Erbil 38°C چوارشەممە 25 ئەیلوول 10:18

36 ساڵ بەسەر کۆچی دوایی ئیدریس بارزانیدا تێدەپەڕێت

کوردستان TV
100%


لە ڕۆژێکی وەکو ئەمڕۆدا، لە31ی1ی1987 سەرکردەی کورد ئیدریس بارزانی، لە گوندی سلیڤانا لە كوردستانی ئێران کۆچی دوایی کرد.
سه‌ركرده‌ ئیدریس بارزانی، لە مێژووی بزاڤی ڕزگاریخوازی نەتەوەییدا، بە ئەندازیاری ئاشتەوایی نیشتمانی ناو دەبرێت، ھاوکات لە گۆڕەپانی سیاسی و لەناو بەرھەڵستکارانی عێراق بە کەسایەتییەکی دیار و کاریگەر ھەژمار دەکرا و لە کۆنگرەی بەرھەڵستکارانی عێراقی کە لە تاران ساز کرا، بانگەوازی بۆ یەکخستنی توانای بەرھەڵستکاران بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڕژێمی بەعس کرد.

ئه‌ندازیاری ئاشتی ئیدریس بارزانی، لە مانگی ئازاری 1944ـدا لە ناوچەی بارزان و لە ئامێزی خێزانێکدا لە دایک بوو، وەک سەرچاوە مێژووییەکانی کوردستان ئاماژەیان پێکردووە، ھەر لە سەرەتای سەدەی بیستەمەوە ببووە ماڵی گەورەی کوردایەتی و سیمبولی نەتەوەیی و ڕووگەی تێکۆشەرانی کوردستان. لە تەمەنی چوار ساڵیدا لەگەڵ خانەوادەکەی لە سنووری بارزان دەگوازرێنەوە بۆ شارەکانی بەغدا، مووسڵ و بەسرا، لەگەڵ ئەوەی لەتەمەنی منداڵییەوە لە سۆز و خۆشەویستیی باوک بێبەش بوو، تا گەڕانەوەی بارزانیی نەمر لە سۆڤیەت لە ساڵی 1958ـدا.
لەگەڵ دەستپێکردنی پرۆژەی ئاشتی و دانووستان لە نێوان شۆڕش و دەسەڵاتدارانی بەغدا، سه‌ركرده‌ ئیدریس بارزانی بەیاوەریی سەرۆک بارزانی، لە دەستەی شاندی دانوستانکاری شۆڕش بوون، لە بەغدا کەوتنە شەڕی سیاسی و دیپلۆماسی بۆ بەدەستھێنانی زۆرترین ماف و داخوازی شۆڕش، سەرەنجام بە سەرپەرشتیی بارزانیی نەمر مافی ئۆتۆنۆمی بۆ کوردستانی عێراق بە دەست ھات و ڕێککەوتنەکە چوار ساڵی پڕ لە خۆشی و بووژاندنەوەی لە عێراق ھێنایە دی و تا سەرەنجام دەسەڵاتدارانی بەعس لە بەغدا کەوتنەوە دژایەتیی کورد و سەرکردایەتییەکەی بۆ ئەو مەبەستەش ڕێککەوتنی جەزائیریان لەگەڵ شای ئێران، محەممەد ڕەزا شای پەھلەوی واژوو کرد و شۆڕشی کوردیان تووشی نسکۆ کرد.

بە سادەیی ژیاوە
سه‌ركرده‌ ئیدریس بارزانی، لەناو جەماوەر خۆشەویست بووە سادە و بە قەناعەت بووە، بە سادەیی ژیاوە، خاوەن قسە و بەڵێنەکانی بووە، لەگەل ھەر کەسێکدا بە زمانی خۆی و ئاستی تێگەیشتنی بەرامبەری قسە و ھەڵسوکەوتی کردووە، ھەر کە شۆڕش بەرپا بوو، بارزانیی نەمر سەرپەرشتیی شۆڕشی کرد،  سه‌ركرده‌ ئیدریس بارزانی ھەر لە سەرەتای دەستپێکردنی شۆڕشی مەزنی ئەیلوولەوە کە قوتابی بوو، دەستی لە خوێندن ھەڵگرتووە و لەگەڵ بارزانی باوک بەشداری لە شۆڕش کرد.

لە قۆناغی شۆڕشی گوڵاندا ئیدریس بارزانی یەکێک لەو سەرکردانە بوو کە ھێزێکی دیکەی بە شۆڕشدا و پەیوەندی بە کۆمەڵێک کادیر و سەرکردە و پێشمەرگە و فەرماندەی پێشمەرگەی ئاوارە و دەربەدەر لە ئێرانەوە کرد، توانیی کۆ بکاتەوە و ئامادە بکات و ڕەوانەی ئەو بارەگانە بکات کە پارتی ئامادەی کردبوون؛ ئەوەش ھێزێکی دیکەی دایەوە ھێزی پێشمەرگە، لەگەڵ ئەوەی خۆی لە ئاوارەکان کردە خاوەن و توانی چارەسەری کێشە و گرفتەکانی ئەوان بکات”.

ئیدریس بارزانی ئەندازیاری دروستکردنی بەرەی کوردستانی بوو
سه‌ركرده‌ ئیدریس بارزانی، لە مێژووی بزاڤی ڕزگاریخوازی نەتەوەییدا، بە ئەندازیاری ئاشتەوایی نیشتمانی ناودەبرێت و ھاوکات لە گۆڕەپانی سیاسی عێراقیدا و لەناو بەرھەڵستکارانی عێراقدا بە کەسایەتییەکی دیار و کاریگەر ھەژمار دەکرا و لە کۆنگرەی بەرھەڵستکارانی عێراقی کە لە تاران سازکرا، بانگەوازی بۆیەکخستنی توانای بەرھەڵستکاران بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڕژێمی بەعس خستەڕوو، لە ئاستی دیپلۆماسیدا ئەزموونێکی ناوازەی ھەبوو، بە تایبەتی لە بواری بەدیھێنانی ئاشتەوایی نیشتمانی و یەکخستنی گوتاری پارت و لایەنە بەرھەڵستکارەکانی عێراق، سەرکردەی بەرەکانی شەڕ بوو، سەرکردەیەک بوو بڕوای بە ئاشتی و پێکەوەژیان ھەبوو، لەبواری سەربازی شارەزایەکی زۆر باشی ھەبوو، حکوومەتی عێراقی ناچارکرد پاشەکشە بکات، لەگەڵ ئەوەی لە ھەر پارچەیەکی کوردستان ھەستی بەوە کردبایە ترووسکایەک ھەیە بۆ سەرھەڵدانی خەباتی شۆڕشگێڕی، یەکسەر دەستی ھاوکاری بۆ درێژ دەکرد، لەگەڵ ئەوەی توانی پەیوەندی لە نێوان پارتی و ھێزەکانی دیکە دروست بکات، لەسەر دەستی ئاشتبوونەوەی نیشتمانی لە نێوان پارتی و یەکێتی ھاتە کایەوە و لە ئەنجامدا بەرەی کوردستانی دامەزرا. شۆڕشی کوردی بردە قۆناغێکی مێژوویی و چارەنووسسازەوە، ئەگەرچی چەند مانگێک دوای کۆچی دوای جێبەجێ کرا، بەڵام ئەوە بەرھەمی بیری کوردانەی ئەو بوو، ھەروەھایەکێک لەو سەرکردانە بوو کە توانی پەیوەندی لەگەڵ ئێران دروست بکات و بەرەو پێشەوە ببات، لە قۆناغی داھاتووشدا پەیوەندی لەگەڵ وڵاتانی دیکە درێژە پێ بدات، بۆیە ئەگەر بە زیرەک و لێھاتوویی ئیدریسی جوانەمەرگ و سەرۆک بارزانی نەبوایە.، بزووتنەوەی کوردی و شۆڕشی گەلی کوردستان نەدەگەیشتە ئەو قۆناغە و لە ساڵی 1991 ڕاپەڕین نەدەکرا و کوردستان ئازاد نەدەبوو، ئەو دەستکەوتانەی لە شۆڕشی ئەیلوول و گوڵاندا خەباتیان بۆ دەکرا بە دەست ھاتوونە، ھەر بۆیە ھەبوونی ئەو لەو قۆناغانەدا ھاندەرێکی بەھێز بوو، کە ورەی پێشمەرگە بەرز بکاتەوە و خەڵکێک ھاند بدات ببێتە پێشمەرگە و بەرگری لە گەلی کوردستان بکات، بۆیە ئەمڕۆ زۆربەی ئەو دەستکەوتانەی کە بەدەست ھاتوونە دەگەڕێنەوە بۆ خەباتی بارزانیی نەمر و ئیدرسی جوانەمەرگ”.

لە ڕۆژێکی وەکو ئەمڕۆدا کۆچی دوایی کرد
كاتژمێر 6ی سەرلەبەیانی ڕۆژی 31ی1ی1987 لە گوندی سلیڤانای سەر بە شاری ورمێ له‌ كوردستانی ئێران، ماڵئاوایی دەکات و لە گۆڕستانی شاری شنۆ لە تەنیشت باوکی دەنێژرێت، دوای ڕاپەڕینی بەھاری ساڵی 1991 سەرکردایەتیی پارتی بڕیاری گەڕانەوەی تەرمی بارزانیی نەمر و ئیدریسی جوانەمەرگ دا.
 لە ڕۆژانی 6 تا 8ی10ی1993لە ڕێوڕەسمێکی تایبەتدا تەرمی ھەردووکیان، لەنێو ئاپۆڕای خەڵکی کوردستاندا، گەیێندرانەوە گوندی بارزان و لە شوێنی لە دایکبوونیان ئەسپەردەی خاک کرانەوە. 
بە لەدەستدانیشی، جووڵانەوەی سیاسی و خەباتی ڕزگاریخوازی کوردستان کەسایەتییەکی کاریگەر و سەرکردەیەکی دیار و بە ئەزموون و یەکێک لە سەرخەرانی پرۆژەی ئاشتەوایی و بەیەکەوەژیان و یەکخستنی تواناکانی لە دەستدا.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.