لهپارێزگای سلێمانی قۆناخی یەکەمی پڕۆژەی بە بازاڕکردنی گەنمی جووتیاران تەواو بووە.
ئهمڕۆ شهممه21ی1ی2023، له راگهیاندراوێكدا فهرمانگهی میدیا و زانیاری حكوومهتی ههرێمی كوردستان بڵاویكردهوه: کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەر لەسەرەتای دەست بەکاربوونیەوە و سەرەڕای ئەو قەیرانە داراییەی ڕووبەڕووی هەرێمی کوردستان بووەوە، بەڵام هەنگاوی جدی بۆ بونیاتنانی ژێرخانێکی پتەو بۆ هەرێمی کوردستان هەڵگرت.
راشگهیاندراوه، یەکێک لەو پرۆژانە، دروستکردنی سایلۆ بوو لە هەرێمی کوردستان و لە پارێزگای سلێمانیش بە جێبەجێکردنی پڕۆژەیەکی ستراتیژیی کەرتی کشتوکاڵی، کێشەی بەبازاڕکردن و ساخکردنەوەی گەنمی جووتیارانی ئەو سنوورە چارەسەر دەکات.
فهرمانگهی میدیا و زانیاری ئاماژهی بهوهشكردووه، پڕۆژەی نیشتمانیی بە بازاڕکردنی گەنمی جووتیاران لە سلێمانی، لە 30 سایلۆ پێکهاتووە، کە ساڵانە توانای وەرگرتنی 150 هەزار تۆن گەنمیان هەیە، لەگەڵیشیدا پێنج کارگەی بەرهەمهێنانی ئارد، ساوەر، بڕوێش، پاستا و عەلەفی ئاژەڵ دروستکراوە.
زاهیر زانا، بەڕێوەبەری پڕۆژەی بەبازاڕکردنی گەنمی جووتیاران لە سلێمانی، بە پێگەی فەرمی حکومەتی هەرێمی کوردستانی ڕاگەیاند: پڕۆژەکە لە چەند قۆناغێک پێکدێت و لە ماوەی پێنج ساڵدا تەواو دەکرێت و گوژمەی دروستکردنەکەشی 128 ملیۆن دۆلارە.
ئهوهشی خستووهتهڕوو، كه لە ئێستادا قۆناخی یەکەمی پڕۆژەکە تەواو بووە و لەکاتی کارکردنیدا هەلی کاری بۆ 300 دەستی کاری ناوخۆیی ڕەخساندووە و بە تەواوبوونی هەر پێنج قۆناغەکەش، پێنج هەزار هەلی کاری ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ بۆ هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان دەڕەخسێنێت.
بەڕێوەبەری پڕۆژەکە بهپێگهی فهرمانگهی میدیا و زانیاری حكوومهتی ههرێم ئاماژهی بهوهشكردووه : قۆناغی یەکەمی پڕۆژەکە 12 سایلۆ لەخۆ دەگرێت، کە توانای عەمبار کردنی 60 هەزار تۆن گەنمی هەیە و کارگەی بەرهەمهێنانی ئاردیش بەشێکە لە قۆناخی یەکەمی پڕۆژەکە و ساڵانە توانای بەرهەمهێنانی 360هەزار تۆن ئاردی هەیە.
ئەم پڕۆژەیە، یەکێکە لە پڕۆژە ستراتیژییەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پارێزگای سلێمانی، بە تەواوبوونیشی ئاسایشی خۆراک لە هەرێمی کوردستان و پارێزگای سلێمانی، دەستەبەر دەکات.
دارشتنهوهی ههواڵ - شوان عهزیز
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.