ڕۆژی پێنجشەممە، ڕێكەوتی 2ی شوباتی2023، د. جوتیار عادل، وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان، كۆنگرەی ڕۆژنامەوانیی هەفتانەی لە ئەنجومەنی وەزیران ئەنجام دا، تیایدا پرس و بابەتەكانی كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی كە لە ١ی شوباتی ٢٠٢٣ بەڕێوەچوو، ڕوونكردەوە.
لە كۆنگرەكەدا وتەبێژی حكومەتی ھەرێمی کوردستان، چەندین پرسی ئابووری، سیاسی و یاسایی ڕوونكردەوە و ڕایگەیاند:"سەرباری بڕیارە دژەكانی دادگای فیدڕاڵی، گفتوگۆ و دانوستانەكان لەگەڵ حكومەتی عێراق بەردەوامییان پێ دەدرێت."
د. جوتیار عادل، باسی لەوە كرد: "لە كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیراندا باس لە بەردەوامیی دانوستانەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و بەغدا كراوە و لەو دانوستانانەشدا، داوا دەكرێت بابەتی مووچە و پرسەكانی ماددەی ١٤٠ و هەندێك یاسادانان، بەپێی كات و دەستوور جێبەجێ بكرێن. بەتایبەتی ئەوەی پەیوەندی بە پرسی نادەستووریبوونی دادگای فیدڕاڵییەوە هەیە، لەڕووی پێكهاتە و دەسەڵاتەكانییەوە، چونكە بڕیارەكانی پێشتری ئەو دادگایە فشارخستنە سەر هەرێمی كوردستان بووە."
د. جوتیار عادل دەڵێت:"ئێمە دووبارە جەخت لە ڕێككەوتنی هەرێمی كوردستان لەگەڵ بەغدا دەكەینەوە؛ حكومەتی هەرێمی کوردستان ڕژدە لەسەر ڕێككەوتن، هیچ بیانوویەك بۆ حكومەتی عێراق بۆ ڕێكنەكەوتن لەگەڵ حكومەتی هەرێمی کوردستان نەماوە. ماوەیەكە داتایەكان، بە هەماهەنگی لەگەڵ دیوانی چاودێریی فیدراڵی و دیوانی چاودێریی هەرێمی كوردستان ڕادەست كراون و وردبینییان تێدا كراوە، لە هەمان كاتدا لەسەر ئاستی دۆسیەی نەوت و بودجە، هەماهەنگیی باشمان كردووە و زانیارییەكان ڕادەست كراون."
وتەبێژی حكومەتی ھەرێمی کوردستان ئەوەشی گوت: " لەلایەكی دیكەوەش لە چەند كۆبوونەوەیەكدا سەرۆكی حكومەت جەختی لە قەرەبووكردنەوەی خەڵكی كوردستان لەلایەن حكومەتی عێراقەوە كردووەتەوە، بەهۆی ئەوەی لەلایەن ڕژێمی پێشووەوە زیانی جەستەیی، ماددی و مەعنەوییان بەركەوتووە. ئەوە ئەركێكە لەسەر حكومەتی هەرێمی كوردستان، كە دەبێت داوای قەرەبوو لە حكومەتی عێراق بكات و داوای لێبوردنیش لە خەڵكی كوردستان بكرێت."
لەبارەی بەردەوامیی مووچەی فەرمانبەرانی كوردستانەوە، وتەبێژی حكومەتی ھەرێمی کوردستان دڵنیایی دەدات و دەڵێت: "بەبێ ٢٠٠ ملیار دینارەكەی بەغدایش، لە پێدانی مووچە بەردەوام بووین و بەردەوامیش دەبین، بەڵام ناردنی ئەو پارەیە مافێكی خەڵكی كوردستانە و پێویستە حكومەتی عێراق بە ئەركە داراییەكانی بەرامبەر بە هەرێمی كوردستان هەستێت."
سەبارەت بە دابەشكردنی نەوتی سپید.جوتیار عادل گوتی: "تا ئێستا زیاتر لە ٦٤ ملیۆن لیتر نەوتی سپی بەسەر خەڵكی كوردستاندا دابەشكراوە، ئەو دوو ملیۆن لیترەی كە لە بەغداوەش هاتووە، ئەمڕۆ دەست بە دابەشكردنی كراوە. هەندێك دامودەزگای خێرخوازییش هەن دەستپێشخەری لەو پرسەدا دەكەن، بەڵام ئەوە بە هیچ شێوەیەك پەیوەندی بەو نەوتەوە نییە كە هەرێمی كوردستان دابەشی دەكات و ئەو پڕۆسەیەش بەردەوام دەبێت. بۆ زانینی نرخی بەرمیلێك نەوتی هەرێمی كوردستانیش، لە ڕێگەی وەزارەتی سامانە سروشتییەكانەوە، راپۆرتێك بۆ بەرچاوڕوونیی خەڵك لەسەر نرخی یەك بەرمیل نەوتی هەرێمی كوردستان ئامادە دەكەین، هەرچەند ئەوە ڕاستییە، ئەو فشارانەی حكومەتی فیدراڵی دەیخاتە سەر هەرێمی كوردستان، وا دەكات خەرجی لەسەر بەرهەمهێنانی هەر بەرمیلە نەوتێك زیاد ببێت، ئەمەش لە ئەنجامدا دەبێتە هۆی كەمكردنەوەی داهاتی هەرێمی كوردستان و پێویستە خەڵك لایان ڕوونبێت، كە ئەو فشارانە زیانگەیاندنە بە خەڵكی هەرێمی كوردستان."
لە كۆتایی كۆنگرە ڕۆژنامەوانییەكەدا و لە وەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەنووساندا، لەبارەی ناردنی نایاسایی دۆلار بۆ دەرەوەی عێراق، وتەبێژی حكومەتی ھەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: "هاوكار و پشتیوانی حكومەتی عێراقین لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو دیاردەیە و وەرگرتنی ڕێكاری یاسایی؛ بەڵام لەبیری نەكەین سیاسەتی نەختینەیی دراو و بانكی، تایبەتمەندیی دەوڵەتی فیدراڵیی عێراقە، لەگەڵ ئەوەشدا هاوكاری دەوڵەتی عێراقین، كە لە چوارچێوەی یاسادا ڕێگری لە پێشێلكارییەكان بكرێت."
وتەبێژی حكومەتی هەرێم: حكومەتی عێراق هیچ بیانوویەكی بۆ ڕێككەوتن لەگەڵ هەرێمی كوردستان نەماوە
100%
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.