Erbil 38°C دووشەممە 13 کانوونی دووەم 10:30

هەرێمی كوردستان بووەتە پەناگەی ئارامی نزیكەی ملیۆنێک ئاوارە و پەنابەر

کوردستان TV
100%

فەرمانگەی میدیا و زانیاری ئامارێکی خستووەتەڕوو، ئاشکرای دەکات کە هەرێمی كوردستان بووەتە پەناگەی ئارامی نزیكەی ملیۆنێک ئاوارە و پەنابەر.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری ڕایگەیاند: لەدوای کێشە و قەیرانەکانی سووریا و سەرهەڵدانی شەڕی داعش لە عێراق و سووریادا، هەرێمی کوردستان بووە پەناگەی ژمارەیەکی زۆر لە ئاوارە و پەنابەر. بەپێی دوایین ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی کۆچ و کۆچبەران لە وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی كوردستان، لە ساڵی 2022، ڕێژەی ئاوارەكان بەگشتیی لە هەرێمی كوردستان، نزیكەی 665 هەزار و ڕێژەی پەنابەرانیش زیاتر لە 248 هەزار كەس بووە، ئەمەش دەریدەخات كە زیاتر لە 913 هەزار ئاوارە و پەنابەر لە هەرێمی كوردستاندا دەژین.

بەپێی ئامارەکەی بەڕێوەبەرایەتیی کۆچ و کۆچبەران لە وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی كوردستان کە لەلایەن فەرمانگەی میدیا و زانیارییەوە بڵاو کراوەتەوە، ڕێژەی ئاوارەكان بە گشتیی لە هەرێمی كوردستان، 664 هەزار و 798 كەس بووە و ژمارەی ئاوارەكانی ناو كەمپ، كە 174 هەزار و 706 كەس بووە، 102 كەسیان گەڕاونەتەوە بۆ شوێنی ڕەسەنی خۆیان، لەگەڵ ئەوەشدا ڕێژەی ئاوارەی نوێ یان دووبارە هاتوو بۆ ناو كەمپ 230 كەس و ڕێژەی ئاوارەكان لە دەرەوەی كەمپیش 490 هەزار و 92 كەس بووە.

هەر بەپێی ئەو ئامارە هاتووە، "ڕێژەی پەنابەران بەگشتیی لە هەرێمی كوردستان بۆ ساڵی ڕابردوو 248 هەزار و 434 كەس بووە، لەم ڕێژەیەش 93 هەزار و 966 كەسیان پەنابەری ناو كەمپەكان بوون و دەرەوەی كەمپەكانیش 154 هەزار و 468 پەنابەر بووە، هەروەها ڕێژەی پەنابەرە گەڕاوەكان بۆ شوێنی خۆیان 376 كەس بووە و ڕێژەی پەنابەرانی نوێ یان دووبارە هاتوو بۆ ناو كەمپیش 482 كەس بووە."

فەرمانگەی میدیا و زانیاری ئاماژەی بەوەش داوە کە هەرێمی كوردستان وەكو ناوچەیەكی ئارام لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، لە چەندین ساڵی ڕابردوودا پێگەیەكی گرنگی مرۆیی و جیهانی لەڕووی پێشوازیكردن و ڕێزگرتن لە پەنابەران و ئاوارەكان تۆمار كردووە و لەلایەن دەوڵەتان و ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكانەوە بەرز نرخێنراوە.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.