Erbil 38°C چوارشەممە 15 کانوونی دووەم 08:48

د. هێمن هەورامی: لێكنزیكبوونه‌وه‌یه‌كی باش له‌نێوان لایه‌نه‌ سیاسییه‌كاندا هه‌یه‌ بۆ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردن

کوردستان TV
100%

جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان لە میانی کۆبوونەوەی لەگەڵ کونسوڵی گشتیی بەریتانیا لە هەولێر ڕایگەیاند، لێكنزیكبوونه‌وه‌یه‌كی باش له‌نێوان لایه‌نه‌ سیاسییه‌كاندا هه‌یه‌ بۆ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردن.

ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 25ـی 01ـی 2023، د. هێمن هه‌ورامی، جێگرى سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، پێشوازیی له‌ خاتوو ڕۆزی كه‌یڤ، كونسوڵی گشتیی نوێی شانشینی به‌ریتانیا له‌ هه‌رێمی كوردستان كرد.

لەبارەی دیدارەکە ڕاگەیاندنی پەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاند: سه‌ره‌تا جێگرى سه‌رۆكی په‌رله‌مان، پیرۆزبایی له‌ كونسوڵی گشتیی به‌ریتانیا له‌ هه‌رێمی كوردستان كرد به‌بۆنه‌ی ده‌ستبه‌كاربوونی وه‌ك كونسوڵی نوێی وڵاته‌كه‌ی له‌ هه‌رێمی كوردستان و هیوای سه‌ركه‌وتنی بۆ خواست له‌ ئه‌ركه‌كه‌یدا، پاشان دواین پێشهات و دۆخی سیاسیی هه‌رێمی كوردستان و عێراق و پرسی ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان، گفتوگۆیان له‌باره‌وه‌ كرا.

ڕاشیگەیاند: د. هێمن هه‌ورامی، جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، به‌ بایه‌خه‌وه‌ باسی له‌ ئه‌نجامدانی پڕۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن كرد و جه‌ختی له‌سه‌ر پێویستیی ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردن له‌مساڵدا كرده‌وه‌ و ئاماژه‌ی به‌ لایه‌نه‌ سیاسی و یاسایی و ته‌كنیكییه‌كانی ئه‌نجامدانى پرۆسه‌كه‌ كرد و باسی لەوەش کرد کە ئه‌و پێشنیازه‌یاسایانه‌ی كه‌ په‌یوه‌ستن به‌ هه‌مواركردنه‌وه‌ى یاسای هه‌ڵبژاردنه‌كان و كاراكردنه‌وه‌ی كۆمیسیۆن كه‌ له‌لایه‌ن فراكسیۆنه‌ جیاوازه‌كانی په‌رله‌مانه‌وه‌ به‌جیا پێشكه‌ش به‌ سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان كراون، بۆئه‌وه‌ى خوێندنه‌وه‌ی یه‌كه‌میان بۆ بكرێت پێویسته‌ له‌ماوه‌ی داهاتوودا په‌رله‌مانی كوردستان بیانخاتە بەرنامه‌ی دانیشتنێكی نائاسایی خۆی و دوای ھاتنەئارای خاڵی ھاوبەش و تێگەیشتنی سیاسیی لایەنەکان لەسەر ئه‌م پێشنیازه‌یاسایانه‌، ئەرکی پەرلەمانە ڕێوشوێنە یاساییەکانی تر بگرێتە بەر بۆئه‌وه‌ی خوێندنه‌وه‌ی دووه‌میان بۆ بكرێت و پاشان ده‌نگی له‌سه‌ر بدرێت".

هەروەها هێمن هەورامی گوتیشی: خۆشبه‌ختانه‌ ئێستا لێكنزیكبوونه‌وه‌یه‌كی باش له‌نێوان لایه‌نه‌ سیاسییه‌كاندا هه‌یه‌ بۆ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردن.

سه‌باره‌ت به‌ مافی پێكهاته‌كانیش جەختی له‌ پێویستیی ڕەچاوكردنی ئیرادە و بەرژەوەندیی پێکھاتەکان و ڕێزگرتن له‌ بڕیاره‌كانیان كرده‌وه‌.

پەرلەمانی کوردستان ئاماژەی بەوەش دا کە له‌ كۆتایی دیداره‌كه‌شدا، گرنگی و په‌ره‌پێدانی پەیوەندیی نێوان هه‌رێمی کوردستان و وڵاتی به‌ریتانیا له‌ سه‌رجه‌م بواره‌كاندا جه‌ختی له‌سه‌ر کرایه‌وە.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.