Erbil 38°C سێشەممە 24 ئەیلوول 06:21

خانمە وەرزشوانێکی ئێرانی کە لە کاتی خۆپیشاندانەکاندا بریندارببوو چاوێکی لەدەستدا

کوردستان TV
100%


خانمە وەرزشوانی تیروکەوانی ئێرانی، کەوسەر خۆشنودیکیا ئەوەی ئاشکرا کرد کە لە کاتی خۆپیشاندانەکانی دوای گیانەدەستدانی مەهسا ئەمینی چاوی برینداربووە، و دواتر چاوی لای چەپی لەدەستداوە.

خۆشنودیکیا لە پەیامێکیدا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان وردەکاری لەدەستدانی چاوێکی بڵاوکردەوە.

خانمە وەرزشوانە ئێرانییەکە  رایگه‌یاندووه‌: من و باوکم رۆژی 9ی کانوونی یەکەم لە شەقامی تاقبوستانی شاری کرماشان بووین. پۆلیس تەقەی لێکردین. یەکێک لەو سێ ساچمەیەی کە بەر دەستم کەوت لە مەچکی دام و پەڕییە ناو چاوی لای چەپم. نەتوانرا ئەو ساچمەیە دەربهێنن کە پەڕیوەتە ناو چاوم. بە یەک چاو بەردەوامی بەو تەمەنە دەدەم کە ماومە".

کەوسەر خۆشنودیکیا لە ئۆلۆمپیادی 2021ی ئاسیا پلەی دووەمی لە کێبڕکێکانی تیروکەوان بەدەستهێنابوو.

- خۆپیشاندانەکانی ئێران

رۆژی 13ی ئەیلوول دوای ده‌ستگیركردنی له‌لایه‌ن پۆلیسی ئیرشادی تارانه‌وه‌ بە پاساوی "پابەند نەبوون بە یاساکانی باڵاپۆشی"، مەهسا ئەمینیی تەمەن 22ساڵان رەوشی تەندروستی ته‌ندروستیی تێکچوو و گوازرایەوە بۆ نەخۆشخانە. رۆژی 16ی ئەیلوول ئه‌مینی لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا و مه‌رگی ئەمینی بووه‌ هۆی سه‌رهه‌ڵدانی خۆپیشاندان و ناڕەزایه‌تی له‌ زۆربەی شارەکانی ئێران دژی ده‌سه‌ڵاتی وڵاته‌كه‌.

رێکخراوی مافەکانی مرۆڤ لە ئێران کە بارەگاکەی لە نەرویجە، له‌ راپۆرتی رۆژی 27ی كانوونی یه‌كه‌می 2022دا، بڵاویكرده‌وه‌ ژمارەی ئەو خۆپیشاندەرانەی لە ئاکامی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی خۆپیشاندانه‌كانی دوای مه‌رگی مه‌هسا ئه‌مینی له‌لایه‌ن هێزە ئەمنییەکانه‌وه‌ گیانیان لەدەستداوە، بەرزبووەتەوە بۆ 476 کەس.

كاربه‌ده‌ستانی ئێرانیش باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن ئه‌و كه‌سانه‌ له‌لایه‌ن هێزه‌ ئه‌منییه‌كانه‌وه‌ نا به‌ڵكو له‌لایه‌ن "ئاژاوه‌گێڕان"ه‌وه‌ كوژراون.

هاوكات میدیاکانی ئێران بڵاویان کردووەتەوه‌، لە ئاکامی خۆپیشاندانەکاندا، زیاتر له‌ 60 کارمەندی هێزە ئەمنییەکان گیانیان لەدەستداوە.

په‌یوه‌ست به‌ خۆپیشاندانه‌كانی دوای مه‌رگی مه‌هسا ئه‌مینی كه‌ پێی ناوه‌ته‌ مانگی چواره‌مییه‌وه‌ له‌ ئێران، تا ئێستا لانیكه‌م 11 كه‌س به‌ سزای له‌ سێداره‌دان مه‌حكوم كراون و سزای دوو كه‌سیان جێبه‌جێكراون.

ماوه‌یه‌كه‌ جموجۆڵی خۆپیشاندان له‌سه‌ر شه‌قامه‌كان نابینرێت به‌ڵام خۆپیشانده‌ران له‌ باڵكۆنی ماڵه‌كانیانه‌وه‌ درووشم ده‌ڵێنه‌وه‌. خۆپیشانده‌ران زیاتر له‌ رێوڕه‌سمه‌كانی یادكردنه‌وه‌دا گرد ده‌بنه‌وه‌ و درێژه‌ به‌ خۆپیشاندان و چالاكییه‌كان ده‌ده‌ن.

وه‌رزش

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.