Erbil 38°C شەممە 21 ئەیلوول 23:33

ژمارەی ئەو کەسانەی بەهۆی سەرماوە لە ئەفغانستان گیانیان لەدەستداوە 170 کەسی تێپەڕاند

کوردستان TV
100%


ژمارەی ئەو کەسانەی بەهۆی ئەو شەپۆلی سەرماوسۆڵەیەی نزیکەی سێ هەفتەیە ئەفغانستانی گرتووەتەوە گیانیان لەدەستداوە، 170 کەسی تێپەڕاند.

ئەفغانستان ساردترین زستانی ساڵانی رابردوو بەڕێدەکات، پلەکانی گەرما لە شەودا لە کابولی پایتەخت دادەبەزێت بۆ 10 پلە ژێر سفری سەدی و لە هەندێک ناوچەشدا بۆ 30پلەی ژێر سفری سەدی.

گوتەبێژی وەزارەتی دەوڵەت بۆ کاروباری کارەساتە سروشتییەکان لە حکوومەتی کاتی تاڵیبان، شەفیعوڵڵا رەحیمی سەبارەت بە بابەتەکە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو دوا.

شەفیعوڵڵا رەحیمی باسی لەوە کرد کە تا ئێستا لانیکەم 170 کەس لە سەرانسەری وڵاتەکەدا بەهۆی سەرماوە گیانیان لەدەستداوە، زۆرترین حاڵەتیش لە ویلایەتەکانی غۆر، بەدەخشان، بامیان، پاکتیکا و پاکتیا تۆمارکراوە.

رەحیمی هەروەها باسی لە سەختی رێگاوبانی ناوچە شاخاوییەکان کرد کە ژمارەیەکی زۆر گوندی ناوچەکە دەستگەیشتن پێیان قورسە و رایگەیاند: تا ئێستا توانیومانە هاوکاری مرۆیی بگەیەننە زیاتر لە 30 هەزار کەس.

گوتەبێژی وەزارەتی دەوڵەت بۆ کاروباری کارەساتە سروشتییەکان لە حکوومەتی کاتی تاڵیبان، شەفیعوڵڵا رەحیمی ئەوەیشی خستەڕوو کە بەهۆی سەرماوسۆڵەوە، زیاتر لە 260 هەزار سەر ئاژەڵ لەناوچوون.

کەشناسی ئەفغانستان بڵاوی کردەوە کە ئەو سەرمایەی ئەمساڵ وڵاتەکەی گرتووەتەوە بە بەراورد بە پار ساڵ دوو هێندە زیادی کردووە و لە ویلایەتی غۆر-یش سەختترین زستان بەڕێدەکرێت.

لە وەرزی سەرماوسۆڵەدا، بەهۆی نالەباری رەوشی کەشوهەواوە، هاتوچۆکردن سەخت دەبێت و رێکخراوەکانی گەیاندنی هاوکارییش دووچاری ناڕەحەتی دەبن لە گەیشتن بە خانەوادە هەژارەکان.

لە ئەفغانستان بەشێکی زۆری هاووڵاتییان کە هەژاران و داهاتیان کەمە، بەهۆی قەیرانی ئابوورییەوە ناتوانن لە وەرزی زستاندا دار و خەڵووز بکڕن.

بەپێی داتاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، 28 ملیۆن کەس لە ئەفغانستان کە دەکاتە دوو لەسەر سێی دانیشتوانی وڵاتەکە پێویستییان بە هاوکاری بەپەلە هەیە.

جیهان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.