Erbil 38°C چوارشەممە 15 کانوونی دووەم 08:30

ناوەڕۆکی کۆبوونەوەی نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ شاندێکی باڵای ئەڵمانی

کوردستان TV
100%

سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە شاندێکی باڵای ئەڵمانیا بە سەرۆکایەتی وه‌زيرى ده‌وڵه‌ت له‌ وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى فيدراڵيى ئه‌ڵمانيا کرد و کۆبوونەوە.

ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 25ـی 01ـی 2023 نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، پێشوازى له‌ به‌ڕێز تۆبياس ليندنه‌ر، وه‌زيرى ده‌وڵه‌ت له‌ وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى فيدراڵيى ئه‌ڵمانيا و شاندێكى باڵاى ياوه‌رى كرد.

سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەی خستەڕوو، ڕایگەیاند: ليندنه‌ر دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ ئه‌ڵمانيا به‌ بايه‌خه‌وه‌ له‌ په‌يوه‌ندييه‌كانى له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان ده‌ڕوانێت و خوازياره‌ له‌ هه‌موو بواره‌كاندا بره‌و به‌ په‌يوه‌ندييه‌كانى له‌گه‌ڵ به‌غدا و هه‌ولێر بدات، به‌تايبه‌تيش له‌ بوارى ئابووريدا، هه‌ر له‌مباره‌يه‌وه‌ باسى له‌ دوايين سه‌ردانى سه‌رۆک وه‌زيرانى عێراقى فيدراڵ محه‌مه‌د شياع ئه‌لسوودانى بۆ ئه‌ڵمانيا كرد. هه‌ردوولا جه‌ختيان له‌ گرنگيى سه‌قامگيريى سياسى له‌ عێراق و هه‌رێمى كوردستان كرده‌وه‌ بۆ پێشكه‌وتن له‌ هه‌موو بواره‌كه‌كاندا.

ڕاشیگەیاند: نێچيرڤان بارزانى، سوپاس و پێزانينى هه‌رێمى كوردستانى بۆ ئه‌ڵمانيا دووپات كرده‌وه‌ بۆ هاوكارى و يارمه‌تيدانى هه‌رێمى كوردستان و عێراق له‌ شه‌ڕى دژى تيرۆر و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى داعشدا، هه‌روه‌ها بۆ ناساندنى كۆمه‌ڵكوژيى ئێزدييان به‌ جينۆسايد له‌ په‌رله‌مانى ئه‌ڵمانيا. هه‌ردوولا هاوڕا بوون له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى كه‌ هێشتا داعش مه‌ترسييه‌كى ڕاسته‌قينه‌يه‌ و هه‌ڕه‌شه‌ى جددى له‌ ئاسايشى عێراق و ناوچه‌كه‌ ده‌كات، بۆيه‌ عێراق و هه‌رێمى كوردستان هێشتا پێويستييان به‌ به‌رده‌واميى ئه‌ركى هاوپه‌يمانيى نێوده‌وڵه‌تيى دژى داعشه‌.

سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەش دا کە "په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا و گفتوگۆى چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانيان، دۆخى ناوخۆى هه‌رێمى كوردستان، په‌يوه‌ندييه‌كانى عێراق و هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ وڵاتانى دراوسێ و ناوچه‌كه و‌ چه‌ند پرسێكى جێى بايه‌خى هاوبه‌ش، ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوو."

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.