سه‌ردانی شاندی پارتی بۆ لای پارت و لایه‌نه سیاسییه‌كان به‌رده‌وامه.
ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه 1ی2ی2023، شاندی باڵای پارتی سه‌ردانی هه‌ریه‌ك له پارته‌كانی، شیوعی، سۆسیالیست، زه‌حمه‌تكێشان، پارتی كرێكاران و ڕه‌نجده‌ران ده‌كات.
دوێنێ سێشه‌ممه31ى1ى2023، شاندی باڵای پارتی دیموكراتی كوردستان له درێژه‌ی سه‌ردانه‌كانی بۆ لای پارت و لایه‌نه سیاسییه‌كان له شاری هه‌ولێر سه‌ردانی یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستان و كۆمه‌ڵه‌ی دادگه‌ری كوردستانی كرد، له چه‌ند رۆژی ڕابردووش‌دا له شاری سلێمانی له‌گه‌ڵ یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان كۆببووه‌وه.
هه‌ر دوێنێ له‌دوای سه‌ردانی شاندی پارتی بۆ لای یه‌كگرتوو و كۆمه‌ڵی دادگه‌ری، مەحموود محەمەد ئەندامی دەستەی كارگێڕیی و گوته‌بێژی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی له كۆنگره‌یه‌كی ڕۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند: كه ڕۆژی شەممه‌ی هه‌فته‌ی داهاتوو لە شاری هەولێر، لەگەڵ یەکێتی نیشتمانی كوردستان كۆ دەبنەوە.
سه‌باره‌ت به کۆبوونەوهكان له‌گه‌ڵ پارت و لایه‌نه سیاسییه‌كان، مه‌حموود محه‌مه‌د رایگه‌یاند: كه پارتی هیچ مەرجێکی بۆ ئه‌نجامدانی كۆبوونه‌وه نییە و مەرجیش لە کەس قەبووڵ ناکات.
له‌باره‌ی ته‌وه‌ری كۆبوونه‌وه‌كان له‌گه‌ڵ پارت و لایه‌نه سیاسییه‌كان، گوته‌بێژی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی رایگه‌یاند: تاوتوێی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و کۆدەنگی پارت و لایه‌نه‌كان سه‌باره‌ت به کاراکردنەوەی کۆمیسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌كان و هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردن كراوه.
ئه‌مرۆ شاندی پارتی له‌گه‌ڵ چوار حزبی دیكه كۆده‌بێته‌وه
100%
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.