Erbil 38°C چوارشەممە 15 کانوونی دووەم 08:56

حكوومه‌تی هه‌رێم: داوا له‌ حكوومه‌تی عێراق ده‌كه‌ین نه‌چێته‌ ژێرباری بڕیاره‌كه‌ی دادگای فیدڕالییه‌وه‌

کوردستان TV
100%

حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ڕاگه‌یه‌نراوێكی له‌باره‌ی بڕیاره‌كه‌ی ئه‌مڕۆی دادگای فیدڕالی عێراق بڵاو كرده‌وه‌ و تێیدا داوای له‌ حكوومه‌تی عێراق كرد نەچێتە ژێرباری بڕیاره‌كه و پابەند بێت بە بەڵێنی ناردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان.

حكوومه‌تی هه‌ڕێم له‌ ڕاگه‌یه‌نراوه‌كه‌دا ڕایگه‌یاند: بە داخەوە ئەمڕۆ دادگای ئیتیحاددی، جارێکی دیکەش، دژایەتی خۆی بۆ مافە دەستووری و شایستە داراییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان دووپات کردەوە.

ڕاشیگه‌یاند: دادگای ئیتیحادی لە جیاتی پاڵپشتی ئەو كەشە ئەرێنییەی کە دروست بووە، لە بڕیارێكی ناڕەوا و دژ بە خەڵکی کوردستان، ڕێگری لە ناردنی ئەو بڕە پارەیە کرد کە بڕیار بوو لەلایەن حکوومەتی فیدراڵەوە بۆ هەرێمی کوردستان بنێردرێت.

حكوومه‌تی هه‌رێم ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا كه‌ هەرێمی کوردستان، هەرێمێکی فیدڕالی دەستوورییە و ئەم بڕیارانە، پێشێلکردنێکی زەق و ئاشکرای دەستووری عێراقە. هەروەها دژی رێککەوتنی لایەنەکانی ئیدارەی دەوڵەتە بۆ پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عێراق.

ئه‌مه‌ی خواره‌وه‌ ده‌قی ڕاگه‌یه‌نراوه‌كه‌ی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌:-

بە داخەوە ئەمڕۆ دادگای ئیتیحاددی، جارێکی دیکەش، دژایەتی خۆی بۆ مافە دەستووری و شایستە داراییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان دووپات کردەوە. ئەم هەڵوێستە نوێیەی ئەم دادگایە، جەختکردنەوەیە لە درێژەدان بە سیاسەتی ناڕەوا و دژایەتیکردنی خۆی بەرامبەر هەرێمی کوردستان، لە کاتێکدا کە کەشێکی ئەرێنی و لەیەکنزیکبوونەوە لە نێوان هەردوو حکوومەتی هەرێم و حکوومەتی فیدراڵ دروست ببوو بۆ ڕێککەوتن و چارەسەرکردنی کێشەکان لە سەر بنەمای دەستوور، کەچی بەداخەوە ئەمڕۆ دادگاکە، لە جیاتی پاڵپشتی ئەو كەشە ئەرێنییەی کە دروست بووە، لە بڕیارێكی ناڕەوا و دژ بە خەڵکی کوردستان، ڕێگری لە ناردنی ئەو بڕە پارەیە کرد کە بڕیار بوو لەلایەن حکوومەتی فیدراڵەوە بۆ هەرێمی کوردستان بنێردرێت.

حکوومەتی هەرێمی کوردستان، چەندین جار شاندی ناردووەتە بەغدا و لە دوا سەردانیشدا، لە بەغدا گفتوگۆی زۆر بەرهەمدار کرا و هەردوولا نیازپاکی خۆیان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لە چوارچێوەی دەستوور و ئەو کارنامەیەی کە لایەنەکان لەسەری ڕێککەتوون دووپاتکردەوە.

هەرێمی کوردستان، هەرێمێکی فیدرالی دەستوورییە و ئەم بڕیارانە، پێشێلکردنێکی زەق و ئاشکرای دەستووری عێراقە. هەروەها دژی رێککەوتنی لایەنەکانی ئیدارەی دەوڵەتە بۆ پێکهێنانی حکوومەتی نوێ و دژی کارنامەی وەزاری حکوومەتی عێراقیشە کە لەلایەن ئەنجوومەنی نوێنەرانەوە پەسەند کراوە و تێیدا لە بڕگەیەکدا بە ڕوونی باس لە خۆدوورگرتن لە هەر ڕێکاڕێک دەکات کە کێشەکان ئاڵۆزتر بکات ( تجنب اية اجراءات تصعيدية). بۆیە ئێمە ئەو بڕیارەی دادگای ئیتیحاددی، بە بڕیارێک نەک تەنیا دژی هەرێمی کوردستان، بەڵکو دژی حکوومەتی نوێی عێراق و لایەنە پێکهێنەرەکانی حکوومەت دەزانین و پێویستە هەڵوێستێکی ڕوون و ئاشکرایان بەرامبەر بڕیار و ڕەفتارە ناڕەواکانی دادگای ئیتیحاددی هەبێت. هەروەک لە کارنامەی وەزاری حکوومەتی عێراقیشدا هاتووە کە هەموو لایەنە بەشداربووەکان لە سەری ڕێککەوتوون،  پێویستە لە ماوەی شەش مانگدا، پڕۆژە یاسای دادگای ئیتیحاددی دەربچێت، چونکە لە سایەی ئەم دادگایەی ئێستا، کە بە پێی دەستوور دروست نەکراوە ، هیچ  دەرفەتێک بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان نییە و نابێت.

هەرێمی کوردستان ڕێز لە دەستوور و یاسا و دادگا شەرعییەکان دەگرێت، بەلام ئەم دادگایە بە شێوەیەکی دەستووری پێکنەهاتووە و ڕێک نەخراوە و ناتوانێت وەک دادگایەکی فیدڕالی بڕیار بدات، بۆیە بڕیارەکانی ڕەت دەکەینەوە و داواش لە حکوومەتی فیدڕاڵ دەکەین، نەچێتە ژێرباری ئەم بڕیارە و پابەند بێت بەو بەڵێنانەی کە بۆ ناردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان داویەتی.

حکوومەتی هەرێمی كوردستان

2023/1/25

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.