Erbil 38°C یەکشەممە 19 کانوونی دووەم 14:26

حەوت زانکۆى کوردستان یاداشتنامەى لێکتێگەیشتنیان ئیمزا كرد

کوردستان TV
100%

لە چوارچێوەی بەرنامەی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، ئه‌مڕۆ دووشه‌م هەریەک لە زانکۆکانى (کۆیە، سۆران، گەرميان، زاخۆ، هەڵەبجە، ڕاپەڕين و چەرموو) یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنیان وەک نەخشەڕێگای کارکردنیان ئیمزا کرد.

ئەمڕۆ دووشەم بە سەرپەرشتى و ئامادەبوونى د. ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە ڕێوڕەسمێکدا لە زانکۆى کۆیە یاداشتنامەى لێکتێگەیشتن لە نێوان حەوت زانکۆى کوردستان ئیمزا کرا.

لە ڕێوڕەسمەکەدا کە سەرۆک زانکۆکانى (کۆیە، سۆران، گەرميان، زاخۆ، هەڵەبجە، ڕاپەڕين و چەرموو) ئامادەبوون، لە وتەیەکدا وەزیرى خوێندنى باڵا ڕایگەیاند: دەستپێشخەرى ئەم حەوت زانکۆیە دەبێتە چوارچێوەیەکی گرنگ بۆ هەماهەنگی لە بوارەکانی کار و چالاکی زانستی و ئەنجامدانی کۆنفرانس و هەماهەنگی لە کردنەوەی خوێندنی باڵا و سوودوەرگرتن لە ژێرخان و تونا مرۆییەکانی نێوان زانکۆکان و ئاڵوگۆڕی مامۆستایان و خوێندکاران و کاری پێکەوەیی بۆ بەدەستهێنانی گرێنتی نێودەوڵەتی، هەروەها ئەنجامدانی چالاکی هونەری و کەلتووری و وەرزشى و ڕەخساندنى زەمینەی توێژینەوەی زانستی هاوبەش.

د. ئارام محه‌مه‌د قادر گوتیشى: ئەم هەنگاوە لەسەر ئاستی نەتەوەیی گرنگە بۆ پێکەوە بەستنەوەی زیاتری ناوچاکانی کوردستان لە زاخۆوە تا خانەقین، هەروەها ئەم دەستپێشخەرییە یارمەتیدەر دەبێت بۆ ئەوەی هەر زانکۆیەک ناسنامەی زانستی خۆی بپارێزێت و لایەنی بەهێزی ناسنامەی زانستی خۆی بەهێزتر بکات، بەڵام دواتر هەموو زانکۆکان دەتوانن لەلایەنە بەهێزەکانی یەکدی سوودمەند بن، ئەمەش کاریگەری پۆزەتیڤی دەببێت لەسەر ئاراستەی وەبەرهێنان لە زانکۆکان و ڕەچاوکردنی دووبارەنەکردنەوەی وەبەرهێنان لەیەک بواردا، بەڵکو ئاراستەی وەبەرهێنان لەژێرخان و تاقیگە زانستییەکان فرەجۆرتر دەبن.

یاداشتنامەى لێکگەیشتنى نێوان حەوت زانکۆى کوردستان بۆ ماوەی پێنج ساڵ کاری پێ دەکرێت و دەشکرێت لە دوای ئەو ماوەیە بە ڕێککەوتنی لایەنە بەشداربووەکان درێژ بکرێتەوە.

ئامانج لە ئیمزاکردنى ئەم یاداشتە ئەنجامدانی کار و چالاکیی زانستیی هاوبەش، دروستکردنی زەمینەی هاوکاری پێویست بۆ کردنەوە و بەڕێوەبردنی خوێندنی باڵا (دبلۆمی باڵا، ماستەر و دکتۆرا)، ئەنجامدانی توێژینەوەی زانستی هاوبەش، سوودوەرگرتن لە تاقیگەکانی یەکتر و ئاڵوگۆڕی قوتابی و ستافی ئەکادیمی لە چوارچێوەی ئەو بەرنامانەی کە لە داهاتوودا لەسەری ڕێک دەکەون، هەروەها پرۆگرامی هاوبەشی بەدەستهێنانی پاڵپشتی دارایی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.