Erbil 38°C چوارشەممە 15 کانوونی دووەم 08:34

نێچيرڤان بارزانی‌: بڕیاره‌كه‌ی ئه‌مڕۆ دادگه‌ی فیدڕالی نادادپه‌روه‌ر و سته‌مكارانه‌يه

کوردستان TV
100%

سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان په‌يامێكی ده‌رباره‌ى بڕياره‌كه‌ی ئه‌مڕۆی دادگه‌ى باڵاى فيدڕاليى عێراق بڵاو كرده‌وه‌ و ڕایگه‌یاند كه‌ بڕيارێكى ته‌واو نادادپه‌روه‌ر و سته‌مكارانه‌يه.

نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان ڕایگه‌یاند: ئه‌و بڕياره‌ نه‌ك ته‌نيا مووچه‌خۆران و خه‌ڵكى كوردستان كه‌ هاووڵاتيى عێراقن، به‌ڵكو ته‌واوى پرۆسه‌ و سه‌قامگيريى سياسى و ئه‌و ڕێككه‌وتنه‌ش به‌ ئامانج ده‌گرێت كه‌ حكوومه‌تى نوێى فيدراڵيى عێراقى له‌سه‌ر دامه‌زراوه.

سه‌رۆكی هه‌رێم هه‌روه‌ها ڕایگه‌یاند: بڕياره‌كه‌ی‌ دادگه‌ى فيدڕالی له‌م كاته‌دا، جگه‌ له‌وه‌ى گومان و ده‌يان نيشانه‌ى پرسيارى گه‌وره‌ دروست ده‌كات، هه‌روه‌ها بابه‌تى په‌له‌كردن له‌ ده‌رچوواندنى ياسايه‌كى تازه‌ بۆ دووباره‌ دامه‌زراندنه‌وه‌ى دادگه‌كه‌ ده‌هێنێته‌ پێشه‌وه‌، وه‌ك‌ به‌شێكى گرنگ و سه‌ره‌كيى ڕێككه‌وتنى لايه‌نه‌ سياسييه‌كان‌ بۆ دامه‌زراندنى حكوومه‌تى نوێى فيدڕالی عێراق.

ده‌قی په‌یامه‌كه‌ی نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان:-

بڕيارى ئه‌مڕۆى دادگه‌ى باڵاى فيدراڵيى عێراق به‌ نادروستيى ناردنى شايسته‌ى دارايى و مووچه‌ى مووچه‌خۆرانى هه‌رێمى كوردستان له‌لايه‌ن حكوومه‌تى فيدراڵيى عێراقه‌وه‌ له‌ ساڵانى 2021 و 2022، بڕيارێكى ته‌واو نادادپه‌روه‌ر و سته‌مكارانه‌يه‌. ئه‌و بڕياره‌ نه‌ك ته‌نيا مووچه‌خۆران و خه‌ڵكى كوردستان كه‌ هاووڵاتيى عێراقن، به‌ڵكو ته‌واوى پرۆسه‌ و سه‌قامگيريى سياسى و ئه‌و ڕێككه‌وتنه‌ش به‌ ئامانج ده‌گرێت كه‌ حكوومه‌تى نوێى فيدراڵيى عێراقى له‌سه‌ر دامه‌زراوه‌.

عێراق به‌ پرۆسه‌يه‌كى درێژ و ئاڵۆزى سياسى و ناسه‌قا‌مگيريدا تێپه‌ڕى تاكو دواجار حكوومه‌تێك له‌ به‌غدا هاته‌ كايه‌وه‌ كه‌ خه‌ڵكى عێراق هيوا و ئومێديان له‌سه‌ر قۆناغێكى سه‌قامگير و باشترى داهاتوو هه‌ڵچنى. هه‌موو چاوه‌ڕوانييه‌ك له‌ دادگه‌ى باڵاى فيدراڵيى عێراق ئه‌وه‌بوو كه‌ به‌ پاراستنى به‌رژه‌وه‌نديى هه‌موو پێكهاته‌كانى عێراق و به‌ ڕه‌چاوكردنى دۆخى سياسى، نه‌بێته‌ هۆى شێواندنى ئه‌و ده‌رفه‌ت و كه‌شه‌ ئه‌رێنييه‌ى بۆ چاره‌سه‌ركردنى كيشه‌كانى وڵات، به‌تايبه‌تى كێشه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا دروست بووه‌ و سه‌قامگيريى سياسيى عێراق نه‌خاته‌ مه‌ترسييه‌وه‌!

ئه‌م بڕياره‌ى‌ دادگه‌ى باڵاى فيدراڵيى عێراق له‌م كاته‌دا، جگه‌ له‌وه‌ى گومان و ده‌يان نيشانه‌ى پرسيارى گه‌وره‌ دروست ده‌كات، هه‌روه‌ها بابه‌تى په‌له‌كردن له‌ ده‌رچوواندنى ياسايه‌كى تازه‌ بۆ دووباره‌ دامه‌زراندنه‌وه‌ى دادگه‌كه‌ ده‌هێنێته‌ پێشه‌وه‌، وه‌ك‌ به‌شێكى گرنگ و سه‌ره‌كيى ڕێككه‌وتنى لايه‌نه‌ سياسييه‌كان‌ بۆ دامه‌زراندنى حكوومه‌تى نوێى فيدراڵيى عێراق.

نێچيرڤان بارزانى

سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان

2023/1/25

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.