Erbil 38°C پێنجشەممە 16 کانوونی دووەم 15:18

زانیاری لەسەر یەکێک لەو خزمەتگوزارییانەی حکوومەت کە بێبەرامبەر پێشکەشی هاووڵاتییانی دەکات

کوردستان TV
100%

فەرمانگەی میدیا و زانیاری ڕایگەیاند، سەنتەری هەماهەنگیی فریاكەوتنی خێرا (122) بەشێكە لە بەشەكانی كردە پزیشكییەكانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی هەولێر؛ ئەم سەنتەرە بە بەردەوامی بۆ پێشكەشكردنی چارەسەری فریاگوزاریی سەرەتایی، لە كاتی هەبوونی هەر ڕووداوێكی نەخوازراودا، لە خزمەتی هاووڵاتییاندایە.

پزیشك ڕێزان ئەنوەر محەمەد، بەڕێوەبەری بەشی كردە پزیشكییەكان لە بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی هەولێر زانیاریی زیاتر لەوبارەیەوە دەخاتە ڕوو و دەڵێت: تیمە تەندروستییەكان لە كاتی پەیوەندیكردن بە هێڵەكەوە، بێبەرانبەر لە خزمەتی هاووڵاتیاندا دەبن. پەیوەندییەكان لەلایەن تیمەكانمان لە ژووری كۆنترۆڵ وەڵام دەدرێنەوە و تیمی فریاگوزاری و ئامبوڵانس ئامادە دەكرێن و  بۆ شوێنی دیاریكراو دەردەچن.

دەشڵێت: یەك سەنتەری سەرەكی كۆنتڕۆڵی شاری هەولێر دەكات، بەڵام چەند بنكەیەكی فریاكەوتنی خێرامان لەسەر ڕێگەی خانزاد – پیرمام هەن: بنكەی تەندروستیی خانزاد لەسەر ڕێگەی كەسنەزان، بنكەی تەندروستیی فەیزە هادی ئاغا، بنكەیەك لە دەربەندی گۆمەسپان. لە شێراوەش لە ڕێگەی كەركووك بنكەی فریاكەوتنی خێرامان داناوە، لە هەمان كاتیشدا لە پلانی بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی گشتیی هەولێردایە بنكەیەك لە ڕێگەی مەخموور-مووسڵ كارا بكات.

لەبارەی پلانی ساڵی نوێوە ڕایگەیاند: لە ساڵی 2023 پلانی ئەوە هەیە لە ڕێگەی وەزارەتی ناوخۆوە، سەنتەری هەماهەنگی دروست بكرێت؛ ئەو ژوورە لە بەرگریی شارستانی، ئاسایش، پۆلیس، فریاگوزاریی سەرەتایی، نەهێشتنی تاوانەكان، پێكدێت، بۆ ئەوەی بتوانێ هەموو ئەو سێكتەرانە لەخۆ بگرێت و لە ژوورێكی كۆنترۆڵكردندا كۆیانبكاتەوە، تاوەكوو هەموویان بەیەكەوە بگەنە شوێنی ڕووداو. لە هەمان كاتیشدا نەخشەی ئەلیكترۆنی و مۆتۆرۆڵا بەكاربخرێت و بخرێتە سەر هەموو ئامبۆڵانس و ئۆتۆمبێلەكان، بۆ ئەوەی زووتر بگەنە شوێنی ڕووداوەكە.

ڕاشیگەیاند: سەنتەری هەماهەنگیی فریاكەوتنی خێرا لە ساڵی 2023 نزیكەی 4 هەزار حاڵەتی لەناكاو و ڕووداوی تۆمار كردووە کە تیمەكانی خزمەتگوزاری گەیشتوونەتە سەریان؛ بەڵام دەرچوونی بەشەكانی دیكە بۆنموونە گواستنەوەی نەخۆش یان تەرم جیاوازە لە ڕووداوە لەناكاوەكان.

هاوکات ڕزگار عەبدولرەزاق عەبدولقادر، بەڕێوەبەری سەنتەری هەماهەنگیی فریاكەوتنی خێرا و پزیشكیی فریاكەوتن دەڵێت: ئەم خزمەتە پێشكەشكردنی خزمەتگوزاریی فریاگوزاریی سەرەتاییە بۆ هاووڵاتییان، چ ڕووداوی لەناكاو بێ وەك بەربوونەوە یان هاتوچۆ، یان ئاگركەوتنەوە و ڕووەداوەكانی جەنگ بێت.

دەشڵێت: ڕووداوی جۆراوجۆر هەن؛ ئەو ڕووداوانەی ڕوودەدەن زیاتر هاتوچۆ و بەربوونەوە یان ئاگركەوتنەوەن، دۆخی لەناكاوی فشاری خوێن و شەكرە یان پەركەمیش لە ناو بازاڕ و شوێنە گشتییەكان هەن كە فریایان دەكەوین، بۆیە لەم دۆخانەدا تیمەكانی ئێمە ئاگادار دەكرێنەوە و دەگەنە شوێنی ڕووداو.

باسی لەوەش کرد کە لە "سنووری هەولێر 10 تیمی شوفێر و كارمەندی تەندروستی هەن، بەڵام 25 ئۆتۆمبێلمان هەن، ڕۆژانە لە كاركردنی بەردەوامدان و بەهیواین كارمەندان زیاتر بكرێن."

ئاماژەی بەوەش دا کە "پەیوەندی لەگەڵ ئەم هێڵەدا، ساڵ بەساڵ باشتر دەبێت، بۆیە ئێستا خەڵك هۆشیاری ئەوەی زیاتر بووە لەكاتی هەر ڕووداوێك پەیوەندی بەم هێڵەوە بكات، لەلایەكی دیكەوە ئێمە جگە لە كاری خۆمان، كاری ڕاهێنانی ڕاهێنەرانیش دەكەین، بۆنموونە لە قوتابخانە یان زانكۆ یان فەرمانگەی حكومی، بەردەوام خول و سیمیناری فریاگوزاریی سەرەتاییمان هەیە، بۆ ئەوەی هۆشیاری لەسەر ئەم بابەتە هەبێ و خەڵكی دیكەش لەم ڕێگەیەوە شارەزایی پەیدا بكەن و تا تیمەكانی ئێمە دەگەن بە شوێنی مەبەست، هاوكار بن."

لەبارەی خزمەتگوزاریی گواستنەوە نەخۆش و تەرمیشەوە هەروەها دەڵێت: گواستنەوەی نەخۆش و تەرمەكان بێبەرانبەرە و تەنیا بۆ نەخۆشخانە حكومییەكان نییە، بەڵكوو بۆ ئەهلییەكانیش بە هەمان شێوەیە و بۆ دەرەوەی شار و ناوەوەی شار خزمەتگوزارییەكە بەردەستە.

لەبارەی هۆشیاریی هاتوچۆوە بۆ ڕێگە كردنەوە بۆ ئامبوڵانسەكان، گوتی: بەداخەوە تا ئێستا ئەم كێشەیە ماوە، زۆرجار ئۆتۆمبێل پێشبڕكێ لەگەڵ ئامبۆڵانس دەكەن، لەبری ئەوەی ڕێگەی بۆ بكەنەوە و بەشداری لە پاراستنی گیانی نەخۆش بكەن، چونكە یەك چركە بۆ ئێمەی فریاگوزار بۆ پاراستنی گیانی نەخۆش گرنگە.

گوتیشی: هیوادارین هاووڵاتییان لەكاتی هەر ڕووداوێك پەیوەندی بە هێڵەكانی 122 بكەن بۆ ئەوەی تیمەكان بگەنە شوێنی ڕووداوەكە و بە باشترین خزمەتگوزاریی زانستی چارەسەر فریا بخرێت، ئەگەرنا زیانی زیاتر بە نەخۆشەكە دەگەیەنن؛ بۆیە داوا دەكەین هەركەس شارەزایی لە فریاگوزاریی سەرەتایی نەبێت، دەستكاریی نەخۆشەكە نەكات، تا تیمەكانی فریاكەوتن دەگەنە سەری.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.