Erbil 38°C یەکشەممە 12 کانوونی دووەم 12:23

سه‌رۆكی حكوومه‌ت: پێویسته‌ وڵاتان به‌ كرده‌یی هه‌وڵی كه‌مكردنه‌وه‌ی ئازاری خوشك و برا ئێزیدییه‌كان بده‌ن

کوردستان TV
100%

سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌ستخۆشی له‌ بڕیاره‌كه‌ی ئه‌مڕۆ پێنجشه‌می په‌رله‌مانی ئه‌ڵمانیا كرد سه‌باره‌ت به‌ جینۆسایدناساندنی كۆمه‌ڵكوژی ئێزدییه‌كان و داواشی له‌ وڵاتان كرد به‌ كرده‌یی هه‌وڵی كه‌مكردنه‌وه‌ی ئازاره‌كانی خوشك و برایانی ئێزیدی بده‌ن.

مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ داڤۆس له‌ وڵاتی سویسڕا له‌ چوارچێوه‌ی به‌شداریكردنی له‌ كۆڕبه‌ندی ئابووری جیهان ڕایگه‌یاند: ده‌ستخۆشی له‌ بڕیاره‌كه‌ی ئه‌مڕۆ پێنجشه‌می په‌رله‌مانی ئه‌ڵمانیا ده‌كه‌م كه‌ كۆمه‌ڵكوژی ئێزیدییه‌كانی به‌ جینۆساید ناساند.

ڕاشیگه‌یاند: پێشتریش په‌رله‌مانی به‌لجیكا و فڕه‌نسا و هۆڵه‌نداش بڕیاریان له‌سه‌ر به‌ جینۆسایدناساندنی كۆمه‌ڵكوژی ئێزیدییه‌كانی دابوو و ده‌ستخۆشی له‌وانیش ده‌كه‌م.

هه‌روه‌ها ڕایگه‌یاند: هیوادارم ئه‌مانه‌ ته‌نیا بڕیاری په‌رله‌مان نه‌بن و به‌ڵكو هاوكار بن بۆ ئه‌وه‌ی به‌ كرده‌یی هاوكاری كه‌مكردنه‌وه‌ی ئێش و ئازاری خوشك و برا ئێزیدییه‌كانمان بكه‌ن.

له‌ كاتی هێرش و په‌لاماره‌كانی ڕیكخراوی تیرۆریستی داعش له‌ ساڵی 2014، شه‌نگالیش یه‌كێك بوو له‌و ناوچانه‌ی كه‌وته‌ به‌ر په‌لاماری چه‌كداره‌كان و به‌هۆیه‌وه‌ ژماره‌یه‌كی زۆری كوردانی ئێزیدی كه‌وتنه‌ به‌ر شاڵاوی كوشتن و جینۆسایده‌وه‌.

نووسینگەی رزگارکردنی رفێنراوانی ئێزدی له‌ دوایین ئاماردا ئاماژه‌ی به‌وه‌ داوه‌ كه‌ تیرۆریستانی داعش له‌ ساڵی 2014 و له‌ كاتی په‌لاماردانی شه‌نگال، 6 هه‌زار و 417 هاووڵاتی کوردی ئێزیدییان رفاندبوو، له‌م ژماره‌یه‌شدا تا ئێستا توانراوه‌ 3 هه‌زار و 562 كه‌س رزگار بكرێن، به‌ڵام تا ئێستا چاره‌نووسی 2 هه‌زار و 693 رفێنراوی تر دیار نییه‌.

 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.