سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەدوای بەشداریکردنی لە کۆڕبەندی ئابووریی جیهانیی داڤۆس فەرمانگە و لایەنە پەیوەندیدارەکانی ڕاسپارد، لە دۆخى وەبەرهێنانى بیانى لە هەرێمى کوردستان بکۆڵنەوە و لە نزیکەوە سەردانیان بکرێت.
ڕاگەیاندنی پارێزگای هەولێر ڕایگەیاند: دوابەدواى بەشدارى مەسرور بارزانی سەرۆکى حکوومەتى هەرێمى کوردستان لە کۆڕبەندى ئابوورىی داڤۆس و دیداریان لەگەڵ چەندین کەسایەتى ئابوورى و بەرپرسانى وڵاتان، فەرمانگە و لایەنە پەیوەندیدارەکانى حکوومەتى هەرێمى ڕاسپارد، لە دۆخى وەبەرهێنانى بیانى لە هەرێمى کوردستان بکۆڵنەوە و لە نزیکەوە سەردانیان بکرێت.
ڕاشیگەیاند: لەو چوارچێوەیەدا ئەمڕۆ چوارشەممە 25ـی 01ـی 2023، ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر لەگەڵ سهرۆکى دهستهى وهبهرهێنانى حکوومهتى ههرێم و کونسڵى گشتیى وڵاتى فەرەنسا لە هەولێر و جێگری سەرکونسڵی عەرەبستانى سعوودییە لە هەولێر، سەردانى کارگەی (صافی دانون)ـیان کرد لە هەولێر، کە وەبەرهێنانێکى هاوبەشى (سعوودى-فەرەنسییە) و لەساڵى 2014ـەوە بەرهەمەکانى لە هەرێمى کوردستان و سەرجەم پارێزگاکانى ترى عێراق دەخاتە بازاڕەوە.
ئاماژەی بەوەش دا کە لە کۆبوونەوەیەکدا، لەگەڵ سەرپەرشتیار و بەڕێوەبەران و ئەندازیارانى کارگەکە لە نزیکەوە لە پێداویستى و کێشە و کەموکوڕیی و ئەو خزمەتگوزاریانەمان کۆڵییەوە کە پێویستە حکوومەتى هەرێم بۆیان دابین بکات و ئومێد خۆشناو گوتی: لەسەر فەرمانى مەسرور بارزانى، سەرۆکى حکوومەتى هەرێمى کوردستان، ئامانجى حکوومەت ڕەخساندنى زەمینەیەکى باشترە بۆ وەبەرهێنانى بیانى لە هەرێمى کوردستان، لەمبارەیەشەوە ئامادەیی هەرێمی کوردستانی نیشان دا بۆ چارەسەرکردنى هەموو ئەو کەموکوڕى و خزمەتگوزارییانەى کە پێویستە بۆیان دابین بکرێت.
پارێزگای هەولێر باسی لەوەش کردووە کە سەرجەم بەشەکانى کارگە و هێڵی بەرهەمهێنان و چۆنییەتی کارکردن و جۆر و ڕێژەی بەرهەمهێنانی ڕۆژانەیان و چۆنییەتی بەبازاڕکردنى کاڵاکان و کۆگەکانى کارگەکەیان بەسەر کردەوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.