دوای نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ پێنجشه‌م محه‌مه‌د شیاع سوودانی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق به سه‌ردانێكی فه‌رمی یه‌ك رۆژه گه‌یشته پاریسی پایته‌خت و بڕیاره له‌و سه‌ردانه‌دا چاوی به ئیمانوێل ماكڕۆن سه‌رۆكی فڕه‌نسا بكه‌وێت، هه‌روه‌ها ڕێككه‌وتننامه‌ی ستراتیژیش له‌نێوان وڵات واژوو بكرێت.
نووسینگه‌ی ڕاگه‌یاندنی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق ڕایگه‌یاند: لە سەردانەکەدا، محه‌مه‌د شیاع سوودانی چاوی بە ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فڕەنسا دەکەوێت، هه‌روه‌ها له‌گه‌ڵ سەرۆک وەزیرانی فڕەنسا و بەرپرسانی باڵای حکوومه‌ت و ژمارەیەک لە نوێنەرانی بازرگانی و بازرگانی ئه‌و وڵاته كۆ ده‌بێته‌وه.
ڕاشیگه‌یاند: سەردانەکەی سوودانی بە سەرۆکایەتی شاندێکی باڵای حکوومەتی عێراقه بۆ پته‌وكردنی هه‌ماهه‌نگییه‌كان لەگەڵ کۆماری فڕەنسا و هه‌روه‌ها کردنەوەی ده‌رگه‌ی زیاتری وەبەرهێنان و ئاڵوگۆڕکردن له‌نێوان هه‌ردوو وڵات به مه‌به‌ستی پەرەپێدانی ژێرخانی ئابووری.
هه‌روه‌ها ڕایگه‌یاند: له سەردانەکەدا رێککەوتننامەی ستراتیژیی نێوان عێراق و فڕەنسا واژوو ده‌كرێت له بواره‌كانی هاوکاری هاوبەش، ئابووری، وەبەرهێنان، ئاسایش، رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر، ئاڵوگۆڕی کولتووری، بەرقەرارکردنی ئاشتی لە هەردوو وڵات و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان.
ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا: ڕێککەوتننامەکە هه‌روه‌ها به‌نده‌كانی میساقی نەتەوەیەکگرتووەکان، هاوکاری لە بەڕێوەبردنی قەیرانەکان، بەرەنگاربوونەوەی قه‌یرانی ئابووری و تاوانی ڕێکخراو و پاراستنی ژینگە، برەودان بە مافەکانی مرۆڤ و پەروەردەش ده‌گرێته‌وه.
جه‌ختیشی كرده‌وه كه سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی فڕه‌نسا یاداشتی لێکتێگەیشتن لە بواری بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و ساغکردنەوەی پارە براوه‌كانی عێراق واژوو ده‌كات، ئه‌مه جگه له واژووکردنی کۆمەڵێک یاداشتی دیکەی لێکتێگەیشتن لە بوارەكانی وەبەرهێنان لە وزە، کەرتی نەوت، وزه‌ی پاك و هاوکاریکردنی وەبەرهێنانی گاز.
نووسینگه‌ی ڕاگه‌یاندنی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق ڕاشیگه‌یاند كه له سه‌ردانه‌كه‌دا محه‌مه‌د شیاع سوودانی گفتوگۆ لەگەڵ چه‌ند کۆمپانیایه‌كی فڕەنسی له بواره‌كانی پەرەپێدانی سێکتەرەکانی گواستنەوە ده‌كات به مه‌به‌ستی چالاککردنی پڕۆژەکانی گواستنەوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.