Erbil 38°C یەکشەممە 19 کانوونی دووەم 05:39

وادەی دابەشکردنی پارەی گەنمی ساڵانی پێشووی جوتیاران ئاشکرا دەکرێت

کوردستان TV
100%

وەزیری بازرگانی و پیشەسازی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، بەڵێنمان وەرگرتووە بۆ خەرجکردنی پارەی گەنمی ساڵانی پێشووی جوتیاران، لە ئایندەیەکی نزیکدا دەگاتە هەرێمی کوردستان, دوای گەیشتنیشی دەست بە دابەشکردنی دەکرێت.

د. کەمال موسلیم وەزیری بازرگانی و پیشەسازی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ یەکشەممە 05ـی 02ـی 2023 لەگەڵ ژمارەیەک جوتیار کۆبووەوە و گوێی لە کێشە و گرفت و داواکارییەکانیان گرت، لەمبارەیەوە لە ڕاگەیەنراوێک وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی ڕایگەیاند: وەزیری بازرگانی و پیشەسازی ڕوونکردنەوەی پێویستی دا لەبارەی چۆنیەتی هاوكاریكردنی جوتیاران و خاوەن كارگە و ئەو كەسانەی لە ناوخۆی هەرێمی کوردستان وەبەرهێنان دەكەن، تاوەکوو بتوانن بە ئاسانی و بەبێ زیان بەرهەمەكانیان لە بازاڕەكانی هەرێمدا ساغ بكەنەوە.

ڕاشیگەیاند: د. کەمال موسلیم بەڵێنی هەموو هاوكارییەكی بە جوتیاران دا جەختی کردەوە کە هەر هەوڵێك پێویست بێت بۆ چارەسەركردنی گرفتی جوتیاران و ئەوانەی خاوەن بەرهەمی خۆماڵین، كاری بۆ دەكەین و بەردەوامین لە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتەكانی دیکەی هەرێم و وەزارەتە پەیوەندیدارەكانی بەغدا.

سەبارەت بە پارەی گەنمی ساڵانی پێشووی جوتیاران وەزیری بازرگانی و پیشەسازی ئاماژەی بەوە دا کە "بەڵێنی تەواومان وەرگرتووە بۆ خەرجكردنی پارەی گەنمی ساڵانی پێشوو، بڕیارە لە ئایندەیەكی نزیكدا و لەپاش تەواوبوونی ڕێكارە ئیدارییەكان بگاتە هەرێمی کوردستان."

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.