کۆکردنەوە و چارەسەرکردنی زبڵ و خاشاک، یەکێکە لە خزمەتگوزارییە بەردەوامەکانی حکومەت و ساڵانەش خەرجییەكی زۆر بۆ ئەو مەبەستە تەرخان دەكرێت.
لە هەرێمی کوردستان، ڕۆژانە 6 هەزار و 900 تۆن زبڵ و خاشاک کۆدەکرێتەوە و دواتر چارەسەر دەکرێت، كە تێچووی کۆکردنەوە و چارەسەرکردنی هەر تۆنێکیش، ٥٠ هەزار دینارە؛ واتا لە ساڵێکدا ترلیۆنێک و 214 ملیار و 311 ملیۆن دیناری تێدەچێت.
ئاراس فوئاد، بەڕێوەبەری خزمەتگوزاریی ژینگەپارێزیی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، بە پێگەی فەرمیی حكومەتی هەرێمی كوردستانی ڕاگەیاند: پرسی ژینگە و بەتایبەتی سێكتەری خاشاكی ڕەق و چارەسەركردنی، لەلایەن كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە گرنگییەكی زۆری پێدراوە. هەنگاوەكانیش ئێستا لەژێر لێكۆڵینەوە و تاقیكردنەوەدایە، بۆ ئەو مەبەستەش پڕۆژەی هەولێر یەكێكە لەو پڕۆژانەی لەلایەن تیمێكی ڕاوێژكار و تایبەتمەندەوە، دەست بە تاووتوێكردنی كراوە؛ ئێمەش چاوەڕێی ڕاپۆرتی كۆتاییان دەكەین، بۆ ئەوەی بە زووترین كات پڕۆسەكە بچێتە بواری جێبەجێكردنەوە.
هەروەها ئاراس فوئاد، گوتیشی: بەپێی ئەو گرێبەستانەی ئەنجاممان داون، هیچ شارەوانی و شوێنێك لە هەرێمی كوردستان نییە، كە گرێبەستی بۆ ئەنجام نەدرابێت؛ سەرجەم شارەوانییەكان ڕێكار و كارەكانیان بۆ ڕێكخراوە و بە هەمان شێوە و سیستەم لە زبڵ و خاشاك خاوێن دەكرێنەوە. لە كاتێكدا حکومەتی هەرێمی كوردستان، جگە لە شوێنە بازرگانییەکان، هیچ بڕە پارەیەک لە بەرانبەر کۆکردنەوە و چارەسەرکردنی زبڵ و خاشاک وەرناگرێت و وەک خزمەتگوزارییەکی خۆڕایی پێشکەشی هاووڵاتیانی دەکات.
لەپێناو پاراستنی ژینگەشدا، پلانی ئایندەی حکومەتی هەرێمی كوردستان ئەوەیە، شێوازی چارەسەرکردنی زبڵ و خاشاک بگۆڕێت و وا بکات دووبارە بەکاربهێندرێنەوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.