Erbil 38°C دووشەممە 23 ئەیلوول 14:26

فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیتاڵیا بە سڕینەوەی 15 خاڵ سزای یانەی یوڤانتۆس دەدات

کوردستان TV
100%


داوەریی وەرزشیی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیتاڵیا، بڕیاریدا بە سڕینەوەی15 خاڵ سزای یانەی یوڤانتۆس بدات کە یەکێکە لە یانە چالاکەکانی پاڵەوانێتی تۆپی پێی ئیتاڵیا (سێری ئا)، ئەمەش بەهۆی تێوەگلانی یانەکە لە دۆسیەی گەندەڵی داراییەوە.

لەو راگەیەندراوەی کە فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیتاڵیاوە بڵاوکراوە ئەوە خراوەتەڕوو کە بەهۆی تێوەگلانی لە دۆسیەیەکی لێکۆڵینەوەی تایبەت بە گەندەڵی دارایی کە کارە نایاساییەکانی وەک بەدەستهێنانی سەرمایە بەشێوەی نایاسایی و جیاوازی لە نرخەکانی گواستنەوەی یاریزانان لەخۆدەگرێت، سزای سڕینەوەی 15 خاڵ بەسەر یانەی یوڤانتۆس دراوە و سزاکەش لەم وەرزەی ئێستادا دەخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

جگە لە سزادانی یانەکە، بەرپرسانی پێشووی یوڤانتۆس بە ماوەی جیاجیا سزای بێبەشکردن لە چالاکییە وەرزشییەکانیان بەسەردا سەپێندرا، بەمپێیەش بەڕێوبەری پێشووی وەرزشی یوڤانتۆس، فابیۆ پاراتچی 30 مانگ، سەرۆکی پێشووی یانەکە، ئاندریا ئانێلی 24 مانگ، بەڕێوبەری گشتی پێشووی یانەکە، ماوریتسیۆ ئاریڤابین 24 مانگ و یاریدەدەری پێشووی سەرۆکی یانەکە، پاڤێڵ نێدڤێد بۆ ماوەی هەشت مانگ لە مافی بەشداریکردن لە هەر چالاکییەکی وەرزشی بێبەش دەکرێن.

سەرۆکایەتی داواکاری گشتیی فێدراسیۆنی تۆپی پێی ئیتاڵیا داوای سڕینەوەی نۆ خاڵی بۆ یانەی یوڤانتۆس کردبوو.

لە ئێستادا یانەی یوڤانتۆس بە 37 خاڵ لە ریزبەندی سێیەمی سێری ئادایە کە 18 هەفتەی ماوە بۆ کۆتاییهاتن بە وەرزی 2022-2023، بە سڕینەوەی 15 خاڵیش ئەو یانەیە ژمارەی خاڵەکانی بۆ 22 خاڵ دادەبەزێت و دەگاتە ریزبەندی 11مین.

ئەوەی جێگای سەرنجە لە راگەیەندراوەکەدا ئەوە خراوەتەڕوو کە هەشت یانەی دیکەش لەگەڵ یوڤانتۆس بە کاری هاوشێوە لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا کراوە بەڵام هیچکامێکیان سزا نەدراون هەروەها بڕیاری بێتاوانی بۆ بەرپرسانی یانەکانی دیکەش دەرکراوە.

راگەیاندنەکانی ئیتاڵیا، هەواڵی سزادانی یوڤانتۆسیان وەک "هەواڵی بەپەلە" بڵاوکردەوە و باس لەوەش دەکەن کە چاوەڕێ دەکرێت یانەکە ئەو بڕیارە تەمییز بکاتەوە.

وه‌رزش تۆپی پێ

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.