Erbil 38°C یەکشەممە 12 کانوونی دووەم 21:28

سوودانی: بەردەوام دەبین لە پشتگیریکردنی بانکی ناوەندی بۆ گەڕاندنەوەی دۆلار بۆ بەهای خۆی

کوردستان TV
100%


سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی رایگەیاند، حکوومەتەکەی بەردەوام دەبێت لە پشتگیرکردنی بانکی ناوەندی عێراق بۆ گەڕاندنەوەی دۆلار بۆ بەهای خۆی.

محەمەد شیاع سوودانی لە میانی بەشدارییکردنی لە رێوڕەسمی ساڵیادی کوژرانی سەرۆکی پێشووی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامیی عێراق، محەمەد باقر حەکیم، کە بە ئامادەبوونی سەرکۆماری عێراق، عەبدوللەتیف رەشید، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران، محەمەد حەلبووسی، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی، فایەق زێدان و سەرۆکی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی و ژمارەیەک لە بەرپرسانی باڵای عێراق لە بەغدا بەڕێوەچوو، گوتارێکی پێشکەش کرد.

سوودانی دوای ستایشکردنی رۆڵی محەمەد باقر حەکیم ئاماژەی بە پشهاتە ئابوورییەکان و دابەزینی بەهای دیناری عێراق بەرامبەر بە دۆلار کرد.

سەرۆکوەزیرانی عێراق گوتی: نزیکبووینەتەوە لە تەواوکردنی پرۆژە یاسایی بوودجە کە جیاوازە لەساڵانی رابردوو، چونکە یەکەم جارە پرۆژە یاسای بوودجە تەوەرەکانی بەرنامەی حکوومەت لەخۆی بگرێت.

محەمەد شیاع سوودانی پشتیوانی حکوومەتەکەی بۆ بانکی ناوەندی عێراق لە هەوڵەکانی بۆ گەڕاندنەوەی دۆلار بۆ ئەو بەهایەی کە حکوومەت دیارییکردووە و گوتی: حکوومەت بەردەوام دەبێت لە پشتگیریکردنی بانکی ناوەندی بۆ گەراندنەوەی نرخی دۆلار بۆ نرخی فەرمی، ئەمەش بەشێکە لە کێشەی ئابووری کە پێویستی بە بەرەنگاربوونەوەیەکی مەردانە و چارەسەری یەکلاکەرەوە هەیە لەپێناو کۆتاییهێنان بەسیاسەتە هەڵەکانی دارایی کە بۆ حکوومەتی ئێستا ماوەتەوە.

سوودانی باسی لەوە کرد کە چەند بڕیارێکیان بۆ پشتگیریکردن لە بەهای دینار داوە و گوتی: کۆمەڵێک بڕیاری بوێرمان داوە بۆ پشتگیریکردن لە دیناری عێراقی و سەقامگیریی بەهاکەی، هەروەها هۆشداریی بەو کەسانە دەدەین کە ئەم قەیرانە بەهەل بزانن و یاری بە پێداویستییەکانی خەڵکی بکەن.

سەرۆکوەزیرانی عێراق راشیگەیاند، بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار لە ئەنجامی بڕیارەکانی حکوومەت نییە، بەڵکو بەهۆی ئەوەیە هەندێک کەس رەوشی کاتی و ئاڵوزبوونی بازارەکانیان بەهەل زانیوە کە تائێستا بازار بەتەواوی نەیتوانیوە رەفتار لەگەڵ میکانیزمەکانی سیستەمی نوێی بانکیدا بکات کە پارێزگاری لە سامان دەکات ئەمەش هەنگاوێکی گرنگە بەرەو چاکسازی ئابووریی.

سوودانی گوتیشی: جەخت لە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی وەک کاری لە پێشینە دەکەینەوە، حکوومەتەکەمان بەردەوام دەبێت لە پشتگیریکردنی دادگا و لایەنە پەیوەندارەکان بۆ دەستەسەرکردنی داواکراوەکان وکارکردن بۆ گێرانەوەی پارە دزراوەکان.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند: لە گشت هەنگاوەکانمان و لە ئامانجەکانی بوودجەشدا، کەمکردنەوەی هەژارییمان لەناو کۆمەڵگادا لەبەرچاو گرتووە.

عێراق

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.