دوێنێ چوارشەممە، دادگەی فیدڕاڵی عێراق، بڕیارى ناردنى شایستە داراییەکانى خەڵکى هەرێمى کوردستانی هەڵوەشاندەوە، کە پێشتر لە لایەن حکومەتى فیدراڵییەوە بڕیاری ناردنی درابوو.
دوای دەرچوونی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی، سهندیكای پارێزهرانی كوردستان لە راگەیەندراوێکدا بڕیارەكەی بە نادەستوورى و نایاسایی هەژمار کردووه و تێیدا رایگهیاندووه بەداخەوە رۆژى چوارشەممە رێکەوتى 25/1/2023 دادگاى باڵاى فیدڕاڵى عێراق،بڕیارێکى نایاساییی و نادەستووری دژ بە هەرێمى کوردستان و هاووڵاتییانى دەرکرد.
سهندیكای پارێزهران ئاماژهی بهوهشكردووه، چەند ساڵێکە ئەو دادگایە، کۆمەڵێک بڕیارى نادادپەروەرانەى نایاساییانە دژ بە ئیڕادە و چارەنووسى دانیشتوانى کوردستان و قەوارەى حکومەتى هەرێمى کوردستان دەردەکات، کە بەپێى دەستوور، ماف و شایستەکانى جێگیرکراون و هیچ دادگایەکى عێراقى، تەنانەت دادگاى باڵاى فیدڕاڵیش، ناتوانێت فەرامۆشیان بکات و دانیان پێدا نەنێت.
سهندیكا دهشڵێت: دادگاى باڵاى فیدڕاڵ لە سنوورى تایبەتمەندى یاساییى خۆى دەرچووە و لەبری ئەوەى بڕیارەکانى دادگاى باڵاى فیدڕاڵ ببنە هەوێنى تەباییى و پێکەوەژیان، هەروەها دادگاکە خۆى ببێتە (صمام الامان)ى پاراستنى دەستوور و ماددەکانى، بەداخەوە دادگاکە بۆتە بەشێک لە کێشە و بەربەست لەبەردەم چارەسەرکردنى یاساییى کێشەکانى نێوان هەرێمى کوردستان و عێراق و بە ئاشکرا و بە رۆژى رووناک، پێچەوانەى بنەماکانى دەستوورى عێراق، بڕیار دەردەکەن.
له بهشێكی دیكهی راگهیاندراوهكهی سهندیكای پارێزهرانی كوردستاندا هاتووه، بەبیرى هەمووانیش دەهێنینەوە، کە دەبوایە بەپێى ماددەى (92) لە دەستوورى هەمیشەییى عێراق، یاسایەکى نوێ بۆ پێکهێنانى دادگاى باڵاى فیدڕاڵ دەربکرایە بە زۆرینەى دوو لەسەر سێى ئەندامانى ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق. کەچى ئەو دادگایە یاسایەکى سەربەخۆی بۆ دەرنەکراوە، تەنیا لە ساڵى 2021 هەموارکردنى فەرمانى پریمەرى ژمارە (30)ى ساڵى (2005) کراوە و لەکاتى هەموارکردنەکەش رەچاوى زۆرینەى دوو لەسەر سێ نەکراوە و کۆى بڕیارەکانى پێچەوانەى دەستوورە.
لهكۆتاییدا سهندیكای پارێزهران رایدهگهێنێت: بۆیە بۆ سنووردان بۆ بڕیارە نادەستوورییەکانى ئەو دادگایە، داواکارین دەسەڵاتەکانی یاسادانان و جێبەجێکردن وو دادوەرییى هەرێمى کوردستان، دەستبەجێ هەموو پەیوەندییەک بەو دادگایە بپچڕێنن و دەسەڵاتى دادوەریى هەرێمى کوردستانیش، دوو نوێنەرەکەى خۆى لە دادوەرە بەرێزەکانى هەرێمى کوردستان، لە دادگاکە بکێشێنێتەوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.