Erbil 38°C دووشەممە 23 ئەیلوول 06:21

سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان: داوا لە سەرجەم هێزە سیاسییەکان دەکەین بە سنگێکی فراوانەوە کێشەکانیان چارەسەر بکەن

کوردستان TV
100%

سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان ڕاگەیەنراوێکی لەسەر دۆخی ئێستای هەرێمی کوردستان،  بەرەپێشچوونی پەیوەندییەکان لەگەڵ حکوومەتی عێراق و دوا سەردانی شاندی ئەمریکا بۆ هەرێمی کوردستان بڵاو کردەوە و ڕایگەیاند، داوا لە سەرجەم هێزە سیاسییەکان دەکات جیاوازییەکانیان بەلاوە بنێن و بە سنگێکی فراوانەوە کێشەکانیان لە ڕێگەی گفتوگۆ و لێکگەیشتنەوە چارەسه‌ر بکەن.

لە ڕاگەیەنراوێک سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە دوا سەردانی شاندی حکوومیی وڵاته‌ یەکگرتووەکانی ئەمەریکا ده‌كات بە سەرۆکایەتیی برێت مەکگورک، نێردەی سەرۆکی ئەمەریکا بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئافریکا و به‌ ياوه‌ريى ئامۆس هۆکستاین، نێردەی سەرۆکایەتیی ئەمەریکا بۆ ژێرخانی جیهانی و ئاسایشی وزە.

لەبارەی کۆبوونەوەکە ڕاشیگەیاند: ئێمە پابەندی و پاڵپشتیی خۆمان بۆ په‌يوەندیی دوولایەنەی بەهێز و بەرهەمدارى عێراق و هەرێمی کوردستان له‌گه‌ڵ حکوومەتی وڵاته‌ یەکگرتووەکاندا لەسەر بنەمای ڕێککەوتنی چوارچێوەی ستراتیژی دووپات دەکەینەوە.

سەبارەت بە دۆخی هەرێمی کوردستان، لە ڕاگەیەنراوەکە باس لەوە کراوە کە "هەرێمی کوردستان لەبەردەم دۆخێکی ناڕوون و کۆمەڵێک ئاڵنگاریدایە. ئەمڕۆ، زیاتر لە هەر کاتێک، پێویستمان بە یەکگرتوویی و هاوکاریی نێوان هەموو لایەنەکان، بەتایبەتيش پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هەیە کە پێکەوە دواڕۆژی ئەم هەرێمەیان لە دەستدایە."

هەر لەمبارەیەوە سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "داوا لە سەرجەم هێزە سیاسییەکان دەکەین کە جیاوازییەکانیان بەلاوە بنێن و بە سنگێکی فراوانەوە کێشەکانیان لە ڕێگەی گفتوگۆ و لێکگەیشتنەوە چارەسه‌ر بکەن. ئەوەی کۆماندەکاتەوە زۆر گەورەترە لەوەی لە یەکتریمان جیا دەکاتەوە. بۆ ئەوەی بتوانین سەقامگیری و یەکڕیزی جێگیر بکەینەوە، بۆ ئەوەی بتوانین بەرژەوەندییەکانی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان بپارێزین و پەرەیان پێ بدەین، پێویستە هەموومان بە بەرپرسیارییەتەوە هەنگاو بنێین."

لەبارەی بەرەوپێشچوونی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغداش سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەش داوە کە "هاوکات پێشوازی لە بەرەوپێشچوونی به‌رده‌وامى چارەسه‌ری كێشه‌كانی نێوان حکوومەتی فيدراڵيى عێراق و حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین. وێڕاى سه‌ختييه‌كانى ڕابردوو، ئێمە گەشبینین کە دەتوانین لەگەڵ سەرۆک وەزیران محەممەد شیاع ئه‌لسوودانی و کابینەکەی و لە چوارچێوەی دەستووری عێراقدا، گرفتە هەڵپەسێراوەکان چارەسەر بکەین."

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.