Erbil 38°C چوارشەممە 25 ئەیلوول 04:29

وەزیری دارایی پشتیوانی بۆ یەکخستنی ھێزی پێشمەرگە و چاکسازیەکانی وەزارەت دووپات دەکاتەوە

کوردستان TV
100%

وەزیری دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان لە میانی کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ شاندێکی وەزەراتی پێشمەرگە دووپاتی کردەوە کە پشتیوانیی لە یەکخستنی ھێزی پێشمەرگە و چاکسازیەکانی وەزارەتەکە دەکات.

ئەمڕۆ یەکشەممە 29ـی 01ـی 2023 ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری لە دیوانی وەزارەت پێشوازی لە وەفدێکی وەزارەتی پێشمەرگەی ھەرێم کرد کە پێکھاتبوون لە سەربەست لەزگین بریکاری وەزارەت و فەریق ڕوکن عیسا عوزێر سەرۆک ئەرکان و ژمارەیەک ئەفسەری باڵای وەزارەت.  

لەبارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە، وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: ئاوات شێخ جەناب وێڕای بەخێرھاتنی شاندی میوان پشتیوانی خۆی بۆ یەکخستنی ھێزەکانی پێشمەرگە لە چوارچێوەی یەک ھێزی نیشتیمانی لەژێر چەتری حکوومەتی ھەرێم و چاکسازیەکانی وەزارەت دووپات کردەوە و بەڵێنی کارئاسانی و ھاوکاری تەواوی پێدان بۆ ڕاپەڕاندنی کارەکانیان ئەوەندەی پەیوەندی بە وەزارەتی داراییەوە ھەبێت.     

ڕاشیگەیاند: لای خۆشیانەوە وەفدی میوان ستایشی پشتیوانی و کارئاسانییەکانی وەزیری داراییان کرد کە لەماوەی ڕابردوودا خەمخۆر و دڵسۆزی وەزارەتی پێشمەرگە بووە لە ڕاپەڕاندنی کارەکانیان و جێبەجێکردنی داواکارییەکانیان.

وەزارەتی دارایی ئاماژەی بەوەش داوە کە لەکۆتایی کۆبوونەوەکەدا ژمارەیەک داواکاری و پێداویستی ھێزەکانی پێشمەرگەیان خستە بەردەم وەزیری دارایی کە خۆی لە دروستکردنی باڵەخانە و پێداویستی بنکە و بارەگای مەشق و ڕاھێنانی ئەو دوو فیرقە نوێیە دەبینیەوە کە ئێستا لەژێر چاودێری و سەرپەرشتی ھێزەکانی ھاوپەیمانان لە قۆناغی مەشق و ڕاھێناندان، ئەمەش لەچوارچێوەی بەرنامەی چاکسازی حکوومەتی ھەرێمە بۆ یەکخستنەوەی ھێزی پێشمەرگە لە چوارچێوەی ھێزێکی نیشتیمانی لەژێر سەرپەرشتی وەزارەتی پێشمەرگەدا.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.