وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا لە کۆبوونەوەی لەگەڵ بانکی ناوەندی عێراق ئامادەیی خۆی نیشان دا بۆ ئەوەی نەرمی بنوێنن لەپێناو گەیشتن بە ئامانجە هاوبەشەکان.
ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی 03ـی 02ـی 2023 عەلی موحسین پارێزگاری بانکی ناوەندی لەگەڵ برایان نیلسۆن یاریدەدەری وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا لە تورکیا کۆبوونەوە.
لە ڕاگەیەنراوی کۆبوونەوەکەدا هاتووە کە "باس لە هاوکاری و هەماهەنگی نێوان هەردوولا کرا بەشێوەیەک کە سەقامگیری نرخی ئاڵوگۆڕی دراو لە عێراق و ڕێکارەکانی پەیوەست بەم بابەتەوە بەدی بهێنێت."
ئەوەش خراوەتەڕوو، "وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا پشتیوانی خۆی بۆ گەیشتن بە سەقامگیری ئابووری لە عێراق دووپات کردەوە. هاوکات ئاماژەی بە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی دوێنێ پێنجشەممەی نێوان جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا محەمەد شیاع سوودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق داوە کە جەخت لەسەر گرنگی سەقامگیری عێراق بۆ تەواوی ناوچەکە کرایەوە."
لە ڕاگەیەنراوەکە باس لەوەش کراوە کە "وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا ئامادەیی خۆی نیشان دا بۆ ئەوەی نەرمی پێویست بنوێنن لەپێناو گەیشتن بە ئامانجە هاوبەشەکان."
هاوکات لەو ڕاگەیەنراوە ئاماژە بەوەش دراوە کە ڕێککەوتن لەسەر بەردەوامبوونی هەماهەنگی و هاوکاری لە میانی ئەو کۆبوونەوانەدا کە بڕیارە پێش ناوەڕاستی ئەم مانگە لە واشنتۆن دی سی بەڕێوەبچێت.
ئەمەش لەکاتێکدایە کە نزیکەی دوو مانگە نرخی دۆلار بەرامبەر بە دینار بەرزبوونەوەیەکی زۆری بەخۆیەوە بینیوە، سهرلهبهیانی ئهمڕۆ ههینی نرخی 100 دۆلاری ئهمریكی له شاری ههولێر بۆ فرۆشتن بە 169 ههزار دیناری عێراقی بووه، بۆ كڕینیش 168 ههزار و 500 دینار دیاریكراوه.
هەروەها دوێنێ پێنجشەممە نرخی دۆلار ژمارهیهكی پێوانهیی تۆمار كرد و بههای 100 دۆلار گهیشته 177 ههزار دیناری عێراقی، چاوەڕێ دەکرێت بەم ڕێککەوتنەی نێوان عێراق و ئەمریکا نرخی دۆلار سەقامگیری بەخۆیەوە ببینێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.