سەرۆکی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی کۆدەبێتەوە.
سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان بڵاوی کردەوە، نێچیرڤان بارزانی بە مەبەستی بەشداریکردن لە رێوڕەسمی ساڵیادی شههیدبوونی سەرۆکی پێشووی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامیی عێراق، محەمەد باقر حەکیم، گەیشتووەتە بەغدا.
لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە دراوە کە لە میانی رێوڕەسمەکەدا، نێچیرڤان بارزانی گوتارێک پێشکەش دەکات.
ئەوەش خراوەتەڕوو کە دوای رێوڕەسمەکە، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە بەغدا لەگەڵ ژمارەیەک لە سەرکردە و بەرپرسانی باڵای عێراق لەنێویاندا سەرۆکوەزیران، محەمەد شیاع سوودانی کۆدەبێتەوە.
پێشتر نووسینگەی سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامیی عێراق، عەممار حەکیم کە رێوڕەسمەکەی رێکخستووە، رایگەیاندبوو، بە بەشداریی و ئامادەبوونی هەر چوار سەرۆکایەتییەکەی عێراق، سەرۆکایەتیی کۆمار، ئەنجوومەنی وەزیران، ئەنجوومەنی نوێنەران و ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی هەروەها سەرۆکی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی رێوڕەسمی ساڵیادی شههیدبوونی محەمەد باقر حەکیم بەڕێوەدەچێت.
لە 29ی ئابی 2003 لە ئاکامی تەقینەوەی ئۆتۆمبێلێکی بۆمبڕێژکراو لە نزیک مەزارگەی ئیمام عەلی نەجەف، سەرۆکی پێشووی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامیی عێراق، محەمەد باقر حەکیم شههیدبوو.
ساڵانە ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامیی عێراق لە یادی شههیدبوونی محەمەد باقر حەکیم رێوڕەسمێک رێکدەخات.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.