Erbil 38°C یەکشەممە 12 کانوونی دووەم 14:44

بانكێكی نوێ له‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌كرێته‌وه‌.. به‌ سه‌رجه‌م بانكه‌ عێراقی و جیهانییه‌كان ده‌به‌سترێته‌وه‌‌

کوردستان TV
100%

كردنەوەی بانكی نیشتمان لە هەرێمی كوردستان، دەتوانێت هۆکارێک بێت بۆ کردنەوەى پێشینەكان بۆ هاووڵاتییان و واڵاکردنی دەرگا بۆ بانكەكان تا بکرێنە سیستەم و بە بانکە عێراقى و جیهانییەکان ببەسترێنەوە و ئەمانەش هەمووى هۆکارن بۆ گەشەسەندنى ئابوورى و بەهێزکردنى سیستەمى بانکى لە هەرێمی كوردستان.

مەولوود سابیر بەڕێوەبەری گشتی بانکە بازرگانییەکان لە هەرێمی كوردستان باسی له‌ بانكی نیشتمان كرد و ڕایگه‌یاند: بانكی نیشتمان بانكێكی حكومییە، بە یاسای بانكی ناوەندی عێراقی دادەمەزرێت، ڕێكارەكانی دامەزراندنی دەستپێكراوە و كارەكانی لە هەرێم بە سەرمایەى نزیک بە 250 ملیار دینار كۆتایی هاتووە، و 25 ملیار دیناریشمان بە کاش لە بانكی ناوەندی عێراقی لە هەولێر داناوە، تەنیا لەسەر بانكی ناوەندی عێراقی ماوەتەوە كە مۆڵەتمان پێ بدات بۆ ئەوەی كارەكانمان ئەنجام بدەین و دەست پێ بكەین.

مەولوود سابیر سه‌باره‌ت به‌ سوودی بانكی نیشتمان بۆ هاووڵاتیان ڕایگه‌یاند: كە مۆڵەت لە بانكی ناوەندی عێراقی وەردەگرین، واتە هەموو ئەو كارانەی بانكی ناوەندی عێراقی ئەنجامی دەدات لە رووی رێنمایی و یاساوە ئێمەش لە بانكی نیشتمان جێبەجێی دەكەین، سوودەکەشى ئەمانەن:-

ـ گشت پێشینەكان بۆ هاووڵاتییانی هەرێم دەكاتەوە.

ـ دەرگا وڵا دەكات تا بانكەكانی هەرێم بكرێنە سیستەم.

ـ واڵاکردنە دەرگا بەڕووی دەرەوە و جیهان.

ـ کارکردن لەگەڵ ئەو بانكە نێودەوڵەتییانەی ئێستا كارمان لەگەڵ ناكەن.

ـ لە هەرێمى کوردستان 94 بانك هەیە، بە کردنەوەى بانكی نیشتمان، ڕێژەی بەشێک لە فەرمانبەران كەم دەبێتەوە.

ـ بانكی نیشتمان ده‌بێته‌ دەرگایەک بۆ وه‌به‌رهێنه‌ران و دروستبوونی متمانە بۆ وه‌به‌رهێنه‌رانی بیانی.

ـ مانگانە 500 ملیۆن دۆلاری پاره‌ی نه‌وت لە ڕێگەى بانکە ئەهلییەکانەوە بۆ مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران خه‌رج ده‌كرێت، بانکى نیشتمان ئەمەش چارەسەر دەکات.

بەڕێوەبەری گشتی بانکە بازرگانییەکان له‌باره‌ی سووده‌كانی بوون به‌ ئەندامى بانکى ناوەندى عێراق ئاماژه‌ی به‌وه‌ دا: ئێستا بەهای دۆلار رۆژانە لە بەرزبوونەوەدایە، هەموومان دەپرسین ئایا هۆكار چییە، هۆكارەكەی ئەوەیە بانكی ناوەندی ڕێژەیەكی كەم دۆلار دەخاتە بازاڕ، ئەگەر ئێمە ئەندام بین لە بانكی ناوەندی عێراقی و بە یاسا مۆڵەت وەربگرین، ئەو كاتە بانكی ناوەندی عێراقی ڕێژەیەك لەو دۆلارە دەداتەوە بە بانكی نیشتمان و ئێمەش لە هەرێمی كوردستان دەیخەینە بازاڕ، وه‌رگرتنی دۆلار له‌ بانكی ناوه‌ندی عێراقی و خستنه‌ بازاڕی هه‌رێمی كوردستان ده‌بێته‌ هۆی دابه‌زینی نرخی دۆلار.

 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.