وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار ئەمڕۆ دووشەممە 30ـی 01ـی 2023 ڕایگەیاند، گوژمەی پێویست بۆ 18 پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە سنووری شارەوانی هەولێر خەرج دەکرێت.
وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: لەسەر داهاتی شارەوانییەكان بە گوژمەی 872 ملیۆن و 894 هەزار و 750 دینار، ڕەزامەندی دا بە جێبەجێكردنی 18 پرۆژەی خزمەتگوزاری لە سنووری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەكانی هەولێر.
ڕاشیگەیاند: پڕۆژەكان لە بواری دروستكردن و قیرتاوكردنی شەقام و كۆنكرێتكردن و ئاو و ئاوەڕۆن، جگە لەو پرۆژانە لە داهاتوودا پڕۆژەی دیكەش ڕەزامەندیان لەسەر دەدرێت.
ئەوەشی خستەڕوو کە "ئەو 18 پرۆژەیە لە شارۆچكەكانی بنەسڵاوە، كەسنەزان، بەحركە، دارەتوو، قوشتەپە، شەمامک، خەبات، كانی قڕژاڵە، شەقڵاوە، دیبەگە و چەند شوێنێكی دیكەی سنووری پارێزگەی هەولێر جێبەجێ دەكرێن."
وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار ئاماژەی بەوەش دا کە "هاوكات ئێستا چەندین پڕۆژەی جۆراوجۆری خزمەتگوزاری لە سنووری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەكانی هەولێر لەلایەن تیمەكانی شارەوانییەوە لە قۆناغی جێبەجێكردندان و گوژمەی پێویستییان بۆ تەرخانكراوە."
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.