌ركه‌وتنی نه‌چێشتبوو و هه‌ردوولا به‌بێ گۆڵ یه‌كسان ببوون.

هه‌ڵبژارده‌ی عێراق له‌ قۆناغی پێش كۆتاییدا به‌ ئه‌نجامی 2-1 گۆڵ له‌ هه‌ڵبژارده‌ی قه‌ته‌ڕی بردبووه‌وه‌، هه‌ڵبژارده‌ی عومانیش به‌ گۆڵێكی خاوێن به‌ربه‌ستی هه‌ڵبژارده‌ی به‌حرێنی بڕی بوو.

هه‌ڵبژارده‌ی عێراق به‌ كۆكردنه‌وه‌ی 7 خاڵ و به‌یه‌كه‌می كۆمه‌ڵه‌ی یه‌كه‌م، قۆناغی كۆمه‌ڵه‌كانی بڕی بوو، هه‌ڵبژارده‌ی عومانیش به‌ هه‌مان خاڵ، به‌ڵام به‌ جیاوازی گۆڵ به‌ دووه‌م هه‌مان كۆمه‌ڵه‌ سه‌ركه‌وتبوو.

هه‌ڵبژارده‌ی عێراق یه‌كه‌م ناسناوی له‌ جامی كه‌نداوی 5ی به‌غدا بوو، دووه‌م ناسناویشی له‌ ساڵی 1984ی مه‌سقه‌ت بوو، دواتر له‌ جامی كه‌نداوی 9 له‌ ریاز بۆ سێیه‌مجار جامه‌كه‌ی به‌رز كردبووه‌وه‌.

سه‌باره‌ت به‌ هه‌ڵبژارده‌ی عومانیش یه‌كه‌م ناسناوی له‌ جامی كه‌نداوی 19 له‌ ساڵی 2009 بوو كاتێك له‌نێو مه‌سقه‌تی پایته‌خت به‌ لێدانی سزای یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ و به‌ ئه‌نجامی 6-5 گۆڵ له‌ هه‌ڵبژارده‌ی سعوودییه‌ی برده‌وه‌، دووه‌م ناسناویش له‌ جامی كه‌نداوی 23 بوو له‌ وڵاتی كوێت دوای بردنه‌وه‌ی له‌ هه‌ڵبژارده‌ی ئیماڕات به‌ لێدانی سزای یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ به‌ ئه‌نجامی 5-4 گۆڵ.

وه‌رزش

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.