Erbil 38°C یەکشەممە 19 کانوونی دووەم 17:13

خه‌ڵاتی ئیراده‌ و شكۆ به‌خشرایه‌ هونه‌رمه‌ند نه‌رمین كاوانی

کوردستان TV
100%


دوای ململانێیه‌كی زۆر له‌گه‌ڵ نه‌خۆشیه‌كی سه‌خت، خانمه‌ هونه‌رمه‌ندی دیاری بواری نواندن (نه‌رمین كاوانی) له‌ هه‌ولێر، به‌شداری له‌ حه‌وته‌مین خولی فیستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تی سینه‌مای دژ به‌ تیرۆر كرد و وه‌ك ڕێزگرتن له‌ ته‌مه‌نی هونه‌ری و به‌خشش و داهێنانی له‌ كاری شانۆ و سینه‌مایی دا، كه‌مپینی هونه‌رمه‌ندان بۆ سه‌ربه‌خۆیی، قه‌ڵغانی ڕێزلێنانی پێشكه‌ش به‌و هونه‌رمه‌نده‌ كرد، كه‌ ئێستا به‌هۆی خراپی باری ته‌ندروستی و جه‌نگ له‌گه‌ڵ (شێرپه‌نجه‌) دووركه‌وتووه‌ته‌وه‌ له‌ هونه‌ره‌كه‌ی.
(پشتیوان عه‌بدوڵا) ڕێكخه‌ری كه‌مپینی هونه‌رمه‌ندان بۆ سه‌ربه‌خۆیی له‌ ئاخاوتنێكدا ده‌ڵێت: به‌رامبه‌ر به‌و خزمه‌ته‌ به‌رچاوه‌ی وه‌ك ئافره‌تێكی بوێر له‌ شانۆ و سینه‌ما و درامای كوردی دا پێشكه‌شی كردووه‌، بڕیارمدا ڕێز له‌و ته‌مه‌نه‌ پڕ له‌ به‌خششه‌ بگرین، بۆیه‌ له‌ چوارچێوه‌ی چالاكییه‌كانی حه‌وته‌مین فیستیڤاڵی سینه‌مای دژ به‌ تیرۆر، به‌ ده‌ستی گه‌وره‌ هونه‌رمه‌ندی بواری دراما و فیلم مامۆستا (عه‌لی كه‌ریم) خه‌ڵاتی ڕێزلێنانمان له‌ژێر ناونیشانی (شكۆ و ئیراده) به‌خشیه‌ هونه‌رمه‌ند (نه‌رمین كاوانی)، كه‌ به‌داخه‌وه‌ ماوه‌یه‌كه‌ به‌هۆی تووشبوون به‌ نه‌خۆشیه‌كی سه‌خته‌وه‌ دووره‌ له‌ كار و به‌رهه‌مه‌كانی له‌ بواری دراما و سینه‌مادا.
سه‌باره‌ت به‌ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی كاری نواندن و نه‌خۆشییه‌كه‌ی نه‌رمین كاوانی ڕایگه‌یاند: من وازم نه‌هێناوه‌ تا ده‌ست پێ بكه‌مه‌وه‌، بۆ ماوه‌یه‌ك وه‌ستام، سوپاس بۆ خوا ئێستا باشترم، به‌ پێوه‌م و له‌ خۆم ڕاده‌بینم كار بكه‌م، ئه‌گه‌ر كاری باش هه‌بێت، دوای ئه‌وه‌ی كه‌ هه‌ستاومه‌ته‌وه‌ كاریش هاتووه‌ته‌ به‌رده‌ستم، به‌ڵام ڕێك نه‌كه‌وتووم، كاره‌كه‌ باش نه‌بووه‌، یان گرێبه‌سته‌كه‌م به‌دڵ نه‌بووه‌، به‌ڵام ئه‌گه‌ر كاری باش و جددی هه‌بێت، بێگومان ده‌ست پێده‌كه‌مه‌وه‌.
 گوتیشی: به‌رده‌وامم و باشیشم، سوپاس و خۆشه‌ویستیم بۆ بینه‌ره‌كانم له‌ هه‌ر چوارپارچه‌ی كوردستان ده‌نێرم كه‌ به‌ڕاستی قه‌رزباریان كردووم، له‌ هه‌ر شوێنێكی دنیاوه‌ په‌یامێكی خۆشه‌ویستییان بۆ ناردووم، سوپاسیان ده‌كه‌م، به‌ڕاستی كاره‌كه‌یان لای من قورستتر كرد و زانیم كه‌ چه‌نده‌ گرنگم بۆ بینه‌ره‌كانم، بۆیه‌ دڵنیایان ده‌كه‌مه‌وه‌ كه‌ به‌رده‌وام ده‌بم.
ئا- كامران

کولتوور و هونه‌ر

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.