د.كهمال كهركوكی بهرپرسی مهكتهبی رێكخستنی پارێزگای كهركوك-گهرمیانی پارتی دیموكراتی كوردستان پهیامێكی لهبارهی بڕیاری پهرلهمانی ئهڵمانیا سهبارهت بهتاوانهكانی داعش دژ بهكوردانی ئێزدیی بڵاوكردهوه.
دهقی پهیام:
بەیاننامەی مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای کەرکووك - گەرمیان.
بڕیاری پەرلەمانی ئەڵمانیا سەبارەت بە تاوانەکانی داعش دژ بە کوردانی ئێزدی لە ساڵی 2014دا و ناساندنی بە تاوانی "کۆمەڵکوژی – جینۆساید"، بەرز دەنرخێنین.
لەپاڵ داننان بە تاوانی جینۆساید، بڕیارەکەی پەرلەمانی ئەڵمانیا زنجیرەیەك هەنگاو لەخۆ دەگرێت لە نێویاندا ڕاوەدونانی دادگەری بۆ کەسانی گومانلێکراو لە ئەڵمانیا و لە عێراق، هەروەها کۆکردنەوەی بەڵگەی تاوانەکانی داعش دژ بە کوردانی ئێزدی و بە دۆکیۆمێنت کردنیان، تا دەگاتە بنیادنانەوەی ناوچە خاپوورکراوەکانی ئێزدییەکان و قەرەبووکردنەوەی دارایی.
پیرۆزبایی ئەم دەسکەوتە لە خوشک و برایانی ئێزدیمان دەکەین، کە هەنگاوێکی بنەڕەتییە بۆ زاڵبوون بە سەر ئەو زەبرانەدا کە بەریان کەوتن و، هیواخوازین پەرلەمانەکانی وڵاتانی دیکەی ئەوروپا و جیهان هەنگاوی هاوشێوە بنێن لە پێناو بەدیهێنانی دادپەروەری بۆ قوربانییان، کە ژمارەیان گەیشتە پێنج هەزار تاکی ئێزدی جگە لە حەوت هەزار قوربانی لە ئافرەتانی ئێزدی کە گشتیان بوونە قوربانیی دەستی دڕندایەتیی و بیری تاریك و شۆڤینی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش.
لە کاتێکدا بە ڕێزەوە لەم هەنگاوە گرینگە دەڕوانین، ناکرێت بەسەر ئەو ڕاستییەدا دەرباز ببین کە گەلی کوردمان بە گشت چین و توێژەکانیەوە چەندان جار ڕووبەڕووی جینۆسایدکردن بووەتەوە. ئەوە بوو هەڵەبجە و بالیسان و شێخ وسانان وزۆر شوێنی دیکەی سۆران وبادینان لە کوردستانی باشور بە چەکی قەدەخەکراوی کیمیایی بۆردومان کران و ئەو کیمیابارانە زیاتر لە پێنج هەزار مرۆڤی کوردی تەنھا لەھەڵبجە شەھید کردو زیاتریش لە نۆ ھەزار (٩) بەرکەوتی کیمیایی بریندار بوون ، چەندین کۆمەڵگەی دیکەی کورد نشینی لە هەڵمەتەکانی ئەنفالدا کرانە ئامانج وەکو بارزانییەکان لە ئۆردوگای قوشتەپە لە ئۆپەراسیۆنێکدا ژمارەی قوربانییانیان گەیشتە هەشت هەزار بێ سەروو شوێن کە تەمەنی بەشێکیان لە خوار 14 ساڵەوە بوو.
ئەو ئەنفالە (جینۆساید) بەفەرمان وبەدەستی ھێزەکانی ڕژێمی فەرمانڕەوا لەبەغدا سەرتاسەری کوردستانی باشوری لەگەرمیان و بادیان گرتەوە و ژمارەی قوربانییان گەیشتە 182 هەزار قوربانی کە شوێنبزر کران و تا ئێستا چارەنووسیان بە نادیاری ماوەتەوە و،
بەم جۆرەیش، ئەرکی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە ڕێڕەوە یاساییەکان بگرێتە بەر و دان بە پرۆسە یەک لە دوای یەکەکانی کۆمەڵکوژی دژ بە گەلی کوردماندا بنێت، بۆ ئەوەی بیسەلمێنێت کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دان بە قوربانیدانەکانیاندا دەنێت و ڕێکارە یاساییەکان دەگرێتە بەر بۆ ڕاوەدونانی ئەنجامدەرانی ئەو تاوانە دڕندەییانە. هەروەها ئەرکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقە پەلە بکات لە داننان بە کۆمەڵکوژیی (جینۆسایدی) کوردە ئێزدییەکان و کۆمەڵکوژییەکانی دیکەیش کە لە کوردستان ئەنجام دراون، بەمەیش پەیامێکی ئەرێنی ئاراستەی گەلی کورد و گەلی ئێزدی وەک بەشێکی ئەم گەلە، دەکات.
سڵاو لە گیانی پاکی قوربانییانی خوشك و برا ئیزیدیەکانمانی جینۆساید کراو وگشت شەهیدانی کوردستان.
دکتۆر کەمال کەرکووکی
بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای کەرکووك - گەرمیان
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.