فهرمانگهی میدیا و زانیاری رایگهیاند: پێداچوونەوە بە پلەبەرزکردنەوە و خزمەتی فەرمانبەران دەکرێت.
ئهمڕۆ شهممه 4ى2ى2023، فهرمانگهی میدیا و زانیاری حكوومهتی ههرێمی كوردستان بڵاویكردهوه: لەسەر داوای سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران، لیژنەیەک بۆ دەستنیشانکردنی گرفتەکانی جێبەجێکردنی ڕێنمایی دارایی ژمارە 12ـی تایبەت بە پێداچوونەوەی ڕاگرتنی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران و هەژمارکردنى خزمەتیان لە چوارچێوەى جێبەجێکردنى یاساى چاکسازی پێک هێنرا.
فهرمانگهی میدیا و زانیاری راشیگهیاند: لیژنەکە لە یەکەم هەنگاوی، تیمەکانی دیوانی چاودێریی دارایی و دەستەی دەستپاکی و لیژنەیەکی تایبەت لە وەزارەتی دارایی و ئابووری بۆ پرسى میلاکات ڕاسپارد بە مەبەستی پێداچوونەوە و وردبینی بە دۆسیەى فەرمانبەران.
فهرمانگه ئاماژهی بهوهشكردووه، لە کۆی 32 دامەزراوەى هەر سێ دەسەڵاتی «دادوەرى و یاسادانان و جێبەجێکردن»، پێداچوونەوە بە 365 هەزار و452 دۆسیە کرا کە 7 هەزار و 196 دۆسیە پلەى زیادەیان بۆ بەسترا بوو و 15 هەزار و 614 دۆسیەشیان زیادە مووچەیان هەبوو، کە کۆى جیاوازى مووچەکەیان دەکاتە ملیارێک و 360 ملیۆن و 808 هەزار دینار.
فهرمانگهی میدیا و زانیاری حكوومهتی ههرێمی كوردستان راشیگهیاندووه، هەر لەم چوارچێوەیەدا و بۆ یەکخستنەوەی دۆسیەی کەسیی ئەفسەر، پلەدار و پێشمەرگە، تا ئێستا لەکۆى 60 هەزار و 16 دۆسیە، 41 هەزار و 982 دۆسیە، بۆ پێداچوونەوە ئامادە کراون و بڕیار وایە بە زوویی دۆسیە نایاساییەکانیان لە ڕووی پلەبەرزکردنەوە و زیادە مووچە، دەستنیشان بکرێن.
کابینەى نۆیەم، لە یەک کاتدا کاری لەسەر پرۆژە خزمەتگوزارییەکان و پرسى چاکسازى کردووە، تا ئێستا دەیان هەنگاوى کردەیی و جددی لەم بوارە ناوە، ئەمەش هۆکار بووە بۆ ڕێکخستنەوەى دۆسیەى فەرمانبەران و گەڕاندنەوەى سامانێکى زۆرى دارایی بۆ نێو خەزێنەى حکومەت.
دارشتنهوهی ههواڵ - شوان عهزیز
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.