Erbil 38°C شەممە 18 کانوونی دووەم 07:59

پۆلیسی فیدڕالی له‌ كه‌ركووك نامێنێ و سوپا شوێنی ده‌گرێته‌وه‌

کوردستان TV
100%

به‌گوێره‌ی ئه‌و زانیارییانه‌ی ده‌ستگه‌یشتوون بڕیاره‌ له‌ ئاینده‌یه‌كی نزیكدا پۆلیسی فیدڕالی كه‌ له‌ دوای ڕووداوه‌كانی 16ی ئۆكتۆبه‌ری ساڵی 2017 له‌ شاری كه‌ركووك جێگیركراون، شاره‌كه‌ جێبێڵن و هێزێكی ئه‌منی تر شوێنیان بگرنه‌وه‌.

سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ پۆلیسی كه‌ركووك تایبه‌ت به‌ (كوردستان تیڤی) ڕاگه‌یاند: به‌ فه‌رمانی محه‌مه‌د شیاع سوودانی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق پۆلیسی فیدڕالی كه‌ ئێستا ئاسایشی پارێزگای كه‌ركووك و شارۆچكه‌كانی حه‌ویجه‌ و ریاز و به‌شێكی دووبزی به‌ده‌سته‌وه‌یه‌، له‌‌ ئاینده‌یه‌كی نزیكدا ئه‌و ناوچانه‌ چۆڵ ده‌كه‌ن.

ڕاشیگه‌یاند: به‌ فه‌رمانی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق پۆلیسی فیدڕالی به‌ره‌و به‌غدا پاشه‌كشه‌ ده‌كه‌ن و له‌ شوێنی ئه‌وانیش فیرقه‌ی 11ی سوپای عێراق ئه‌ركی پاراستنی ناوچه‌كان ده‌گرنه‌ ده‌ست.

ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا كه‌ ئیتر پۆلیسی فیدڕالی كه‌ له‌ دوای ڕووداوه‌كانی 16ی ئۆكتۆبه‌ری ساڵی 2017 دۆسییه‌ی ئه‌منی كه‌ركووك و ده‌وروبه‌ریان پێ سپێردراوه‌، له‌ ته‌واوی ناوچه‌كان نامێنن و له‌ شوێنی ئه‌وانیش سوپای عێراق جێگیر ده‌كرێن.

ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌ كه‌ له‌ ماوه‌ی ڕابردوودا پارتی دیموكراتی كوردستان هه‌میشه‌ پێداگیری له‌ دوورخستنه‌وه‌ی پۆلیسی فیدڕالی له‌ ئه‌ركی پاراستنی شاری كه‌ركووك و ناوچه‌كانی ده‌وروبه‌ری كردۆته‌وه‌ وه‌ك مه‌رجێك بۆ ئاساییكردنه‌وه‌ی دۆخی شاری كه‌ركووك و جێبه‌جێكردنی مادده‌ی 140ی ده‌ستووری هه‌میشه‌یی عێراق.

لای خۆشییه‌وه‌ حكوومه‌تی عێراق وه‌ك یه‌كه‌م هه‌نگاو بۆ جێبه‌جێكردنی ئه‌م داخوازییانه‌، بڕیاری دا سوپای عێراق له‌ ده‌وروبه‌ری شاری كه‌ركووك بڵاو بكاته‌وه‌ و پۆلیسی فیدڕالیش له‌ ناوچه‌كه‌ دوور بخاته‌وه‌ و بیگه‌ڕێنێته‌وه‌ به‌غدا.

په‌یامنێر / هه‌ڵۆ جه‌باری

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.