Erbil 38°C دووشەممە 23 ئەیلوول 20:17

سەرۆک بارزانی پێشوازی لە شاندی ھاوبەشی هەردوو باڵیۆزی فەڕەنسا و ئەڵمانیا لە عێراق دەکات

سەرۆک بارزانی پێشوازی لە شاندی ھاوبەشی هەردوو باڵیۆزی فەڕەنسا و ئەڵمانیا لە عێراق دەکات
کوردستان TV
100%


ڕۆژی یەکشەممە 22ی کانوونی دووەمی 2023 لە سەلاحەددین سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازی لە بەڕێز ئیریک شۆڤالیێ باڵیۆزی فەڕەنسا لە عێراق و  مارتین بێگەر باڵیۆزی ئەڵمانیا لە عێراق کرد. 
لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا باڵیۆزانی ھەردوو وڵات ئەوەیان خستەڕوو کە فەڕەنسا و ئەڵمانیا بە ھاوبەشی لەگەڵ یەکتر بایەخ بە بابەتە نێودەوڵەتیە گرنگەکان دەدەن بە تایبەت بارودۆخی عێراق و ھەرێمی کوردستان و بەلای ھەردوو وڵاتیشەوە سەقامگیری و بووژانەوەی ھەرێمی کوردستان گرنگییەکی تایبەتی ھەیە، هەروەها ئەوەشیان بە سەرۆک بارزانی گەیاند کە فەڕەنسا و ئەڵمانیا بە نیازی ئەوەن سەنتەرێکی ھاوبەشی کولتووری لە قەڵای ھەولێر دابمەزرێنن، ئەویش بە مەبەستی پێشخستنی پەیوەندییە کولتووری و زانستی و میللیەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و هەردوو وڵاتی ئەڵمانیا و فەڕەنسا.
هەر لەو کۆبوونەوەیەدا سەرۆک بارزانی خۆشحاڵیی خۆی ڕاگەیاند بە ھەماھەنگی و ھاوبەشی نێوان ئەڵمانیا و فەڕەنسا لەمەڕ بابەتە نێودەوڵەتییەکان و بە بابەتێکی گرنگ و کاریگەری لەقەڵەم دا، سەرۆک بارزانی پێزانینی بۆ بڕیاری پارلەمانی ئەڵمانیا ھەبوو لە بە جینوسایدناساندنی کۆمەڵکوژیی شنگال و بە ھەنگاوێکی گرنگ و مێژوویی زانی.
داواشی کرد لە پێناو بەدیھاتنی دادپەروەری و ساڕێژکردنەوەی برینی خوشک و برایانی ئێزیدی وڵاتانی تری یەکێتی ئەوروپاش بڕیاری ھاوشێوە بدەن.
ھەر لەو دیدارەدا بارودۆخی سیاسی ناوچەکە و دواپێشھاتەکانی ناو پڕۆسەی سیاسی عێراق تاوتوێ کرا و پەیوەست بە پەیوەندییەکانی نێوان ھەرێم و حکوومەتی فیدرالی عێراق شاندی میوان خۆشحاڵی خۆیان نیشاندا بەو کەشە ئیجابییەی لە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و حکوومەتی فیدڕاڵ لە ئارادایە و بە دەرفەتێکیان زانی بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکانی نێوان ھەولێر و بەغدا.
بارودۆخی سیاسی ھەرێمی کوردستان تەوەرێکی تری ئەو دیدارە بوو و شاندی میوان ئەوەیان دووپاتکردەوە کە فەڕەنسا و ئەڵمانیا بەردەوام دەبن لە پاڵپشتی و ھاوبەشی و ھەماھەنگی لەگەڵ ھەرێمی کوردستان.
جێگەی ئاماژەپێکردنە لەو 
دیدارەدا بەڕێز  ئۆلیڤیێ دیکۆتینی کونسوڵی گشتیی فەڕەنسا لە هەولێر ئامادە بوو.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.