کونسوڵی گشتی سعوودییە لە هەولێر بە سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی ڕاگەیاند، هەموو ئاسانکارییەک دەکەن تاوەکوو بەروبووم و بەرهەمەکانی هەرێمی کوردستان بگەیەننە وڵاتەکەیان.
ئەمڕۆ یەکشەممە 05ـی 02ـی 2023 د. محەمەد شوکری سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان لەگەڵ محەمەد بن سلێمان ئەلعەسیری کونسوڵی گشتیی شانشینی عەرەبی سعوودی لە هەرێمی کوردستان و مشعەل هەزال ڕاوێژکار لە وەزارەتی وەبەرهێنانی حکوومەتی سعوودییە کۆبووەوە، لەبارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوە دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: پەیوەندییە ئابووری و بازرگانییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و سعوودییە تاوتوێ کرا و بڕیاری فراوانترکردنی درا.
ڕاشیگەیاند: کونسوڵی گشتیی سعوودییە لە هەرێمی کوردستان جەختی کردەوە کە وڵاتەکەیان بازاڕێکی گەورەی ساغکردنەوەی بەروبووم و بەرهەمەکانی هەرێمی کوردستانە و هەموو ئاسانکارییەکیش دەکەن تاوەکوو بەرهەمەکانی هەرێمی کوردستان بگەیەننە بازاڕەکانی سعوودییە.
باسی لەوەش کرد کە د. محەمەد شوکری دووپاتی کردەوە، هەموو هاوکاری و کارئاسانییەک بۆ وەبەرهێنەرانی سعوودییە دەکەن و تاوەکوو وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستاندا بکەن، بەتایبەت لە سێکتەرەکانی کشتوکاڵ و پیشەسازی خۆراک و کەرتی کارەبادا.
دەستەی وەبەرهێنان ئاماژەی بەوەش دا کە سعوودییە لە هەرێمی کوردستان خاوەنی چەندان کۆمپانیا و کارخانەن، بە تایبەتی لە بوارەکانی کشتوکاڵ و شیرەمەنیدا، بەهۆیەوە سەدان هەلی کاریان بۆ هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان ڕەخساندووە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.