دوێنێ چوارشەممە، دادگەی فیدڕاڵی عێراق، بڕیارى ناردنى شایستە داراییەکانى خەڵکى هەرێمى کوردستانی هەڵوەشاندەوە، کە پێشتر لە لایەن حکومەتى فیدراڵییەوە بڕیاری ناردنی درابوو.
دوای دەرچوونی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی، پهرلهمانی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا بڕیارەكەی بە نادەستوورى هەژمار کردووه و تێیدا رایگهیاندووه، بەداخەوە جارێکی دیکە دادگای فیدڕاڵیی عێراق، بڕیارێکی دیکەی لە دژی مافەکانی خەڵکی کوردستان دەرکرد و ئومێدی ڕێککەوتن و هەماهەنگیی زیاتری نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدڕاڵیی زۆر کەمکردەوە و بووە سەرەتای گرژکردنەوە ناکۆکییەکان.
پهرلهمانی كوردستان ئاماژهی بهوهشكردووه، دادگای فیدڕاڵی، چەندین جارە بەبێ لەبەرچاوگرتنی ماف و شایستەکانی خەڵکی کوردستان بڕیار لە دژی ماف و دەسکەوتەکانی دەدات. وێڕای ئەوەی کە گومان لەسەر دەستووریبوونی کۆی دامەزراوەکەش هەیە و پێویستە بەپێی بنەماکانی دەستوور دابمەزرێندرێت و ڕێز لە مافەکانی تەواوی پێکهاتەکان بگرێت و دادپەروەری و وەکیەکی لەنێوان هەمووان بەدیبهێنیت.
ههروهها راشگهیاندراوه، ئەو بڕیارەی دادگای فیدڕاڵی کاریگەریی راستەوخۆی دەبێت لەسەر ژیان و قووتی فەرمانبەران و سەرجەم خەڵکی کوردستان و خزمەتگوزارییە گشتییەکان. کاریگەریی خراپیش دەکاتە سەر ئەو لەیەککنزیکبوونەوە و لیکتێگەیشتنانەی لەنێوان هەولێر و بەغدا هاتبوونە ئاراوە و خەڵکی هەموو عێراق بە ئومێدبوون ببێتە سەرەتای کۆتایی ناکۆکییەکانی نێوانیان و جێبەجێکردنی ماددە دەستوورییەکان و گێڕانەوەی مافی هەموو ناوچەکان.
لهبهشێكی دیكهی راگهیاندراوهكهی پهرلهماندا هاتووه، ئەو بڕیارەی دادگا دەبێتە هۆکارێک بۆ فرانبوونی درزی نێوان ڕێککەوتن و پێکهاتنی سەرجەم پێکهاتەکانی عێراق و لەبری نزیکكردنەوەی هاووڵاتییان و هێزە سیاسییەکان، پتر لە یەکیان دووردەخاتەوە و کێشە و ناکۆکی و ئاستەنگەکانی عێراقیش زیاد دەکات.
لهكۆتاییدا پهرلهمانی كوردستان رایگهیاندووه، بەناوی پەرلەمانی کوردستانەوە داواکارین هەموو ئەو بڕیارە ناڕەوایانەی لە دژی خەڵکی کوردستان دەرکراون هەڵبوەشیندرێنەوە و جارێکی دیکە دەرگا بۆ گفتوگۆ و ڕێكکەوتن بکرێتەوە، دادگا و بنەماکانی یاسا بۆ لێکتێگەیشتن و لەیەکەوەنزیکبوون و دادپەروەرییە، نەک بۆ دوورکەوتنەوە و ترازان و خۆسەپاندن.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.