Erbil 38°C شەممە 21 ئەیلوول 21:07

لێژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی کۆنگرێسی ئەمریکا لەبارەی بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵی هاتە دەنگ

کوردستان TV
100%

بەرپرسی لێژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا نیگەرانی خۆی لەبارەی بڕیاری ئەم دواییەی دادگەی فیدراڵی دژ بە ڕاگرتنی ناردنی شایستەی دارایی هەرێمی کوردستان دەردەبڕێ و داوای چارەسەری کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەکات.

مایکڵ مکۆڵ، بەرپرسی لێژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا نامەیەکی ئاراستەی ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکای کردووە، کە لە دوێنی پێنجشەممە 02ـی 02ـی 2023 ئاراستە کراوە، تێیدا هاتووە، نیگەرانم لە ناکۆکییە بەردەوامەکانی نێوان هەردوو حکوومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق کاریگەرییە نەرێنییەکانی لەسەر سەقامگیری و گەشەسەندنی ئابووری عێراق.

ئەوەش خراوەتەڕوو کە "پێویستە لەبەرامبەر هەڕەشە بەردەوامەکانی ئێران بۆ سەر عێراق و ئەمریکا حکوومەتی عێراق بەشێوەیەک چارەسەری ئەو کێشانە بکات کە عێراق بەهێز بکات و سوودی بۆ گەلەکەی هەبێت."

هەروەها باسی لەوەش کردووە کە "پێکهێنانی حکوومەتی نوێ بە سەرۆکایەتیی محەمەد شیاع سوودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە تشرینی یەکەمی ساڵی ڕابردوو، دەرفەتێکی گرنگ بۆ گەشەسەندنی درێژخایەنی عێراق دەڕەخسێنێت."

مایکڵ مکۆڵ لە نامەکەیدا جەختی کردۆتەوە کە "پێویستە بەرپرسانی بەغدا و هەرێمی کوردستانی دانپێدانراوی فیدراڵی بەڵێنی کۆنکرێتییان لەنێوان هەبێت بۆ کارکردنی پێکەوەیی لەپێناو گەشەسەندنی بنیاتنەرانە و یەکلاکردنەوەی کێشە هەمیشەییەکانی پەیوەست بە مامەڵەکردنی سامانە سروشتییەکانی عێراق کە جێگەی ڕەزامەندی هەردوولا بێت."

سەبارەت بە بڕیاری ئەم دواییەی دادگەی فیدراڵی بەرپرسی لێژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا لە نامەکەیدا بۆ وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەکەی دەڵێت، "نیگەرانم لە بڕیاری ئەم دواییەی دادگەی فیدراڵی لەسەر پرسی بوودجە، ئەم بڕیارە نیشانی دەدات کە تاوەکوو ئێستا ئەم ناکۆکییە دەستووریە چارەسەر نەکراوە و ئەگەری بەردەوامبوونی هەیە لە تێکدانی ئاسۆی ئاشتەوایی نێوان هەولێر و بەغدا، هەروەها هەڕەشە دەبێت لە متمانەی نێوانیان، ئەمە لەکاتێکدا کە گەلی عێراق بە کاتێکی زۆر سەختدا تێدەپەڕن."

دەشڵێت، "لە چەند هەفتەی ڕابردوودا عێراق لەڕووی شەفافییەت لە خەرجییە گشتییەکان و تەرخانکردنی سەرچاوەکان پێشکەوتنی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە، زۆر گرنگە حکوومەتی عێراق لەسەر ئەم پێشکەوتنە بنیات بنرێت لە ڕێگەی دڵنیابوون لە بەکارهێنانی سەرچاوە گشتییەکان بۆ چارەسەرکردنی پێداویستیی بەپەلەی گەلی عێراق و فەرمانبەرانی حکوومەت بە پێچەوانەی ئەوەی کە لەلایەن کەسانەی خراپەکارەوە بەکاردەهێنرێن."

مایکڵ مکۆڵ ئاماژەی بەوەش داوە کە "یەکگرتوویی و یەکڕیزی و تەبایی عێراق، لە ڕێگەی گواستنەوەی بودجەی فیدراڵی بە شێوەیەکی شەفاف بۆ حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەبێت، هەروەها پەیامێکی پەیامێکی توندی خۆڕاگری بۆ ئێران دەنێرێت لەبەرامبەر هێرشە مووشەکی و فڕۆکە بێفرۆکەوانییە دووبارەبووەکانیدا کە سەروەری عێراق پێشێل دەکات و بەهۆیەوە خەڵکی سڤیل گیانیان لەدەستداوە."

هەروەها داوا لە بلینکن وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەی دەکات لە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ بەرپرسانی باڵای حکوومەتی فیدراڵی، هەولێر و بەغدا ئاراستە بکات کە بڕیاری سیاسیی پێویست بدەن لەپێناو پاراستنی سەروەری عێراق و بەدیهێنانی تواناکانی عێراق و سوودگەیاندن بە گەلی عێراق.

ئەو بەرپرسەی لێژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا دووپاتی کردۆتەوە کە "پێویستە ئەمریکا پابەند بێت بە کارکردن لەگەڵ هەموو هاوبەشە عێراقییەکانمان بۆ بنیاتنانی عێراقێکی سەقامگیر، سەروەری و دیموکراسی دوور لە کاریگەرییە خراپەکان، کە لە بەرژەوەندی هاووڵاتییانی عێراقدا بێت."

ئەمەش لەکاتێکدایە کە ڕۆژی چوارشەممە 25-01-2023، دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق بڕیاری ڕاگرتنی ناردنی پارەی بۆ هەرێمی کوردستان دا کە پێشووتر لەلایەن محەمەد شیاع سوودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕەزامەندنی ناردنی درابوو.  

کوردستان رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست جیهان عێراق

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.