Erbil 38°C چوارشەممە 25 ئەیلوول 23:30

بانکی ناوەندی بۆ کۆنتڕۆڵکردنی بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار ڕێکاری نوێ دەگرێتەبەر

کوردستان TV
100%

پارێزگاری بانکی ناوەندی عێراق بۆ کۆنتڕۆڵکردنی بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار ڕایگەیاند، لە ناوەڕاستی ئەم مانگەدا چەند ڕێکارێکی گرنگ دەگرنەبەر.

عەلی عەلاق پارێزگاری بانکی ناوەندی ئەمڕۆ یەکشەممە 05ـی 02ـی 2023 لەگەڵ سەرۆکی ئەنجوومەنەکان، بەڕێوەبەرە گشتییەکان، نوێنەری بانکە حکوومی و تایبەتەکان کۆبووەوە بۆ ڕێکخستنەوە و گرتنەبەری ڕێکاری پێویست بۆ ئاڵوگۆڕکردنی دراو، لە ڕاگەیەنراوێکدا بانکی ناوەندی عێراق ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەی خستەڕوو، ڕایگەیاند: لە قۆناغی دووەم چەند ڕێکارێکی گرنگ لە ناوەڕاستی مانگی شوبات دەگرینەبەر، کە ئەم ڕێکارانەش بۆ کوتوبەندکردنی وەڵامدانەوەی داواکارییە ڕەواکان نییە.

ڕاشیگەیاند: هیچ جۆرە کۆتوبەندێکی ناوخۆیی و دەرەکی لەسەر گواستنەوە و فرۆشتنی نەختێنەیی دۆلار نییە، ئەمەش بە پابەندبوون بە ڕێککەوتن لەگەڵ سندووقی دراوی نێودەوڵەتیی کە لە ساڵی 2008 لەلایەن پەرلەمانەوە پەسەند کراوە.

باسی لەوەش کردووە کە ئامانج لە گرتنەبەری ئەو ڕێکارانە پاراستنی سیستەمی بانکی و داراییە لە کارە نایاسایی و قەدەغەکراو و گوماناوییەکان، هەروەها پاڵپشتیی لە جێبەجێکردنی یاسای ڕووبەڕووبوونەوەی سپیکردنەوەی پارە و پاڵپشتیی دارایی تیرۆر و پێشخستنی کەرتی بانکی لە دەرەوەی وڵات دەدات کە دەیان ساڵە لێی بێبەشە.

عەلی عەلاق جەختی کردەوە کە نرخی ئاڵوگۆڕکردنی دراو پەیوەستە بە ژیانی هاووڵاتییانەوە، پێویستە سەقامگیربێت.

ئاماژەی بەوەش دا کە داواکارییەکانیان بۆ گواستنەوەی دەرەکی و پارەی نەختینەیی تەنیا لە بەغدا سنووردار نەکەن، بەڵکوو دەستبەجێ ڕێکار بگیرێتەبەر بۆ وەرگرتنی لقی بانکەکان لە پارێزگاکانی دیکە.

هەروەها گوتی: بانکی ناوەندی عێراق لقی دەرەکی نوێی کردۆتەوە بۆ ئاسانکاریکردن لە ئەنجامدانی گواستنەوەی دەرەکی و دوورکەوتنەوە لەو لایەنە ناشارەزایانەی ئەم کارە ئەنجام دەدەن.

پارێزگاری بانکی ناوەندی هۆشداریشی دا لە سوودوەرگرتن لەم دۆخە بۆ ئەنجامدانی کار و چالاکی بێمۆڵەت کە دۆخەکە قورستر دەکات، ئاماژەی بەوە دا کە ڕێکار و سزای تووند بەرامبەر بە سەرپێچیکاران دەگیرێتەبەر.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.