Erbil 38°C دووشەممە 13 کانوونی دووەم 05:18

نێچیرڤان بارزانی بەردی بناغەی پەیمانگه‌يه‌كى كولتووريی فەرەنسی ـ ‏ئەڵمانی دانا

کوردستان TV
100%


سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە میانی ڕێوڕەسمی دانانی بەردی بناغەی پەیمانگەی کولتووریی فەرەنسی و ئەڵمانی ڕایگەیاند، ئەم پەیمانگەیە دەبێتە پردێكی دیكەی دۆستایەتيی نێوان ‏هەرێمی كوردستان و ئەڵمانیا و فەرەنسا.

نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی ‏هەرێمی كوردستان، پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ یەكشەممە 22ـی 01ـی 2023 لەگەڵ هەریەك لە ئيريك شۆڤاليێ باڵيۆزى فه‌ره‌نسا و ‏مارتين يێگه‌ر ‏باڵيۆزى ئه‌ڵمانيا له‌ عێراق و كونسوڵانی هەردوو وڵات لە هەولێر و ‏ژمارەیەك وەزیر و بەرپرسانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لەسەر قەڵای هەولێر ‏بەردی بناغەی په‌يمانگه‌ى داهاتووى كولتووريى هاوبه‌شى فه‌ره‌نسى ـ ئه‌ڵمانى دانا ‏كه‌ لە ڕێوڕسمێكى ڕه‌مزيدا به‌ڕێوه‌چوو.‏

لە ڕێوڕەسمەكەدا نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان وتەیەكی پێشكەش كرد، ئەمە ‏دەقەكەیەتی:‏

بەڕێزان هەموو لایەكتان بە خێر بێن. خۆشحاڵم كە ئەمڕۆ بەشداری دەكەم لە ‏دانانی بەردی بناغەی ئەنستیتوی كولتووری كە كارێكی هاوبەشی نێوان ئەڵمانیا و ‏فەرەنسایە. سوپاسی هەردوو وڵاتی ئەڵمانیا و فەرەنسا دەكەین بۆ هەموو ئەو ‏پشتگیرییانەی كە لە هەرێمی كوردستان و عێراقیان كردووە. ‏

بێگومان بەڕێز سەفین دزەیی ئەو شتەی كە پێویست بوو لەسەر هەڵوێستی ‏هەرێمی كوردستان هەمووی بە ووردەكارییەوە باس كرد. ئەوەی دەمەوێ زیادی ‏بكەم ئەوەیە كە بێگومان ئەم پەیمانگەیە دەبێتە پردێكی دیكەی دۆستایەتيی نێوان ‏هەرێمی كوردستان و ئەڵمانیا و فەرەنسا. ئەم دوو وڵاتە لە كاتی تەنگانەدا بە ‏هەموو شێوەیەك یارمەتیی هەرێمی كوردستانیان داوە، چ لە ڕووی سەربازییەوە، چ ‏لە ڕووی كولتوورییەوە و چ لە ڕووی مرۆییيەوە. ‏

ئەمڕۆ بەم بۆنە گەورەیەوە كە پێموایە بۆنەیەكی زۆر زۆر گەورەیە و كارێكی زۆر ‏گرنگە، چونكە ئەمە پەیوەندیی كولتووریی هەردوولامان بەهێز دەكات، سوپاسیان ‏دەكەین بۆ هەموو ئەو هاوكارییانەیان و هیوادارین ئەم هاوكارییانەیان لەگەڵ ‏هەرێمی كوردستان و عێراق بەردەوام بێت. سوپاسی تیمی هەردوولا دەكەین ‏ئەوانەی كە لە پاریسەوە تەشریفیان هێناوە و ئەوانەی كە لە بەرلینەوە هاتوونەتە ‏هەولێر و لەگەڵ ئێمە بەشدارن. ‏

سوپاسی باڵیۆزی فەرەنسا و باڵیۆزی ئەڵمانیا لە بەغدا دەكەین و سوپاسی جەنابی ‏كونسوڵی فەرەنسا و كونسوڵی ئەڵمانیا لە هەولێر دەكەین بۆ بەشداريی ئەم ‏ڕێورەسمە و هیوادارم ئەم ئەنستیتۆیە ببێتە پردێكی دیكەی هاوكاریی كولتووریی ‏نێوان هەرێمی كوردستان و فەرەنسا و ئەڵمانیا. ‏

ئەمە ڕووداوێكی گرنگە چونكە وەك لە جەنابی باڵیۆزی فەرەنسا بیستم ئەمە ‏چوارەمین كارە بەم شێوەیە ئەنجامی دەدەن. پێشتر سێیان ئەنجام داوە و هەولێر ‏چوارەمینە، هەروەها ئەوەی لە هەولێر دەكرێت لە شوێنێكی زۆر گرنگدا كراوە كە ‏قەڵای دێرینی هەولێرە، ئەمەش نیشانەیەكی زۆر زۆر گرنگی ئەو پەیوەندییە ‏كولتووری و هاوبەشییەيه‌ كە لەگەڵ فەرەنسا و ئەڵمانیا هەمانە. ‏

دووبارە سوپاسیان دەكەین و هەموو لایەك زۆر بەخێر بێن. زۆر سوپاس.‏

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.