مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ هەینی 20ـی 01ـی 2023 پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە ئامۆس هۆکستین هاوئاهەنگکاریی تایبەتی سهرۆكايهتيى ئهمريكا بۆ ژێرخانى جيهانى و ئاسايشى وزه پێگەیشت.
لە پەیوەندییەکەدا، سەرۆکی حکوومەت باسی لە دوا سەردانی خۆی کرد بۆ بەغدا لە ڕۆژی 11ـی ئەم مانگە کرد و کۆبوونەوەی لە گەڵ سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ و ئامادەیی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لە سەر بنەمای دەستوور دووپات کردەوە. بە تایبەتی هەوڵەکانی ئامادەکردنی یاسای نەوت و گازی فیدراڵ بەپێی دەستووری عێراق. لەمبارەیەوە سەرۆکی حکوومەت، جەختی کردەوە تا ئەوکاتەی یاسای نەوت و گازی فیدراڵ دەردەچێت، حکوومەتی هەرێم هاوئاهەنگیی لەگەڵ بەغدا دەکات بۆ بەردەوامبوون لە بەرهەمهێنان و پەرەپێدانی کەرتی وزەی خۆی.
هاوئاهەنگکاریی تایبەتی سهرۆكايهتيى ئهمريكا، کورتەیەکی دەربارەی سەردانی ئەم چەند ڕۆژەی دواییان بۆ بەغدا و هەولێر خستەڕوو. هەردوولا هاوڕابوون لەسەر گرنگیی نەهێشتنی ئاستەنگەکان لەبەردەم پەرەپێدان و پێشخستنی کەرتی وزەدا.
لە تەوەرێکی دیکەی پەیوەندییەکەدا، پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی ئەمریکا و هەرێمی کوردستان تاوتوێ کرا. هەردووکیان هاوڕابوون لەسەر گرنگی برەودان بە بوارەکانی بازرگانی و وەبەرهێنان و وزە لە هەرێمی کوردستان و عێراق.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.