نوێنەری سەرۆک بارزانی بەشداری لە کۆنگرەی پارتی کەتایبی لوبنانی کرد و لەلایەن سەرۆک کۆماری پێشووی ئەو وڵاتەوە پێشوازی لێکرا.
فەلاح حەسەن بە نوێنەرایەتی سەرۆک مەسعود بارزانی، بەشداری لە 32ـەمین كۆنگرەی پارتی كەتائیبی لوبنانی لە بەیرووتی پایتەخت كرد و سڵاوی سەرۆک بارزانی و پەیامی دۆستایەتی و ئاشتی سەرۆک بارزانی گەیاندە سامی جومەیلی سەرۆكی پارتی كەتایب و ئەندامانی كۆنگرە و ئامادەبووان.
سەرۆكی پارتی دیموكراتی و كۆمەڵایەتی لوبنان سوپاسی سەرۆک بارزانی كرد بۆ ناردن و بەشداری نوێنەریان، دووپاتیشی كردەوە كە دۆستایەتی ئەوان و گەلی كوردستان دۆستایەتیەكی تۆكمەیە و ڕێز لە مافەكانی گەلی كوردستان و خەباتی نەپچڕاوی شۆڕشە یەک لە دوایەكەكانی مەلا مستەفای بارزانی و بنەماڵەكەیان دەگرن.
وەك ڕێزێك بۆ بەشداری كردنی نوێنەری سەرۆک بارزانی لە 32ـەمین كۆنگرەی پارتی كەتائیبی لوبنانی، ئەمین جومەیلی سەرۆک كۆماری پێشووی لوبنان، ئێوارە خوانێكی بۆ فەلاح حەسەن ڕێكخست،لەوێ گوتی:دۆستایەتی ئێمە و بەتایبەتی بنەماڵەكەمان لەگەڵ گەلی كوردستان، دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی مەلا موستەفا بارزانی، باوكم (بەیار جومەیل) دامەزرێنەری پارتی دیموكراتی و كۆمەڵایەتی لوبنان (كەتائیب) دۆستایەتیەكی گیان بە گیانی هەبوو لەگەڵ خوالێخۆشبوو مەلا موستەفا بارزانیدا و لایەنگرێكی سەرسەختی شۆڕشی موستەفا بارزانی بوو.
لەبەرامبەردا فەلاح حەسەن ، سڵاوی سەرۆک مەسعود بارزانی گەیاندە ئەمین جومەیل و سوپاسی ئەو پێشوازیە گەرمە و ئێوارە خوانە تایبەتیەی كرد.
لای خۆیەوە سەرۆک كۆماری پێشوو ئەمین جومەیل دڵسۆزی و پشتیوانی خۆی بۆ گەلی كوردستان دەربڕی و دەستخۆشی لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان و جەنابی سەرۆک بارزانی كرد كە ڕۆڵێكی مێژوویان هەبووە بۆ خزمەتكردنی گەلی كوردستان و پێشخستنی هەرێمی كوردستان كە بۆتە ناوبانگێكی دیار لە ڕۆژهەڵاتی ناوەراستدا.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.