ئەمرۆ شەممە 2023.1.21، ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر، بە یاوەرى جێگرى پارێزگار و قائیمقام و سەرۆکی شارەوانی هەولێر و جێگری سەرۆکی شارەوانی و بەڕێوەبەرى پارک و باخچەکانى هەولێر و ژمارەیەکى دیکە لە بەرپرسان، بە مەبەستى لە نزیکەوە ئاگاداربوون لە چۆنیەتى بەڕێوەچوونى کارەکان، پرۆژەی نۆژەنکردنەوەی باخی شار بەسەرکردەوە، کە بەگوژمەى (280 ملیۆن دینار) بەسەرپەرشتى ڕاستەوخۆى پارێزگاى هەولێر دەست بە نۆژەنکردنەوەى کراوە.
پارێزگارى هەولێر لە بەسەرکردنەوەکەیدا، لە نزیکەوە لە چۆنیەتی بەڕێوەچوونی کارەکانی کۆڵییەوە و دەستخۆشى لە سەرپەرشتیار و ئەندازیار و ئەو کرێکارانە کرد کە لە نۆژەنکردنەوەى پارکەکەدا کار دەکەن و ڕایگەیاند: وەک پارێزگای هەولێر بەهەموو شێوەیەک پاڵپشتانین بۆ ئەوەی بە باشترین شێوە، کارەکانى ئهم پڕۆژەیه جێبەجێبکرێت و لە ماوەى دیاریکراوى خۆیدا پڕۆژەکە بەکۆتابێت و بهڕووى هاوڵاتییان بکرێتەوە.
باخى شار کە کەوتۆتە ناوەندى شارى هەولێر و دامێنى قەڵا، بە هۆى دیمەنى جوان و نافوورەکانى و شوێنەکەى کە ناوجەرگەى بازاڕە، ڕۆژانە و بەتایبەتى لە كاتی بۆنە و ئاهەنگەكان ژمارەیەكی زۆر لە گەشتیار لە ناوەڕاست و خواروى عێراق و وڵاتانى دیکە و هاوڵاتییانى شار ڕووی تێدەكەن و یەکێکە لەو شوێنانەى کە بۆتە ناوچەیەکى گەشتیارى ناوەندى شارى هەولێر.
جێگەى باسە، پڕۆژەی نۆژەنکردنەوەی باخی شار، کە بەگوژمەى (280 ملیۆن دینار) لەسەر ئەرکى یەکگرتووى بانکەکانى عێراق و لەلایەن کۆمپانیایى کارتال و بەسەرپەرشتى ڕاستەوخۆى پارێزگاى هەولێر دەست بە نۆژەنکردنەوەى کراوە و ماوەى تەواوکردنى پڕۆژەکەش (90 ڕۆژە).
ئومێد خۆشناو: بە باشترین شێوە پڕۆژهی نۆژهنكردنهوهی باخی شار ئهنجام دهدرێت
100%
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.